زمــان و دیــالــۆگ

09:31 - 2025-01-23
فەرەیدون سامان
156 خوێندراوەتەوە

فەرەیدون سامان


زمانی کوردی لە خۆرهەڵاتی ناڤین و جیهاندا زمانێکی گرنگە، بەڵام زۆرن ئەوانەی پەییان بەم گەورەییەی زمانی کوردی نەبردووە، زانایانی زمان ئەم زمانە کوردییەی ئەمڕۆ بە رەسەنتر لە تورکی و فارسیی نوێ دەزانن و بە میراتگری راسته‌وخۆی زمانی ئاوێستایی دادەنێن، کە لە رابردووی خۆرهەڵاتی دێریندا کتێبی پیرۆزی زەردەشتییەکان بوو، به‌ تێپه‌ڕبوونی کات و ئاڵوگۆڕی سروشتی و دەستکرد، پرۆسه‌ی ته‌واوکاریی و ساده‌بوونه‌وه‌، گۆڕانکاریی تێدا روویداوە. ئەوەش پێداهەڵدان نییە بە شان و شکۆیدا، ئەوەتا کەسێکی وەکو(جێمس دارمیستێتەر)ی زانای خۆرهەڵاتناسی فەرەنسی، زمانی ئاوێستا بە زمانی مادەکان دەناسێنێت. له‌ هه‌ندێک دۆکۆمێنت و به‌ڵگه‌ی دۆزراوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، وشە کوردییە بەکارهێنراوەکانی ئەمڕۆ ده‌قاوده‌ق به‌کار بردراون و تا ئەمڕۆکەش که‌سی کورد بە باشی و سانایی لێیان تێدەگات، بۆیە وا دیارە دوو زاری یه‌ک زمان بن، کە زمانی مادەکانە. کەچی کەسانێکی رەگەزپەرست نەک ئەمەیان پێ هەرس ناکرێت، بگرە ئەو زمانە کۆنە کوردییەی سه‌رده‌می ماده‌کان بە (فارسیی کۆن) دەناسێنن و وەک هه‌ڵه‌یه‌کیش جێیان لە لای خۆرئاواییه‌کانیش بۆ کردووەتەوە.
زمانی کوردی، سیستەمێکی سەربەخۆ و ناسراوی دەنگ، فۆرم و پێکهاتەی رستەسازیی جیاوازی لەگەڵ  زمانەکانی دیکە هەیە، دەروازەی زانایی تاکی کوردە و هەزاران پەند و سەربردە و ئەفسانە و داستان...هتد، پێداناوە. کەچی داگیرکەرانی کوردستان بەرگەی ئەو راستییە بەڵگەنەویستە دیرۆکییە ناگرن، ئەم راستییە پرشنگدارە ببینن و دەیانەوێت بەری خۆر بە بێژنگ بگرن. بۆ نموونە، نەتەوەی سەردەست وایان داناوە، دەبێت زمانی کوردی دەستەونەزەر لە خزمەتی زمانی ئەواندا بێت، چون هیی ئەوان پیرۆزترین و بێخەوشترین و چی و چیتریینە. 
زمان رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دروستکردنی راستییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵبەتە دیالۆگ بە واتایەکی رەخنەیی، واتە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسساز و چارەسەرنەبووەکان لە کۆمەڵگایەکی کراوەدا، نەک کۆمەڵگای داخراوەکان کە هەمیشە لە رەوشی مۆنۆلۆگدا دەژین و  بڕوایان بە تێزەکانی دیالۆگ نییە، لەو بوارەدا زمانی رەخنە شوێنی شیاوی خۆی دەگرێت، لای فوکۆ ئەو حەقیقەتە کۆمەڵایەتییە بونیاتێکی دیسکۆرسییە(گوتار)ییە لە رێگای زمانەوە، زمان لە رێگای دیالۆگەوە گوتار دەخەمڵێنێ، دیالۆگ و گوتار بنەمای پەرەسەندنی زمانن.
 لە خوێندنەوەی کتێبی(ئارکیۆلوژیای مەعریفە)ی میشیل فوکۆدا، لە بڕگەیەکی نووسینی خۆیدا بەو واتایە دەبێژێت: مرۆڤەکان بە تەنها بکەر و کاراکتەر نین، بەڵکو بەرهەمهێنەری گوتاریشن، بابەت بە تەنێ راستییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە پەیوەستە بەوەی کە چۆن ئەو بکەرانە، شتەکان لە رێگای زمانەوە، دەهێننە هەبوونەوە. خوێندنەوەی کتێبی(ئارکیۆلوژیای مەعریفە) لەم رووەوە سوودێکی زۆری دەبێت. نەک هەر بۆ سیاسییەکانی ئێمە، هەنووکە تەنانەت بۆ زۆرینەی رۆشنبیرانی کوردی بەتایبەت سیاسییەکان لە ئاست زمانی کوردی ئەوەندە خەمساردن و هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە دەڤۆکی خێڵ و بنزاری ناوچەگەرێتی دەرباز بکەن، لە رەوشێکدا باشترین دەقی ئەدەبی یان گوتاری سیاسی بە زاری گوندەکەی یان خێڵەکەی پێشکەش دەکات،  باشترین دەقی ئەدەبی بە دەڤۆکی ناوچەکەی یان شارەکەی دەنووسێت، بە ئاشکراو نهێنی تەنانەت لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا بە شانازییەوە قسە لەسەر سەربەخۆیی و جیاوازیی زارەکانیان دەکەن، لەهەمانکاتدا بانگەشەی نەتەوەسازیی و نەتەوەپەروەری دەکەن، زمانی کوردیش وەک زمانێکی فەرمی یان ستاندارد دەخەنە کونجی پەراوێزەوە، لەکاتێکدا هەر لە رێگای ئەو زمانە ستانداردەیە دەتوانن پەیام و ئامانجەکانی خۆیان بە کۆمەڵانی خەڵک بگەیەنن و لەگەڵ هزرو ئیدۆلۆژییە جیاوازەکانیشدا دیالۆگ بکەن.
تیۆرەکەی هابرماس کە پەیوەستە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەو واتایە دەڵێت:  بۆئەوەی دیموکراسییەت بە تەواوی بەرپا بێت، دەبێت لە رێگای دیالۆگەوە بێت، کە زمان تیایدا رۆڵێکی سەرەکی و گەورە دەبینێت، بەبێ ئەوەی لەم دیالۆگەدا، جیاوازی لە میانی زمانەکانەوە بکرێت.
بەم جۆرە زمان هۆکاری بەیەکگەیشتنی مرۆڤەکانی سەر زەوییە، زمان وێڕای ئەوەی کە هۆکاریی لە یەکگەیشتنە، بەڕێوەبەری هەموو جۆرە سیاسەتکردنێک  و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیشە، زۆرجاریش روویداوە کە خراپ بەکارهێنانی زمان لە گفتوگۆکاندا، هەراوزەنای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوەتەوە، بۆیە سەرەتای دەستپێکردنی هەر بزافتێکی دیپلوماسی، راهێنان و کۆکردنەوەی ئەزموونی زمان و کاریگەرێتییە زمانەوانییەکان لەبەرچاو دەگیرێت، بایەخێکی بەپێز بە پرسی زمان دەدرێت. 
ئەمڕۆ لە کوردستاندا تاک و تەرا نەبێت لە کەسانی دڵسۆزی زمانەکەمان، کەس لە خەمی نییە، بەتایبەت کەناڵە رەسمییەکانی دەسەڵات، هەر لە کایەکانی سۆشیالمیدیاوە بگرە تا دەگاتە فەرمانگەکانی پەروەردەو فێرکردن، مەگەر بە دەگمەن نەبێت ئەگینا جگە لە ئیلیتی ئەدیب و نووسەرانی بە ئەزموون، کەسی دیکە بایەخ بە بەهاکانی زمانی ستانداردی کوردیی نادات، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم کە بە گشتی تاکە میللەتی سەرزەویین کە زمانی دایکی خۆمان لا گرنگ نییە، تەنانەت لەڕووی سیاسییشەوە بایەخی پێنادرێت، هەر بۆ نموونە سەرۆکی پێشووی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی نووسینی کوردی نەیدەزانی و نەیدەتوانی نامەیەک بە زمانی کوردی بنووسێت، گشت نامەکارییە رەسمییەکانی لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکان هەر بە زمانی عەرەبی بوون، دواجاریش ئەو دامەزراوە بەناو زانستییە دەبێتە دامەزراوەیەک یان رێکخراوێکی بێ بەرهەم، لە کاتێکدا دەبوو لە ماوەی سێ دەیەی حکومڕانی کورد لەو هەرێمەدا دامەزراوەیەکی ئەکادیمی زمانی کوردی هەبێت، چونکە رەوشی زمانی کوردی لەگەڵ زمانی نەتەوەکانی دراوسێمان جیاوازە، ئەوان خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەتین و خاوەنی زمانێکی ستانداردن، خاوەنی دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی زمانناسیین و ساڵانەش دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی زانستی لەسەر پرس و ئاریشەکانی زمانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و بگرە سەدان ملیۆن دۆلاریش بۆ پەرەپێدانی زمانی نەتەوەیی خۆیان تەرخان دەکەن.

 

زمانی کوردی، سیستەمێکی سەربەخۆ و ناسراوی دەنگ، فۆرم و پێکهاتەی رستەسازیی جیاوازی لەگەڵ  زمانەکانی دیکە هەیە

 بەر لەچەند ساڵێک وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارێک، زمانی کوردیی بەهەند هەڵنەگرت و لە ئەزموونە گشتییەکانی خوێندنی دواقۆناغی ئامادەییدا، وانەی زمانی کوردیی کردە ئارەزوومەندانە و پشتگوێی خست، لە رووی وەدەستهێنانی پلەی ئەزموونەکاندا، وەک وانەیەکی بێ باوک حسێبی بۆ کرد و و زمانی کوردی نەکەوتە بەر مەرجەکانی پلەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان، لەکاتێکدا نەتەوەکانی دراوسێمان زمانەکانی خۆیان هێندە لا پیرۆز و خۆشەویستە، کردوویانە بە مەرجی سەرەکی ئەم مەودایانە.
 بەداخەوە ئەمە خەمساردییەکی گەورەیە لەوبارەوە دەسەڵات دەینوێنێت، جا لەمبارە ناهەموارەدا زمانی کوردی کە چەندان سەدەیە نەفەوتاوە، ئەوە لەم سەردەمەدا، بە مەبەست یاخود بە سیاسەتی کاڵفامی کەلتوری، وردە وردە زمانەکەمان مۆرانەی نەشارەزایی و نەزانی لێیدەدات و هەموو جەستەی کون کون دەکات.
 لە یەکێک لە کۆنفراسە گەورەکانی تاران لەبارەی پرسی زمان، باس لەوە کراوە کە لە سەرەتادا بۆ داڕشتن و پێشخستنی زمانی فارسی، چەند سوودیان لە فەرهەنگی وشەو زاراوەکانی زمانی کوردی وەرگرتووە، کەچی لە کوردستانی ئێمەدا، بەناو چەندان ناوەندی کەلتوری و دامەزراوەی ئەکادیمی و بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی کوردستان هەیە، گوایە ئامانجیان خزمەتکردن بایەخدان بە زمانی کوردییە و بەڵام لە پراکتیکیشدا هێشتا نەیانتوانیوە ئاریشە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی زمانی کوردی لە کایەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆشیالمیدیا توێژینەوەی زانستی لەسەر بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی زمانی کوردی بدەن، لەم وڵاتەی ئێمەدا تەنانەت لە بۆنە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانیشدا کۆنفرانسێکی زانستی ساڵانەی فراوانیش ناکرێت، بۆ تاوتوێکردنی زمانی کوردی، هاوکات لە زانکۆکانی دونیادا ساڵانە بەرهەم و لێکۆڵینەوەی گرنگ سەبارەت بە زمانی خۆیان دەخەنە ڕوو.
بە گشتی هەموو ئەوانەی لە کوردستان خەریکی کاری زمانەوانین، ئیش لە ناو بونیاتی رێسایی دەکەن و تەنها کار لەناو یاسا و رێسای زمانی کوردیی دەکەن، کەم لەوانەم بینیوە، کار لە ناو لێکۆڵینەوەی گوتاری هونەری زمانی کوردی بکەن، وەک  پەرەسەندنی گوتاری زمانەوانی لە رووی پەیوەندییەکانی زمان بە کۆمەڵگا و سیاسەت و رێبازی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییەوە، دەخوازم بڵێم شیکردنەوەی سۆسیۆلۆگی زمان و بونیاتی مەعریفی و ژینگەی زمان، ئەم سەرەقەڵەمانە  لە ناو ئێمەدا بوونیان نییە، ئەگەر هەشبن زۆر کەمن، ئەمەشیان ئەو راستییە دەسەلمێنێت، بەو پێیەی کە زانکۆکانمان  گەورەترین دەزگای بەرهەمهێنەری مەعریفین، بەڵام لە راستیدا دوورن لە دونیای مۆدێرنە و گوتارە گرنگەکانی دەرەوەی خۆیان.
 لە ئەوروپا لە ماوەی کورت کورتدا بە هەزاران بابەتی تازەی مەعریفی جۆراوجۆر دێتە کایەوە، کە زانکۆکانی ئێمە لێی ئاگادار نین، جا ئەوە لە هەموو بەشەکانی زانستی و ئەدەبییەوە، گەورەترین گرفتاری ئێمە لەوەدایە، توێژینەوەی زمانەوانی و زمانناسیی  هیچ بایەخێکی نەماوە، کەس نازانێ کام دەزگا و کام لایەنی کەلتوری کوردستان، لە رووی کتێب و زمانەکەمان بەڕێوە دەبات؟ لە کاتێکدا من توێژەر و زمانناسیی کوردانی تاراوگە(دیاسپۆرا) و تەنانەت بیانیش دەناسم، ساڵانێکە زۆر بە زانستییانە و ئەکادیمیانە ئیشیان لەسەر زمان و زارە کوردییەکان کردووە، لەوبوارەدا چەندان کتێبی بەهاداری چاپکراویان هەن، بەڵام بەهەر هۆکارێک بێت هێشتا کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەرنەگێڕدراون.
 لە کوردستانی ئێمەدا لە دوای راپەڕین ئەوەی هەبوو هەموویمان لە دەست دا، ئێستاش نەچووە بچێت دەبێ مشووری ئەوە بخۆین تا توێژینەوەی جدی بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان و وەستانی مەعریفە لە کوردستاندا بکەین.

میشێل فۆکۆ

وتارەکانی نوسەر