کۆد و کلیل

منداڵان بێئاگان ئەی گەورەکان چی؟

09:37 - 2025-04-09
پرژە زاهیر جەلال
96 خوێندراوەتەوە

ئیتر وەرزی گەشت و سەیرانە و زیاتر بینەری کۆمەڵێک دیمەنی مەترسیدار دەبین، لەسەر شەقامەکان یاخود لە شوێنە گەشتیارییەکاندا هەندێک لە شۆفێرەکان سەرپێچییەکی زۆر دەکەن، هەرچەندە بەشێکی زۆر لەم دیمەنانە رۆتینی رۆژانەی شەقامەکانی نێو شاریشن، بەڵام زۆر دەبینین کە باوکێک لە کاتی شۆفێریدا منداڵەکەی لە باوەشیدا لە بەردەم سوکانی ئۆتۆمبێلەکەیدا داناوە، یان خاتوونێکی شۆفێر کۆمەڵێک منداڵی پێیە هەریەکەیان بەبێ پشتێن و کورسی سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا یاری و هەڵبەز و دابەز دەکەن.!
هەروەها لەم وەرزەدا زۆرێک لە ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا دەبینین کە کۆمەڵێک پێداویستی سەیران و چەند کەسێکی تەمەن گەورە و منداڵیشی لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا داناوە بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی بۆ پاراستنی گیانیان.
باوترین ئەو دیمەنانەی دەیبینین منداڵانن، کە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان بۆ دابین نەکراوە لەنێو زۆربەی ئۆتۆمبێلەکاندا، وەک ئەوەی کەسێکی زیادەبن لە سوچێکی بچووکدا جێگایان دەکەنەوە یان لەسەر باوەشیان دایاندەنێن، زۆر جاریش منداڵەکان لە پشتی شۆفێر لە جامەکانەوە سەریان دەردەهێنن و خۆیان شۆڕدەکەنەوە تا ئەوەی کە بینیومانە چەندین رووداوی دڵتەزێن بەو هۆکارانە روویانداوە.
یەکێک لەوانە ئەوەیە کە منداڵان کێشیان کەمە و لە کاتی رووداوی هاتوچۆدا هەرزوو لە جامەکانەوە دەپەڕنە دەرەوە، یاخود یاری کردن و دانەنیشتنی منداڵان لەسەر کورسی تایبەتی خۆیان لەناو ئۆتۆمبێلدا، تەرکیزی شۆفێر تێکدەدەن و دەبنە هۆکاری سەرلێشێوان و رووداوی هاتوچۆ، دەبێت بزانین منداڵان ئاگاداری ئەو مەترسییە گەورەیە نین کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا، پێویستە شۆفێرەکان خەمسارد نەبن لە ئاست ئەو مەترسییە گەورەیەدا و چاوپۆشی لە یاساکان نەکەن، جار هەبووە لە کاتی شۆفێریدا لەسەر شەقامێکی خێرای نێو شار منداڵێک لە جامی ئۆتۆمبێلەوە یان بەهۆی کردنەوەی دەرگاکەوە کەوتۆتە خوارەوە و ئۆتۆمبێلی دواتریش بەسەریدا رۆیشتووە و شێلاوێتی، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی شۆفێرەکان سەرپێچی یاسا دەکەن بە کۆمەڵێک شێوە، کورسی تایبەتی منداڵان بەکارناهێنن، پشتێنی سەلامەتی بۆ خۆیان و سەرنشینەکان نابەستن، بە خێراییەکی زیاد لە پێویست لە شوێنی نەگونجاودا شۆفێری دەکەن، بەداخەوە ئەگەر بە وردی تێبینی بکەین ئەو شۆفێرانە هەموو خاڵەکانی دروست بوونی رووداوی هاتوچۆ دەکەن، هەم بۆ خۆیان هەم بۆ گیانی پیادەڕەو و شۆفێرەکانی دیکەش دەبنە جێی مەترسی.
داواکارم لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بە تایبەت شاری سلێمانی، یاساکان توندتر بکەن هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، چۆن کامێراکانی هاتوچۆ شۆفێری تیژڕەو سزا دەدات، بە هەمانشێوە کامێرای تایبەت هەبێت بە سەرپێچی نێو ئۆتۆمبێلەکان وەک نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و نەبوونی کورسی منداڵان و دانیشتن لە پشتی ئۆتۆمبێل، پێویستە سزای ماددی بۆ هەر شۆفێرێک هەبێت کە گیانی خۆی و منداڵان و سەرنشینەکانی ناپارێزێت.

وتارەکانی نوسەر