مەڵبەندی راپەڕین و دوا مەنزڵی دیداری یەکێتی

10:09 - 2025-04-08
عومەر قادر وسو
158 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک بەشە کاریگەرەکەی کوردایەتی، کە هێشتا لە نیوەی رێگایەو مەسەلەی کورد نەگەیشتۆتە قۆناغی رزگاری نیشتمانی و بەشێک لە مافەکانی کورد بەدی نەهاتوون، «مام» گوتەنی دەسکەوتەکان هێشتا دەڵەمەن، رووبەرێکی فراوانی کوردستان لە ژێر چنگی ناوەنددایە، ئەگەری بەردەوام بوون بەو حاڵەی ئێستاشەوە ئەگەرێکی بەهێز نییە، پێگەو دەسەڵاتی یەکێتی ئەوەی لێ دەخوازێت متمانەی سیاسی و متمانەی جەماوەری خۆی گەشە پێبدات، کار بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش بکات، چونکە دەبێ بزانین هیچ حزبێک تەنها بە دەنگی ئەندامەکانی خۆی و مووچەخۆرەکانی نابێتە حزبێکی بەهێز، لەبەر ئەوە یەکێتی پێویستی زۆری بە پشتیوانی جەماوەری دەرەوەی حزبەکەیە، بۆیە دەبێت خزمەتگوزاریەکان بە یەکسانی  بگەیەنێت بە هەمووان و پێویستە تۆڕەکانی خزمەتگوزاری خەڵک چالاکتر و فراوانتر بکات، چونکە خەڵک پڕۆژە و خزمەتی لێی دەوێ، لەو رێگایەشەوە متمانەی زیاتر بەدەست دێنێت. 

خەڵکی چاوەڕوانی زیاتری لێ دەکات
یەکێتی وەک حزبێک بۆ ئەوە درووست بوو و دامەزرا، بۆ بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانی گەلی کورد و خەڵکیش چاوەڕوانی زیاتری لێدەکات، قۆناغی ئەمڕۆ هەنگاوی خێرا و کاریگەری لێ دەخوازێ، بە هیوای (دیدار) بتوانێ بەشێک لەم خواستانە شەن و کەو بکات و بچەسپێنێت، ئایندەی یەکێتیش پێویستی بە چەند هەنگاوێکی هەنوکەییە لە نموونەی: 
1 - بەر لەهەموو شتێ پێویستە ئاگامان لە وتارەکانمان بێت، دەسکەوتەکان بکەین بە وتار، وتارەکانمان نەکەین بە دەسکەوت. 
2 - ناسنامەی (دوو ئاراستە) بۆ یەکێتیی نیشتمانیی نەگونجاوە، ئەم جۆرە هەڵوێستە رێگرە لە بەردەم گەیشتن بە قۆناغی مەدەنی بوون و تۆخکردنەوەی بڕوا و متمانە بەخشینەوە بە یەکێتی. 
3 - یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، لەگەڵ پارتی پێویستە (هێڵێک) لە نێوان خۆی و پارتیدا بکێشێت، مەبدەئەکانی خۆی بپارێزێت، رێگە نەدا بەو کارانە کە لەگەڵ بیروڕاکانی یەکێتی نەگونجاون و کادر و لایەنگرانی نائومێد دەکات و لە (بەرژەوەندیی خەڵک) نییە، لە هەندێ بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی تایبەت بە هەرێم، چونکە دەنگدەر و پشتیوانانی یەکێتی و جەماوەرەکەی خەڵکی هۆشیار و خوێندەوار و نیشتمانپەروەری راستەقینەیەو دەستەبژێری کوردستانن و گرتنەبەری رێگەی خوار و لابەلا قبوڵ ناکات، لە کۆتاییدا ئاسەواری خراپ لە فیکر و زهنی خەڵکدا جێ دەهێڵێت. 
4  - پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان، عیراق و دەرەوە بەهێز نییە، پێویستە دەرچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان . 
5 - پێویستە حزب لە ناوخۆیدا دیموکراسی بێت کە ئەوە لە ناو یەکێتیدا هەیەو ئازادی رادەربڕین لە ناوخۆی حزبدا زۆر زۆرە.
6 - پەیوەندی حزب و حکومەت پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، ئێستا کادری حکومی هەیە نازانێ یەکێتی چی لێ داوا دەکات. 
7 - پێویستە یەکێتێ بکرێتەوە بە پێکهاتەیەکی حزبی، بەو مانایە لەمەودوا گرنگی بدرێت بە کادری نوخبە کە هەڵگری چەند خەسڵەتێکی حزبی بێت، لە رووی دونیابینی،  شێوازی پەیوەندی کردن و هەڵسوکەوت کردن و ئاگایی و هتد ..، دابەشکردنەوەو دەستنیشانکردن، پەروەردەکردن و راهێنانی کادر، «مام» گوتەنی بێژینگەکە بەکاربێنین. 
8 - مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ توێژێکی زۆر گرنگی وەکو «گەنجان»، لەکاتێکدا کە پێویستیان بە هاوکارییە و تواناکانیان جارێکی تر رێک بخرێتەوە، جگە لەوە مامۆستایان کە پشکۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانن دەبێ هەڵوێست لەسەر رۆڵ و پێگەی گرنگی ئەوان بکرێت . 

بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر
بەهیوای دووەمین دیداری یەکێتی بتوانێ چارەسەر و رێگای دروست بگرێتەبەر، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین متمانەی سیاسی و جەماوەری گەلەکەمان، لەو رێگەیەشەوە بتوانێت لە نوێبوونەوەی یەکێتییەوە بەرەو نوێبوونەوەی کوردستان هەنگاو بنێت و قۆناغی ئێستامان تێپەڕێنێت.

وتارەکانی نوسەر