دووفاقی لە مامەڵەكردندا لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

09:41 - 2024-06-09
پ.د.خالید ئەلعزی*
266 خوێندراوەتەوە

گومانی تێدا نییە بڕیارەكەی ئەم دواییەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كە تایبەت بوو بە بڕیاری دەستگیركردنی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگرییەكەی و چەند ئەفسەرێك، هەروەها دەستگیرکردنی سەركردەكانی حەماس زۆر گرنگ بوو، بۆ كاراكردنی رۆڵی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كە بڕیارێكی دیكەشی دەركرد و تایبەت بوو بە راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە رەفەح.

بڕیارەكان گرنگ بوون
هەردوو بڕیارەكە گرنگ بوون لە چوارچێوەی سەپاندنی یاسا و هەیبەتی دادگای نێودەوڵەتیدا، لە بەرامبەر مامەڵەی دووفاقی هەریەك لە لایەنە بەشەڕ هاتووەكان لە مەیدانی جەنگدا، كە سەرەنجام بووە هۆی كوشتن و راگواستنی دانیشتوانی كەرتی غەزە، كە رووبەڕووی پاكتاوی یەكجارەكی دەبنەوە.
ئەركی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەوە نییە بە مێژووی ململانێی عەرەب و ئیسرائیلدا بچێتەوە و بڕیاری مێژوویی دەربكات و ئیسرائیل و ئەوانەش كە پشتیوانیی لێدەكەن تۆمەتبار بكات بە داگیركردنی فەلەستین، بەڵكو ئەركی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی خێرا و هەنووكەیی بكات بۆ شەڕەكە و بڕیاری بەپەلە بدات بۆ راگرتنی توندوتیژی، كە باجەكەی خەڵكی بێتاوان دەیدات.

ئیدانەی ئیسرائیل
بێگومان بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە ئیدانەی ئیسرائیل و خۆرئاوا و ئەمریكاشی كرد، بۆ گوشار خستنەسەر سەركردەكانی (دوژمن) بوو، لێرەدا پێویستە بوترێت كە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیلی نەخستۆتە تای تەرازوویەكەوە، بەڵكو لەم بڕیارەیدا پشتی بەستووە بە ئیمزایەكی دەسەڵاتی فەلەستینی لەسەر بڕیارێكی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كە رێگە بەو دادگایە دەدات بڕیاری بوێرانە بدات و جیهان تووشی شڵەژان بكات، ئەویش لە رێگەی دابەشبوونی روون و ئاشكرا لە نێوان دژ و لایەنگردا، ئەمەش دەرگا بە رووی پێوەری جیاجیادا دەكاتەوە، كە دەبێ دادگای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

پێوەرەكان
دادگای نێودەوڵەتی یەك دادگایە و هەڵبژاردنی تێدا نییە، دەبێ هەموانیش لایەنگری یاسا بن و خۆیان نەدزنەوە لە سزای ئەو تاوانانەی کردویانە، ئەوكاتە پێوەرەكان یەك پێوەرن و نابنە پێوەری هەڵبژاردە كە بە گوێرەی تێڕوانین و بەرژەوەندیی تایبەت لێكبدرێنەوە.
لێرەوە دەتوانین تێبینی بكەین، كە زۆر لە لایەنەكان پێشوازییان لە بڕیارەكەی دادگای تاوانی پەیوەست بە راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە ناوچەی رەفەح كرد، لەبەرئەوەی بڕیارەكە ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەنگەتاو دەكات، بەڵام هەر ئەوانەش ئەو بەشەی بڕیارەكەیان رەتكردەوە كە لێپێچینەوە لە سەرانی حەماس دەكات، لەولاشەوە شۆكەكە بۆ ئیسرائیل قورس بوو، چونكە دادگا بەرەو دوژمنایەتی (سامی)یەت پەلكێش دەكرێت، تەنانەت ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا شۆک بوون، ویستیان بڕیارێك دەربكەن بۆئەوەی ئەندامانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزا بدەن. 

ئەركی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی خێرا و هەنووكەیی بكات بۆ شەڕەكە و بڕیاری بە پەلە بدات بۆ راگرتنی توندوتیژی،  كە باجەكەی خەڵكی بێتاوان دەیدات

رەتكردنەوەی بڕیاری دژبە ئیسرائیل 
باشە، چۆن ئەم کۆنگریسمانانە بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تاوان دژی ئیسرائیل (منداڵە نازدارەكەی ئەمریكا) رەتدەكەنەوە، بەڵام بڕیاری هەمان دادگایان قبووڵە دژی پوتین؟ بە جۆرێك 132 وڵات ئامادە نەبوون لە فڕۆكەخانەی خۆیان پێشوازیی لێبكەن و وتیان دەستگیر دەكرێت. ئەی چۆن دەتوانن ئەو بڕیارە رەتبكەنەوە دژی سەرانی ئیسرائیل كە تاوانی كۆمەڵكوژی دژی خەڵكی مەدەنی لە غەزە و لەبەردەم شاشە تەلەڤزیۆنەكانیشدا دەکەن. پێدەچێت دادگای نێودەوڵەتی تەنیا بۆ وڵاتانی ئاسیا و روسیا و ئەفریقا كرابێتەوە! 
* تایبەت بە کوردستانی نوێ
لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

وتارەکانی نوسەر