دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێیوایە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی خێرا بەخۆوەدەبینێت و دەڵێت: بەپێی هەندێك پێشبینی كۆتایی جیهان و شارستانیەتی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەكات، پێوانەی «گۆڕانكاریی خێرا»ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لای ترەمپ، وەك نەتانیاهۆش ئیدیعای دەكات «هەڕەشەی وجودی» سەر كیانی جوولەكەیە.
روئیای ستراتیجیی ئەمریكا لەسەر سێ شت بنیاتنراوە، كە یەكەمیان روبەڕوبوونەوەی ئەو هەڕەشانەیە مەترسی بۆ سەر ئەمریكا دروست دەكەن، چەكی ئەتۆمی بێت، یان فكر و ئایدۆلۆجیا، لەو بارەیەوە بەتایبەت دوای 11ی سێپتەمبەر و حەوتی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆی دادەنێت، دیارە جەرگەی توندڕەوی ئیسلامیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، كە ترەمپ پێیوایە «پرۆسەی كۆتاییهاتنی شارستانیەتی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەكات»، لەبەرئەوە پشتیوانی تەواوی نەتانیاهۆ دەكات.
لە راستیدا ململانێی ئەمریكا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ململانێیەكی شارستانیی خاوەن قووڵایی مێژووییە، رووداوەكانیشی لەسەر گۆڕەپانێكی زەمانی دوورودرێژدا قۆناغ بە قۆناغ تا رۆژگاری ئەمڕۆمان خۆیان نمایش كردووە. عیراق وەكو سەرزەمینی ئایین و لانكەی شارستانیەت، گۆڕەپانێكی سەرەكیی ئەم ململانێیە بووە. ئەمڕۆش زۆر بە زەقی ئەو راستییە لەو رووداوانەدا كە لەسەر خاكەكەی روودەدەن دەبینرێت، ئینجا ئەمە هێرشەكانی ئەمریكا بێت، یان هێرش و پەلاماری دەوڵەتانی دەوروبەری بۆ سەر گەل و خاكەكەی.
عیراق بە حوكمە سروشتییەكەی هەمیشە دژە خۆرئاوایە و لە رووی مێژووییشەوە لانكەی پەیدابوونی رێبەرایەتی مێژوویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە، كە لە كاتە سەخت و دژوارەكاندا دۆڵی دیجلە و فوراتیان بەرەو سەركەوتن و كەناری ئارامی بردووە، لەبەر ئەوە وادیارە عیراق جارێكی دیكە دەكرێتەوە گۆڕەپانێكی سەرەكیی جەنگ و تیایدا هێز و دەوڵەتانی ناوچەكە بەپێی پلانی قووڵكردنەوەی جیاوازییەكان بەگژ یەكتردا دەکرێن.
بەڵام سووڕانەوەی فەلەك و گەیشتنەوەی جەنگەكە بە یەكەمین خاڵ و شوێنی دەستپێكردنی بەر لە 23 ساڵ، كە كوردستان و عیراقی سەرزەمینی میعاد و ئومێدی مرۆڤایەتییە، دواجار دنیایەك موفاجەئەی لێدەكەوێتەوە و ئەزموونی دووەمیش وەكو ئەزموونی یەكەم نابێت، چونكە ئیتر كاتی بووژانەوەی سێیەمە.