دیکۆمینت و بەڵگەنامە نووسراوەکان یەکەم سەرچاوەن بۆ هەر توێژینەوەیەکی مێژوویی، شایەتحاڵێکن کە وردەکارییەکانی رووداوە مێژووییەکان لە کات و شوێن و کەسایەتی و بەشەکانی بۆ رۆژگاری ئیستامان دەگوازنەوە
بایەخی ئارشیف و بەڵگەنامە و دەستنووسەکان لای گەلان بەتایبەت ئەو نەتەوانەی دەمێکە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆیانن، پڕ بەهای زانستی هەیە، چونکە هەر لە رێگای خوێندنەوەی مێژووی کۆن و نوێیان، لە ناساندنی جوگرافیای وڵاتەکەیان و ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافییانەی کە سەبارەت بە جەنگ و داگیرکارییەکان رووبەڕووی وڵاتەکەیان بۆتەوە، تەنانەت لەڕووی کەلتوری و فەرهەنگییەوەش باشترین بەڵگەنامە و دیکۆمینتارین بۆ سەڵماندنی ڕەسەنایەتی زمان و ئەدەب و هونەر و کەلەپووری نەتەوەکەیان، بەڵگەنامە کۆنەکان بۆ ناسینی مێژوو بەسوودن و کۆڵەکەیەکی راستەقینەن کە توێژەران پشتی پێ دەبەستن، هەموو ئەو بوویەرانەی کە لە سەدەکانی رابردوودا ئێمە نایزانین، تێیدا دەدۆزینەوە، کە زۆرێک لەو بەڵگەنامانە رووداوە مێژووییەکان پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەمڕۆ سەرەڕای پێشکەوتنی زانستی لە وڵاتانی جیهاندا، هێشتا بایەخی بەڵگەنامە و دەستنووسە مێژووییەکان ماوەتەوە و سەرچاوەی سەرەکی زانیارییەکانن، کە توێژینەوەی زانستی جۆراوجۆری لەسەر دامەزراوە، وەک داب و نەریتی گەلان بەڵگەنامە و کەلەپووری مرۆیی بایەخێکی زۆریان پێدەدرێت، بەدرێژایی سەردەمەکانیش بایەخی دۆکیۆمێنت و دەستنووسەکان بە گەشەی راستەقینەی خەڵک دادەنرێن، چونکە کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایە هەیە کە بە درێژایی نەوەکان، بەها و رەوشت و ناسنامەی خۆیان لێوەردەگرن.
لەو سۆنگەیەوە نزیکترین وڵات کە مێژوو و جوگرافیا و کەلتورێکی هاوبەش لە نێوان ئێمەی کورد و ئەواندا هەبێت، تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبین، هەڵبەت من لێرەدا قسە لەسەر ئارشیف و دەستنووسی کتێبخانە تایبەتی و کەسییەکان ناکەم، کە خاوەندارێتی تاکەکەسن، بەڵکو ئەوانەی لە کتێبخانە گشتییەکاندان، کە زیاتر ئارشیف و بەڵگەنامەی دەوڵەتیین، و سیستەمێکی روونیان هەیە و کتێبخانەکانیان بە شێوەیەکی مەزن و نایاب هاوکاری توێژەران دەکەن، ئەگەر توێژەرەکان که ئامانجی توێژینەوەکەی بسەڵمێنێت دەتوانێت وێنەیەکی داواکراوی به دەست بهێنێت.
لەم روانگەیەوە دامەزراوەی نیشتمانی بۆ دۆکیۆمێنت و ئارشیف بایەخێکی زۆر بە دەستنووس و بەڵگەنامەکان دەدات، چونکە وەک شایەتێکی مێژوویی باس لە رابردوو و ئێستای نەتەوە دەکات، لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی سیاسی بایەخ بە کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامە و دەستنووسەکان دەدەن بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگییەکی دۆکیۆمێنتاری کە رێگا بە توێژەران بدات لە توێژینەوە جۆراوجۆرەکاندا سەیریان بکەن و سوودیان لێوەربگرن، هەر کاتێک باسی ئارشیفخانە و بەڵگەنامە و دەستنووسەکانم بۆ بکرێت، یەکسەر هزر و خەیاڵم بۆ بنکەی توێژینەوەی ژین لە سلێمانی و تەقەلاکانی مامۆستایان رەفیق و سدیق ساڵح دەچێت، چونکە تاکە ناوەندێکی ئەکادیمییە بۆ پاراستنی ئارشیفی دیکۆمینت و دەستنووس و بەڵگەنامەکان، بۆ ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت لەڕووی کەلتورییەوە بەتایبەت ئەو تێکستانەی کە نزیکەی هەزار ساڵێکە بە میرات ماونەتەوە وەک دەقە شیعرییەکانی باباتاهیری هەمەدانی و کتێبی ئایینی سەرەنجامی یارسان... تد، بە زمانی کوردی لەکی و گۆران نووسراون، باشترین بەڵگەنامە و دەستنووسن و سەرمایەی مێژوویین بۆ نەوەکانی ئیستا و داهاتوومان، هەڵبەتە مێژوو بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بەو سەرمایە مەعنەوییە دەبەستێت، بۆیە دەگوترێت ئەگەر سەرمایەکان بزر بن، مێژووی نەتەوەیەک لەدەست دەچێت.
بایەخی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکان
دیکۆمینت و بەڵگەنامە نووسراوەکان یەکەم سەرچاوەن بۆ هەر توێژینەوەیەکی مێژوویی، شایەتحاڵێکن کە وردەکارییەکانی رووداوە مێژووییەکان لە کات و شوێن و کەسایەتی و بەشەکانی بۆ رۆژگاری ئیستامان دەگوازنەوە، بەڵگەنامە تۆمارێکی جێگیری رووداوەکانە لە کاتی روودانەکەیدا بە شێوەیەک کە وردەکارییەکانی بابەتەکە بیپارێزێت لە هۆکارەکانی گۆڕان و زیادبوون و کەمبوونەوە، کە لە ئەنجامی گۆڕانی بیروڕا و رەوتەکان و لێکدانەوەکانی دواکەوتووان و شێواندنەکانیان یان بە مەبەست لە ئەنجامی مەزاجی شەخسی، یان بێ مەبەست لە ئەنجامی نەزانی و فەرامۆشکردن کە سروشتی رۆحی مرۆڤە.
د. مەحمود ئەلماردینی توێژەرێکی كوردی نیوە باكوور و باشوورە و ساڵانێکی زۆر كارمەند بوو لە كتیبخانەی نیشتمانی توركیا لە ئەنقەرە، ئاگادار لە بەڵگەنامەکان لەو کتێبخانەیە، لەو بارەوە دەڵێت کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بایەخی زۆری بە ئارشیف و بەڵگەنامەکانی داوە کە لە جیهانی ئیسلامیدا بێ هاوتا بوون، چونکە بەڵگەنامەکانی عوسمانی مۆدێلی بەڵگەنامەکانی زۆر گرنگ و سوودبەخشن، ماوەیەکی زەمەنی درێژ دەگرێتەوە، دەرکەوتنی بەڵگەنامەکانی عوسمانی بە ئەرشیفی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ دەستی پێکرد، کە 150 ملیۆن بەڵگەنامە و هەروەها دەفتەر و تۆماری هەندێک بەڕێوەبەرایەتی و کتێبخانە کۆنەکانی تێدایە، کە کانێکی دەوڵەمەندی گەنجینەی نێژراو و دەوڵەمەندێکی زانیاریی بەنرخمان نیشان دەدەن. بەدڵنیایی هەر لەو ئارشیفخانە دەوڵەمەندەدا نزیکەی بیست ملیۆن دەستنووس و بەڵگەنامە هەیە، کە تایبەتن بە پرسی کورد و کوردستان. مخابن هێشتا هیچ دەزگایەکی فەرمی و نافەرمی لە کوردستاندا هەوڵی ئەوەی نەداوە ئەو بەڵگەنامانە بۆ زمانی کوردیی وەربگێڕدرێن و تا کەڵکیان لێ وەربگرین.
دەسەڵاتدارانی تورکیا پسپۆڕییەکیان لە زانکۆکانی تورکیادا دامەزراندووە، کە تایبەتە بە وەرگێڕانی بەڵگەنامە کۆنەکان، چونکە ئێستا زمانی تورکی کۆن نەماوە و کەم کەس دەیزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆیە بوونی ئەو جۆرە وەرگێڕانە لەوانەیە سوودێکی زۆری بۆ توێژەران هەبێت. بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد کە پتر لە پێنج سەدە لە ژیر هێژموون و دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆریایەدا بووین.
زمانی کوردی لە بەڵگەنامەکانی وڵاتانی دراوسێدا
ئەو وڵاتانەی دوای پەیماننامەی چاڵدێران و لۆزان ستەمکارانە کوردستانیان بەسەردا بەشکرا، سەرباری نکۆڵی کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، بەردەوامیش بوون لە پرۆسەی جینۆسایدی کەلتوری بەتایبەت توانەوەی زمان و گۆڕانکاریی دیموگرافی لە خاکی بەرفراوانی کوردستاندا و لە سیاسەتی بە تورککردن و فارسکردن و عەرەبکردندا سڵیان نەکردەوە، لە هەمانکاتدا ئەگەر بۆ ئامانجێکی کاتی و قۆناغێکی دیارکراویش بێت وەک مانۆرێکی سیاسی هەوڵیانداوە پرسی کورد بە هەندێ دەسکەوتی سیاسی و مافی کەلتوری چارەسەر بکەن، دواجاریش جگە لە فریودان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک، لە ئەنجامدا پەژیوان بوونەتەوە و حاشاکردن بووە لە بەڵێن و پەیمانەکانیان، هەر بۆ نموونە لە پڕۆژەی قانوونی ئۆتۆنۆمی کورد لە 10ی شوباتی 1922دا کە لەلایەن ئەنجوومەنی بەرزی نیشتمانی تورکەوە لە ئەنقەرەی پایتەخت ئاماژە بە بەندی 15 دەکات، کە مەرجێکی زۆر لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوری دادەنێ و لەوێدا دەڵێ: (زمانی تورکی تاکە زمانی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد دەبێ، لە فەرمانگاکانیشدا هەر دەبێ زمانی تورکی بەکار بهێنرێت). بەڵام زمانی کوردی بۆ خوێندن لە قوتابخانەکاندا بەکاردێت، پارێزگارەکان دەتوانن هانی بەکارهێنانی زمانی کوردی بدەن بەو مەرجەی لە ئایندەدا، داوانەکەن زمانی کوردی ببێتە زمانی رەسمی حکومەت. لە ئەنجامیشدا دوای شکستی شۆڕشەکانی کورد و لە سێدارەدانی سەرکردەکانیان، هەر بە فەرمی لە ساڵس 1925 دەستووری تورکیای نوێدا تا بە ئێستا دەگات زمانی کوردی قەدەغە کرا.
لەسەردەمی سۆڤییەتی جارانیشدا کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئیزیدی لە ئەرمەنستان بوون هەر لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیست خۆشبەختانە دەرگای خوێندن بەڕووی منداڵانی کورد کرایەوە، رێگا بە لە چاپدانی کتێب و دەرکردنی رۆژنامەیەکی وەک (رێیا تازە) درا، هەر لەو قۆناغەشدا تەنانەت کەسایەتی زمانناسی بە بنەچە نەتەوە ئەرمەنی وەک (ئابۆڤیان) رێنووسیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی دانا و دەیانی زانای وەک (قەناتی کوردۆ و حاجی جندی و ئەمینێ عەڤدال و عەرەبی شەمۆ و جاسمێ جەلیل...تد) لەو خوێندنگایەدا دەرچوون و بڕوانامەی باڵایان وەدەست هێنا، گەورەترین خزمەتیان بە زمان و چاند و وێژەی کوردی کرد، لێ مخابن دواجار لە رۆژگاری رەشی دەسەڵاتی ستالیندا، گشت خوێندنگا و چاپەمەنییە کوردییەکان داخران و تەنانەت کەسایەتییەکی مەزنی وەک عەربی شەمۆ بۆ پتر لە نۆزدە ساڵ دوورخرایەوە و رەوانەی سیبیریا کرا.
لە عیراق لە ساڵی 1931 بەو مەرجەی بە ئەندام لە کۆمەڵەی گەلان (عصبة الامم) پەژرێنرا، ئەویش بە دەرکردنی یاسای زمانە ناوخۆییەکان (قانون اللغات المحلیة) کە مەرجە ددان بە زمانی کوردی بنێت و لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و تەنانەت فەرمانگا حکومییەکانی وەک دادگاکان کار بە زمانی کوردی بکرێت. بەڵام تا دەگات بە دەستووری نوێی عیراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس کە بە فەرمی بڕیاردرا زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبی لە هەموو عیراقدا کاری پێ بکرێت، بەداخەوە نەک لە ناوەڕاست و باشووری عیراق کە نزیکەی دوو تا سێ ملیۆن کوردی فەیلی تێدا دەژیت، تەنانەت لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانیشدا بە ئاشکرا دەستووری عیراق پێشیل دەکرێت و دژایەتی زمانی کوردی دەکرێت.
لەکۆماری سوریای عەرەبیش هەمان سیاسەتی پاکتاوی نەژادی لە هەمبەر زمانی کوردیدا پەیرەو کراوە. هێشتا بە رەسمی ددان بە زمانی کوردی و ناسنامەی هاووڵاتیانی رۆژاوای کوردستان نەنراوە. تاکە بەڵگە و دیکۆمێنتێکیش کە ئاماژە بە زمانی کوردی بکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا، لە سەردەمی شۆڕشی سمکۆی شکاک و دواتر کۆماری جوانەمەرگی کوردستان بووە، دەرچوونی چەندان رۆژنامە و گۆڤار بووە بە زمانی کوردی.
لە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، ساڵی 1979ی ئەو وڵاتە لە ماددەی پانزدەدا ئاماژە بە خوێندن لە ناوچە کوردییەکان دەکات لە چوارچێوەی سنوورێکی دیارکراودا، بەڵام لە پراکتیکدا هێشتا زمانی کوردی رووبەڕووی توانەوە بۆتەوە، ئەویش لە رێگای سیاسەتی ناساندندنی زار و بنزارە کوردییەکانی وەک لەک و لوڕ و کەلهور و گۆران وەک زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردیدا، تەنانەت بە تاوانی خوێندن چەندان کەسایەتی وەک موژگان کاووسی و زارا محەمەدی بە زیندان حوکم دراون.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار