پێویستە جینۆسایدی كورد بە جیهان بناسێندرێت

10:42 - 2025-04-14
عەلی ئەحمەد
229 خوێندراوەتەوە

 رژێمی لە ناوچووی بەعس لە چوارچێوەی پلانێكی بەرنامە بۆ دارێژراودا تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلی كورد لە باشوری كوردستان ئەنجامدا، بە بەكارهێنانی ئەو چەكانەی دەبنە هۆی كۆمەڵكوژیی مروڤ و قڕكردنی ئاژەڵ و باڵندە و ژەهراویكردنی كەرەستەكانی ژیان ، كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لە (16/3/1988) و گۆپتەپە و سێوسینان و دۆڵی بالیسان نموونەی ئەو تاوانەن. 
ئەنفالكردنی (182) هەزار مرۆڤی بێتاوان لە منداڵ و گەنج و ژن و پیاو  بە هەشت  قۆناغ  لە 23ی شوبات تا 6 ی ئەیلولی ساڵی 1988خایاندووە، خاپوركردنی چوار هەزار گوند و چوار قەزا و  3100 مزگەوت و 100 كڵێسا و بە تاڵانبردنی دوو ملیۆن سەر مەڕ و لە ناوبردنی رەز و باخەكانی كوردستان،  بەمەش ژێرخانی ئابووریی كوردستان زیانی گەورەی بەركەوت.
جیاكردنەوەی هەزاران منداڵ لە نازی دایك و باوك و نەمانی سەرۆك خێزان لە بنەماڵەكاندا و پەرتەوازەبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوان لە دۆزینەی كەسوكاریان، دوای كۆتاییهاتنی تاوانەكە لە رووی لۆجستییەوە، جێبەجێكردنی سیاسیەتی بە عەرەب كردن و راگواستن لە ناوچە كوردنشینەكانی وەكو كەركوك و خانەقین و ...هتد كاریگەرییە دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی كۆمەڵكوژی ئەنفال، تاكو ئێستا بەسەر كۆمەڵگەی كوردی و كەسوكاری ئەنفالكراوانەوە دیارە، چونكە قەبارەی تاوانەكە ناوچەیەكی جوگرافیی فراوانی باشووری كوردستانی گرتۆتەوە، دوای رزگاركردنی عیراق لە لایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە و دۆزینەوەی سەدان گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، توانراوە بەشێكی كەمی بهێنرێتەوە خاكی كوردستان. 

 

دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق تاوانی ئەنفال و  كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندووە، حكومەتی عیراقیش كە میراتگری حكومەتەكانی پێشووی خۆیەتی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییەكان شاردۆتەوە

 

دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق تاوانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساندووە، حكومەتی عیراقیش كە میراتگری حكومەتەكانی پێشووی خۆیەتی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییەكان شاردۆتەوە، هەرچەندە پابەندە بە قەرەبووكردنەوەی دەوڵەتی كوێت كە رژێمی بەعس تاوانی دژیان ئەنجدام داوە و پابەندبوو بە پێدانەوەی قەرزەكانی پێشووی حكومەتی عیراق بە ووڵاتان.
سەركردایەتی سیاسی كورد دەتوانێت لە رێگای نوێنەرایەتی و دیپلۆماتكارەكانییەوە لەسەر ئاستی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری لەسەر بكات، چونكە لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا نەتەوەیەكگرتووەكان بێهەڵوێست بوون. 
ئێستا ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە و ئەگەری دروست بوونی دەوڵەت بۆ نەتەوە ژێر دەستەكان كراوەیە، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دووبارە گەڕانەوەی ترامپ بۆ سەر دەسەڵات و لەناوچوونی رژێمەكەی ئەسەد، لەم چوارچێوەیەشدا زەمینەسازی بكرێت جینۆسایدی گەلی كورد لەسەر ئاستی جیهانی وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی جینۆساید بناسرێنرێت، چونكە ئەو نەتەوانەی لە دونیادا جینۆساید كراون، بە هەوڵی سەركردەكانیان تاوانەكە ناسێنرا و بوون بە خاوەنی دەوڵەت. بۆچی كورد نەیتوانیەوە جینۆساید وەك كارتێكی بەهێز بەكاربهێنێت و دۆزی رەوای نەتەوەكەی باشتر بباتە پێشەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. بێگومان ئەمەش پێویستییەكی قۆناغەكەیە بە یەكگرتوویی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و ئەنجامدانی لۆبیی كردن لەناو كەسایەتییە سیاسی و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و بە دامەزراوەیی كردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سوودوەرگرتن لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دێتەدی.                                                        

زۆرێک لە دایکان بێ دیتنەوەی رۆڵە ئەنفالکراوەکانیان، سەریان نایەوە

وتارەکانی نوسەر