رەمەزان و ژینگە

مەرج و رێکارەکان لەم مانگە پیرۆزەدا

09:46 - 2024-04-03
ئەنوەر عەبدولعەزیز سەمین
146 خوێندراوەتەوە

رەمەزان لە رووە ئایینییەکەیەوە وێستگەیەكە بۆ ئارامیی دڵ و دەروون و میشك و لەڕووی تەندروستیشەوە بۆ پاككردنەوەی جەستەی مرۆڤ لە ماددە ژەهراوییەكان، بۆیە وەک مرۆڤ پێویستمان بە رەمەزانێكی ژینگەییە.
ئەم مانگە جیاوازیی گەورە لەخۆدەگرێت لە رێوڕەسمی ئایینی و داب و نەریتی كۆمەڵایەتیدا و ئامانج لە رۆژووگرتنەکە بەهێزكردنی بەها ئاینییەكان و پاككردنەوەی خۆمان و بەرزكردنەوەی ئاستی تەندروستیی جەستەمان و پەرەپێدانی پەیوەندییە مرۆییەكانمانە لەگەڵ سیستمی ژینگەییدا.
ئەوە مەودایەکی زەمەنییە کە تێیدا سەرنجی زیادبوونی رێژەی بەكاربردنیش دەدەین لە خواردن و خواردنەوە و هاوکات دەشبێتە هۆی زیادبوونی بڕی پاشماوە بۆ هەر كەسێك لە رێگەی پێشخستنی گەشەپێدانی ژینگەییەوە.
بۆیە دەبێت هەوڵبدەین بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی كەلتوری ژینگەدۆستییمان کە  پێویستی بە رۆڵێكی زۆر گرنگی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیارییە لە نێوان تاكەكاندا بۆئەوەی هەموان هاوكاربن و بەشداربن لە گرتنەبەری شێوازێكی ژیانی ژینگەدۆستانەدا. 
ئەمە بۆخۆی دڵنیایی ئەوە دەدات كە سەرچاوە ژینگەییەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بە باشترین شێوە بەكاربهێنرێن.
بازاڕكردنێکی ژینگەدۆستانە 
1-دەبێت سەرەتا بیر لەوە بکەینەوە کە لەبری بەكارهێنانی كیسی نایلۆن، لەكاتی بازاڕكردندا توورەكەی قوماش یان جۆرە كیسە و دەفرێک بەكاربهێنین کە توانای دووبارە بەکارهێنانەوەیان هەبێت.
2-بازاڕكردن و كڕینی كاڵاكان بەپێی پێویست بێت و زیادەڕۆیی نەکرێت لە خواردندا تا نەبێتە هۆی زیادبوونی پاشەڕۆكان.
3-زۆرجار خۆراكی ئۆرگانیك تازەتر و باشترە و كۆالێتی بەرزترە بۆیە واباشترە بەرهەمی ئۆرگانیك بکڕدرێت، چونكە مادەی پارێزەر (مواد حافظة)ی تێدا نییە و كەمتر قڕكەری تێدایە و بۆ ژینگە باشترە.
4-كەمكردنەوەی كڕینی خۆراكە دروستکراوەکان، تەنها ئەوە نییە چونکە ئەو جۆرە خۆراكانە سوودی كەمتریان بۆ تەندروستی هەیە، بەهۆی بەستن و خاوبوونەوەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنان و دەردانی گازی ژەهراوی كە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.
5-پاراستنی سەقامگیریی نرخ لە بازاڕدا پەیوەستە بە كەمكردنەوەی كڕینی خۆراكی زیاد لەپێویست.
پاراستنی ژینگەی مزگەوتەكان 
1-یەکێک لە میکانیزمەکانی پاراستنی پاكوخاوێنی مزگەوتەكان، فڕێدانی پاشماوەیە لە شوێنی دیاریكراودا.
2-كەمكردنەوەی بڕی خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر لە ناو مزگەوتەکاندا کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە بەگشتی و ژینگەی مزگەوتەکان بەتایبەتی.
3-كەمكردنەوەی پاشماوەكان و بچووككردنەوەی قەبارەی پاشماوەكان، بۆ نموونە تەنها بچووككردنەوەی قەبارەی دەبەی ئاوی كانزایی یان پەرداخی ئاوی كانزایی بەشێوەی دانانی گڵاسەكان لەناو یەكتریدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی (50 ٪  تا 60 ٪)ی پاشماوەكان.
4-بەكارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی پێویست و زیادەڕۆیی نەکردن تێیدا بەتایبەتی لەكاتی دەستنوێژگرتندا.
5-گۆڕینی رەفتاری نوێژخوێنان و هاموشۆکارانی مزگەوتەکان بەرامبەر بە ژینگە، چونكە پاكوخاوێنی تەنها لە ئەستۆی ژینگەپارێزان و خزمەتگوزاری مزگەوتەکاندا نییە.

 

پاراستنی سەقامگیریی نرخ لە بازاڕدا پەیوەستە بە كەمكردنەوەی كڕینی خۆراكی زیاد لەپێویست

 

دروستكردنی كەلتوری ژینگەدۆستی 
دەکرێت لە خوێندنگە و قوتابخانەکانەوە چالاكیی ژینگەیی جۆراوجۆر پەرەی پێبدرێت و 
چالاكیی هونەریی و وەرزشیی بۆ رێنمایی ژینگەیی جۆراوجۆر بەڕێوەببرێت. 
هەروەک چالاكیی لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و دەروونی و كۆمەڵایەتیدا بەڕێوەبچێت  لەپێناوی دروستكردنی تاكێكی هۆشیار و بە توانا و لێهاتوو لەڕووی ژینگە پارێزییەوە.
دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە
دەکرێت مانگی رەمەزان ویستگەیەكیش بێت بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە كێشان بەوەش دوورخستنەوە و كەمكردنەوەی دەیان نەخۆشی وەكو شێرپەنجە و دڵ و سییەكان 
ئەوە جگە لەوەی دەکرێت دەرفەتی ئەو مانگە بقۆزرێتەوە بۆ وەرزشی دروست و بەهێزكردن و رێكخستنی جەستە  و كەمكردنەوەی كێشی لەش.
کەمکردنەوەی ژاوەژاو و پشێوی
دەشێت لەناو شارە جەنجاڵەکاندا هەوڵبدرێت بۆ بەكارهێنانی پاسكیل و كەمكردنەوەی ئۆتۆمبێل کە دەبنە مایەی ژاوەژاو لەسەر شەقامەكان، یان گرنگی بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بدرێت.
داب و نەریتی ژینگە دۆستی لەماڵدا
مرۆڤ دەتوانێت لەسەر ئاستی ماڵەکەی خۆشیدا داب و نەریتی ژینگە دۆستی پەرەپێبدات  وەک: 
* كەمكردنەوەی بەكاربردن و ریسایكلكردنی كاڵا بەردەستەكان.
*خواردن و خواردنەوەكان بەفیڕۆ نەدرێت تا قەبارەی پاشماوەکان كەم ببنەوە.
*خواردن بەفیڕۆ بەدرێت و ئەو بڕە لێبنرێت و ئامادە بکرێت كە پێویستە و تا نەمێنێتەوە.
* ئەگەر خۆراک مایەوە، لەبری دەفری پلاستیك، لەناو دەفری شووشەدا هەڵبگیرێت باشترە.
*دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردن و پەیڕەوکردنی رێچكەیەكی دروست چ بۆ تاکەکان و چ بۆ خێزانیش.
*بەكارهێنانی مادەی پاككەرەوەی كۆالێتی بەرز و رێژەی كەمتر بۆ پاككردنەوەی كەرەستەی چێشتخانە.
*جیاكردنەوەی پاشماوەكان لە (خۆراك و مادەی پلاستیك و كارتۆن و قوتوی كانزایی و شوشە) و دانانیان لە شوێنی گونجاودا کە دەتوانرێت بكرێتەوە بە پارە.
پاراستنی ماڵ و كۆڵان و شوێنە گشتییەكان 
یەكەم: بەرگرتن بە فڕێدانی زبڵ و خاشاك لەسەر رێگە و شەقامە گشتییەکان.
دووەم: دوورکەوتنەوە لە فڕێدانی هەڕەمەكی زبڵ و خاشاك و پاشماوە لە پارك و باخچەكان و شوێنە گەشتیارییەكاندا و دانانیان لە شوێنی دیاریکراودا.
سێیەم: پاراستنی سەوزایی و سەرچاوەكانی ئاو لە پارك و باخچەكان و گەڕەك و شوێنە گەشتیارییەكاندا.

*ئەندازیاری كشتوكاڵ

رەمەزانان بڕی پاشماوە خۆراکییەکان زیاتر دەبن بەهۆی نەبوونی کەلتوری ژینگە دۆستییەوە

وتارەکانی نوسەر