لەدوای پەیماننامەی لۆزان و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی نەتەوەییدا، بە دژایەتیکردنی کورد و قەدەغەکردنی ناسنامە و کەلتورەکەی دەستیان پێکرد، زمانی کوردی کەوتە بەردەم هەژموونی زمان و کەلتوری نەتەوە سەردەست و زمانە بیانییەکان، زمانی کوردییان لە رەوشێکی سەخت و نالەباردا هێشتەوە، لە ماوەی سەدەیەکدا، بە پلان و ئەجیندای تایبەت کوردی بێ خاوەنیان رووبەڕووی جینۆسایدی کەلتوری کردەوە.
هەبوونی کورد وەک گەلێکی جیاواز و رەسەن لەسەر خاکی نیشتمانی خۆی، لە نێوان وڵاتانی تورکیا و ئێران و عیراق و سوریادادا بەشکرا، هەریەکە لەو دەوڵەتانەی بەشێک لە نیشتمانەکەی کوردیان بەسەردا بەشکرابوو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوای سەدەیەک لە بەزۆر پێکەوەژیانی ناچاری، کە مێژووی نەتەوە ستەمدیدەکان خۆیان دووبارە دەکەنەوە و رووداوە کارەساتبارەکانی کۆمەڵکوژی وەک ئەنفال و کۆچبەری و پاکتاوی نەژادی دیسان سەلماندییەوە کە نەتەوەی سەردەست نەک هەر باوەڕی بە مافە رەواکانی کوردی بندەست نییە، بەڵکو پرسی پێکەوەژیان جگە لە ئەفسانە و درۆیەکی شاخدار هیچیتر نییە، جیاوازی ئیتنیکی و کەلتوری کورد لەگەڵ کەلتوری ئەو سێ نەتەوە دەوڵەتدارە، کە ناسنامەیەکی جیاوازیان لەگەڵ کورد هەیە، لە ئەنجامدا چەندان راپەڕین و یاخیبوونی شۆڕشگێڕانەی بەخۆوە بینی.
نەتەوەی سەردەست سەبارەت بە هۆکارگەلی دەوڵەتداریی مێژوویی و کەلتوری جیاوازی خۆیان کاریگەرییان بەسەر زمانی کوردەوە هەبووە، بۆیە تێگەیشتن لە بۆچوونە کەلتورییەکانی نێوان کورد و ئەوانی دی، بریتییە لە ناسین و زانینی باکگراوندی مێژوویی و زمان و داب و نەریت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییان
لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە ئاماژە بەو هۆکار و خاڵە جیاوازانە بکەین کە نەتەوەی سەردەست سەبارەت بە هۆکارگەلی دەوڵەتداریی مێژوویی و کەلتوری جیاوازی خۆیان کاریگەرییان بەسەر زمان و چاندی کوردەوە هەبووە، بۆیە تێگەیشتن لە بۆچوونە کەلتورییەکانی نێوان کورد و ئەوانی دی، بریتییە لە ناسین و زانینی باکگراوندی مێژوویی و زمان و داب و نەریت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییان، کەم و زۆریش ئەو نەتەوە سەردەستانە هەژموونی داگیرکەرانەیان بە تایبەت لە بواری زماندا، بەسەر زمان و کەلتوری کوردا هەبووە و هەیە، دەکرێت لێرەشدا ئاماژە بەو هۆکارانە بکەین کە زمان و فەرهەنگی کوردی کەوتۆتە بەر هەژموونی زمانە بیانییەکان.
هۆکاری سروشتی و جوگرافی
کوردستان هەرێمێکی جوگرافییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و هەڵکەوتەی جوگرافی خاکەکەشی کە کەوتۆتە نێوان سنووری چوار دەوڵەتی تورک و فارس و عەرەبەوە، لە رووی دیمۆگرافیشەوە، زۆرینەی دانیشتووانی ناو ئەو جوگرافیایە، لە خەڵکی کورد و چەند کەمینەیەکی وەک ئازەری و تورکمان و عەرەب و کلدان پێکدێن. کوردستان لە ئێستاشدا لە چوار پارچەی باکوور (رۆژھەڵاتی باشووری تورکیا)، باشوور(باکووری عیراق)، رۆژھەڵات (رۆژاوای ئێران) و رۆژاوا (باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا) پێکھاتووە. لە مێژوودا کوردستانی سووریش (یەکێتیی سۆڤییەتی جاران) وەک بەشێک لە کوردستان ھەژمار کراوە. مخابن لەسەردەمی ستالیندا، خەڵک و خاکەکەی جینۆسایدکرا، دیاریکردنی سنوورەکانی کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگ و چەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی لە خاکی کوردستاندا باڵادەستن وەکوو یەکەیەکی جوگرافی یان نەتەوەیی دان بە بوونی کوردستاندا نانێن، بەڵکو بە بەشێک لە موڵکی خۆیانی دەزانن و زیاتر بە ناوچە کوردنشینەکان ناوی دەبەن. بۆیە لە روانگەی رامیارییەوە، هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستاندا و خۆبەڕێوەبەریی رۆژاوا لە رۆژاوای کوردستاندا کە دوو حکومەتی خۆبەڕێوەبەری کوردین، کورد بۆ خۆی لەم دوو بەشەی نیشتماندا باڵادەستن، لە ئێراندا پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی غەربی و کرماشان و ئیلام و لوڕستان، ناوچە کوردنشینەکانی خۆراسان و مازەندەران و گیلان، هەر بەتەنێ ئوستانی کوردستان بە فەرمی وەک پارێزگایەکی کوردی ناسراوە. لە تورکیاش باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە رەسمی نەناسراوە و ناوی کوردستان لە تورکیا نایاساییە.
وەک ئەوەی لە زانستنامەی بریتانیادا نووسراوە، رووبەری کوردستان نزیکەی 190000 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت بەڵام (زانستنامەی ئیسلام) دەڵێت، رووبەری 394000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، 192000کیلۆمەتری لە تورکیا، 125000کیلۆمەتری لە ئێران و 65000 کیلۆمەتری لە عێراق و 12000 لە سوریادایە. کوردستان لە ئێراندا پارێزگای کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لەخۆدەگرێت. کوردستان لە عێراقدا بە شەش بەش بەشکراوە، سێ لەوانە و بەشێک لەوانی دیکەش ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. کوردستانی سوریا لە رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە دایە و بەشێکی زۆری کەوتووەتە پارێزگای حەسەکە، شارە گەورەکانی ئەم بەشە قامیشلۆ و حەسەکەیە.
لەسەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا ھۆزەکانی گۆتی، هووری، مانناکان و مادەکان ژیاون، ژینگەی سەرەکی ھۆزی مانناکان، باشوور و رۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ بووە، دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی لە دەوراندەوری ئێستای شاری بۆکان، لە سەردەمی داریوشی سێیەم و ئەسکەندەر، مادەکان ھاتنە ژێر فەرمانی پارسەکانەوە.
هۆکاری ئاینی و ئایدۆلۆژی
عەرەب بە حوکمی ئەوەی دوای هاتنی لەشکری ئیسلام بۆ ناوچەکانی کوردستان، دوای بەرخودان و قوربانی زۆری کورد و تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگای ئیسلامی لە رێگای ئاینە تازەکەیانەوە، لە عیراق و سوریادا کە خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی ئاینین و بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، واتە زمانێکی هاوبەش و کەلتورێکی یەکگرتوو لەنێوانیاندا هەیە، سەدان ساڵیشە خاوەنی دامەزراوەی دەوڵەتن، هەروەها فارسەکان کە لە رووی کەلتوری و مێژووییەوە لەگەڵ کورد تا رادەیەک هاوبەشن، بوونیان لە وڵاتانی ئیران و تاجیکستان و بەشێک لە ئەفغانستان و ئۆزبەکستاندا، قوڵاییەکی مێژوویی زمان و فەرهەنگێکی دێرینیان هەیە، کاریگەرییان بەسەر کەلتوری کوردییەوە هەیە، هەروەها تورک زمان و کەلتوری جیاوازیان لە وڵاتانی تورکیا و ئازەربایجان و بەشێک لە تورک زمانەکانی ئاسیای ناڤین هەیە، هەمان جومگەکانی دەسەڵاتی زمان و کەلتوری خۆیان هەیە. بەرامبەر بەوە کورد لە ماوەی پێنج سەدەی رابردوودا، دوای پەیماننامەی چاڵدێڕان، زۆربەی دەوڵەت و میرنشینەکانی خۆی لەدەستدا، سەرباری تایبەتمەندێتیی زمان و کەلتورە تایبەتەکەی خۆی، بەڵام لەچاو نەتەوە دراوسێیەکانیدا لە پاشەکشێدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو توانەوە و کۆمەڵکوژیەشدا ناسنامە و زمان و کەلتورەکەی خۆی بە زیندوویی هێشتەوە.
ئاینی کوردان کە زۆرینەیان موسڵمانن (سوونە و شیعە)ن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاینی دیکەشیان هەیە وەک (ئێزیدی و یارسان و شەبەک و کەمینەیەکی جوولەکە و مەسیحی) کورد-یش هەن، کوردانی یارسان و ئێزیدی لە رێگای ئاینەکەیانەوە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان پاراستووە و توانیویانە کاریگەریان لەسەر نەریتی کەلتوری کوردا هەبێت. هەبوونی ئاینی یارسان و ئێزیدی لەناو کورداندا بە درێژایی مێژوو هۆکارێکی گرنگ بووە لە پاراستنی کەلتور و زمانی کوردی و ناسنامەی کوردبووندا. بە پێچەوانەی کوردی مسوڵمان کە لەژێر کاریگەریی کەلتوری هاوبەشی ئیسلامدا بە سەدان هەزاریان لێ تواوەتەوە و بوون بە عەرەب و تورک و فارس.
زۆرینەی گەلانی عەرەب، عەرەبی ئاخێوەرن، کتیبی پیرۆزی قورئان هۆکارێکی سەرەکی بووە کە یەکێتیی نەتەوەی عەرەبی پاراستووە و ئاینی ئیسلام بۆتە ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتەکەیان، تورک و فارسەکانیش بە ئاین موسڵمانن و سەرەڕای هەبوونی چەندان ئاینزای وەک سوننە و شیعە لە نێویاندا، کوردیش بە گشتی وەک نەتەوەکانی تر پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکات و بە ئاینزا و رێبازە جیاوازەکانی و چەند کەمینەیەکی ئاینیش وەک ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی و بەهایی و جوو و کریستیان لەناویاندا دەژین. لەماوەی چواردە سەدەی رابردوودا کەمینە ئاینییەکانی کوردستان لەبەردەم پرۆسەی قڕکردندا بوون، هەر بۆ نموونە کوردە ئێزدییەکان رووبەڕووی 74 فەرمانی قڕکردن بوونەتەوە، تازەترین کۆمەڵکوژی ئیزیدییەکانیش لە ئابی 2014 -دا بوو لە شنگال و دەوروبەری.
کورد بە زار و بنزار و دەڤۆکی ناوچە جیاوازەکانی بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانێکی زاگرۆسییە و هەرچەند لای زمانناسان بە زمانێکی هیندی و ئەوروپی ناسراوە. ئەم زمانە کوردییە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پاراستنی ناسنامەی کوردبووندا، سەرەڕای ئەوەش کورد بە ناچاری بۆ کاروباری کارگێڕی و بازرگانی بە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی قسە دەکەن.
هۆکاری داگیرکاری و پاکتاوی نەژادی
کورد بە حوکمی بندەستی و سیستەمی داگیرکاریی، تا رادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی کەلتوری بنەماڵە و خێڵەکی ئەوانی تردا ماوەتەوە، بەتایبەت لە باکوور و باشووری کوردستاندا، کۆمەڵگای کوردی بە زۆری گوندنشین و دەشتنشین و چیانشینن، شارە گەورەکانیان وەک موسڵ و کەرکووک و ئامەد و هەمەدان و تەورێز کەوتنە بەر شاڵاوی سیاسەتی بە عەرەبکردن و تورککردن و فارسکردن.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی لە مێژوودا لە دەوری پێکهاتەیەکی خێڵەکی و فیۆداڵی هاوشێوەی کۆمەڵگا عەرەبییەکاندا سوڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، شارنشینی و مۆدێرن بوون کاریگەریی لەسەر گۆڕانکاریی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. ئەوان بڕوایان بە ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە و بڕوایان بە پلۆراڵیزم (نەتەوەیی، ئاینی و سیاسی) هەیە.
میدیای فرەزمان
کەم و زۆر سۆشیال میدیا کاریگەریی ئەرێنی و نەرینی لەسەر زمان و کەلتوری کوردیدا هەیە، ئەو میدیایانەی لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە ناوەڕۆکی مژارەکانیان بە زمانی بیانییەکان پێشکەش دەکەن، راستەوخۆ باندۆریان بەسەر هەست و هزر و ئاوەزی تاک و کۆی کورددا هەیە، بەتایبەت لە رێگای پێشکەشکردنی گۆرانی و دراما و سینەماوە. هەرچەند کەلەپووری کەلتوری کورد، میراتێکی فەرهەنگی دەوڵەمەند و تایبەتی خۆی هەیە لە ئەدەبیاتی کلاسیک و لەگەڵ هونەرەکانی گۆرانی و مۆسیقا و سەما و جلوبەرگی نەریتی جیاواز، تایبەتمەندیتی خۆی پاراستووە. بۆیە خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی و دانپێدانان یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی. لە سایەی شەپۆلی جیهانگیرییدا خەریکە ئەم نەریت و کەلەپوورەش کاڵ دەبێتەوە.
ئاڵوگۆڕی کەلتوری
بە درێژایی سەدەکان، لە نێوان کورد و نەتەوەکانی تردا، ئاڵوگۆڕی کەلتوریی هەبووە، لە ئەنجامدا ئاڵوگۆڕی داب و نەریت و نەریتی دیارکراو بووە. کورد و عەرەب لە سوریا و عیراقدا ئیسلامیان وەک ئاینێکی هاوبەش پاراستووە. هەرچەندە جیاوازی لە نێوان ئیسلامی سوننە و شیعەدا هەیە، بەڵام ئاین رۆڵێکی گرنگ لە پێکهاتەی کەلتوری هەر دوو نەتەوەدا دەگێڕێت. هەر لەو سۆنگەیەدا بە دەیان بیرمەند و فەیلەسوفی کورد وەک سوهرەوەردی و شارەزووری و دینەوەری و ئیبن جەزری و ئیبن ئادەم و ئیبن خەلەکان و... هتد، خزمەتی گەورەیان بە مرۆڤایەتی بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی کردووە.
بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و پتەوکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان کۆمەڵگای عەرەب و کورد، چەند ئامرازێکی ناوبژیوانیی تێدایە کە دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی کەلتوری و رێزی هاوبەش بەرز دەکاتەوە. ئەمانە چەند رێگایەکی گونجاون کە دەبێت دەسەڵاتی عەرەبی لە عیراق و سوریادا بە فەرمی دانی پێدا بنێن، وەک زمانی کوردی سیستەمێکی سەربەخۆ و ناسراوی دەنگ، فۆرم و پێکهاتەی رستەسازیی کە جیاوازی لە زمانەکانی دی هەیە، کەچی داگیرکەرانی کوردستان بەرگەی ئەو راستییە ناگرن، ئەم رەهاییە پرشنگدارە ببینن، دەیانەوێت بەری خۆر بە بێژنگ بگرن، بۆ نموونە، عەرەبەکان وایان داناوە، دەبێت زمانی کوردی دەستەونەزەر لە خزمەتی زمانی ئەواندا بێت، چون هی ئەوان پیرۆزترین و بێخەوشترین و چی و چیتریینە. دیارە فارس و تورکیش هەمان خەڕەك دەڕێسن.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار.