هەموو ئاماژەكان دەیسەلمێنن، كە رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست هەموو لایەك دەرچووەو دژ بە ئاراستەی بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل هەنگاو دەنێت. لەبەر ئەوە ئەمریكا هەوڵدەدات رێككەوتننامەیەك، وەكو رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بكات، كە لە بنەمادا كۆڵەكەیەكی جێبەجێكردنی پرۆژەی دابەشكاریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، هەروەك چۆن هەوڵی كودەتا شكستخواردوەكەی 15ی تەمموزی ساڵی 2016ی توركیایش، كۆڵەكەی دووەمی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە دابەشكارییە بوو.
رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی ئێران وەكو عەباس عیراقچی، كە ئێستا وەزیری دەرەوەیە و ئەو كاتە یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بوو باسی لێوە كردووە، لە بنەمادا رێككەوتننامەیەكی ئەمنی بوو. ئامانجەكانیشی شكستپێهێنانی شۆرشی سوریا و قەلاچۆكردنی سوننە بوو لە عیراق، بەڵام دواجار تیایدا سەركەوتوو نەبوون، لەبەر ئەوەش ئەمریكای دۆناڵد ترەمپ رێككەوتننامەكەی لە ساڵی 2018 لەلایەن خۆیەوە هەڵوەشاندەوە. لەلایەكی دیكەیش شكستی كودەتا سەربازییەكەی 15ی تەمموزی توركیا بوو بە خاڵی وەرچەرخانی سیاسەتی توركیا لە رووی دووركەوتنەوە لە ئەمریكا و رووكردنە روسیا.
ئەمڕۆش دوای رووداوی حەوتی ئۆكتۆبەری روحكێش و هەڕەشەی وجوودی سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و رووخانی رژێمی ئەسەد، ترەمپ جارێكی دیكە لەژێر ناوی «رێككەوتننامەی ئەتۆمی» هەوڵی بەخشینی دەرفەتێکی دیکە بە ئێران دەدات، ترەمپ پێیوایە كە «پڕۆسەی كۆتاییهاتنی شارستانیەتی ئەمریكا و خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێدەكات».
لە لایەكی دیكەیشەوە ئەمریكا هەوڵی رازیكردنی ئیدارەی توركیای رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدات وەك كارەكتەرێكی ئیقلیمی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە دابەشكاریی و دەستبەسەرداگرتنەی دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئەمریكا و ئیسرائیل خەریكی جێ بەجێ كردنین.
بەبۆچوونی هەندێک لە شرۆڤەکاران، «ئەمریكا دوێنێی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆی وەكو «ئابووریی و زلهێز» نەماوەو بەیانیشی سووتاوە». هاوپەیمانی ناتۆش، ماكرۆن وتەنی لەسەرەمەرگدایە. ئەمریكا ئیتر ئەوروپا ناپارێزێت، لەبەرئەوە هەوڵی دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تایبەت بە خۆیان دەدەن، بە تایبەت دوای گوشارەكانی ترەمپ بۆ سەر ئۆكرانیا بۆ راگرتنی جەنگ.
ئەوەی ئەمڕۆ لە كەسایەتی ئاوابوونی ئەستێرەی ئەمریكا و خۆرئاوا و رووداوەكانی ناوچەكەماندا دەبینرێت، هەڵوەشانەوەی سیستمی ستەمكاریی جیهانیی و بووژاندنەوەی شارستانیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. جیهان بەرەو سیستمی تاكجەمسەریی خۆرهەڵاتیی هەنگاو دەنێت، لە لایەكی دیكەیشەوە چین و روسیا بكرێنە جەمسەرە دژەكانی.
بەڵام لەبەرئەوەی هەستانەوەكە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە مێژووكردن، پڕۆژەكەیان سەركەوتوو نابێت و فیكر و شارستانیەتی خۆرهەڵات دەبوژێتەوە، نەك شتێكی دیكە. زاراوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێتەوە بە ناوەڕاستی خۆرهەڵات، كە لە رووی جیۆپۆلیتیكی ئاینییەوە چەقەكەی كوردستان و عیراقە و سەردەمێكی تازە دەستپێدەكات.