یەکێک لە جوانترین و پڕ چالاکیترین وەرزەکان بەهارە، تێیدا سروشت بە تەواوی سەوز دەپۆشێت و پڕ رەنگ دەبێت، دەنگی باڵندەکانیش دیسان چێژێکی تایبەتتر بە دیمەنە دڵڕفێنەکەی بەهاری کوردستان دەبەخشن.
وەک دەزانین لەگەڵ هاتنی بەهاردا، وەرزی سەیران و گەشت بە شێوەیەکی چڕ دەستپێدەکات، لە رۆژانی ئاسایی و پشووەکاندا سەیرانگە و شاخ و دەشتەکانی کوردستان بە گشتی پڕدەبن لە گەشتیار. بێگومان بینینی ئەو هەموو گەشتیارە جێی دڵخۆشییە و هەستی زیندوبوونی زیاتر بە وڵاتەکەمان دەبەخشێت، بەڵام هەر لەگەڵ ئەم دیمەنە جوانانەدا، بۆ رۆژی دوایی گەشت و سەیرانەکە، بینەری دیمەنی کارەساتبار دەبین، جێی داخە زۆرینەی گەشتیاران سروشت ناپارێزن و بە تەواوی پیسی دەکەن، پاشماوەی زبڵەکانیان کۆ ناکەنەوە، یاخود زبڵەکان کۆ دەکەنەوە، بەڵام لە جێگەی خۆی جێیدەهێڵن یان بە درەختێکەوە زەرفی زبڵەکە هەڵدەواسن، هەندێکی دیکە لە گەشتیاران بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵدەستن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، لە کاتێکدا هیچ شتێکیان کۆ نەکردۆتەوە لە دوای خۆیان لەسەر مێز و کورسییە گشتییەکان.
بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە لەوەی دوای خۆیان کەس نییە ئەم شوێنە پاک بکاتەوە، ئەگەر هەشبێت کەسانی ژینگە دۆستن، زۆرجار ئۆتۆمبێلی پاککەرەوەی زبڵەکان تا ماوەیەکی زۆر بەو شوێنانەدا تێناپەڕن، لەبەرئەوەی زۆر دوورن لە شار، بەم شێوەیە دوای خۆیان ئەم پاشماوەیە بە چەندین شێوە بە ژینگەدا بڵاودەبنەوە و بۆنی ناخۆش و دیمەنی ناشیرین دروست دەکەن، ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ سوود وەرگرتن لەم پاشماوانە زیاتر زبڵەکان پەرشوبڵاو دەکەنەوە، ئەوەی زیاتر جێی خەمبارییە سووتاندنی درەختە زیندووە گەورەکانە، یان بەجێهێشتنی ئاگر و خەڵوزە کە دەبنە هۆی کەوتنەوەی ئاگری گەورە.
رێگەچارەکان زۆرن بۆ پێشگرتن لە پیسبوونی ژینگە و سووتاندنی، سەرەتا دەبێت هاووڵاتیان هەستی بەرپرسیارێتییان هەبێت کە دەچن بۆ سەیران زبڵەکان لەگەڵ خۆیاندا بهێننەوە و بەجێیان نەهێڵن، زۆر پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بۆ تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان چاودێریی ژینگە و پۆلیسی دارستان دابنێت، ئەوکاتە دەتوانن سزای ماددی هەر هاووڵاتییەک بدەن کە پابەند نابێت بە ژینگە پارێزییەوە، یاخود کورسی و مێزە گشتییەکان ناپارێزن و دەیانشکێنن، ئەگەر سزا و یاسا بۆ هاووڵاتیانی خۆمان هەبێت بێگومان گەشتیارانیش پابەندی پاکوخاوێنی ژینگە دەبن، لەبەرئەوەی گەشتیارانیش بەدەرنین لە پیسکردنی ژینگەکەمان، هەڵبەت ئەوان چاو لە رەفتارەکانی خۆمان دەکەن، ئەگەر خاوێنی بپارێزین و لە سەیرانێکدا لە تەنیشت گەشتیارە بیانییەکانەوە بین، ئەوا گەشتیارەکانیش هەوڵ دەدەن بۆ خاوێن راگرتنی سروشتەکە، یان ئەگەر گەشتیارەکان هەوڵی پیسکردنیاندا ئەوا زوو ئاگاداریان دەکەینەوە لە کارە زیانبەخشەکەیان، کەواتە سروشتی پاک و گەشاوە واتای تەندروستییەکی باش و ژیانێکی سەلامەتە بۆ هەموو لایەک.