هەندێکجار مرۆڤ تووشی رووداوێکی نەخوازراو دەبێت کە چارەسەرکردنی ئاسانە، لە کاتێکدا کەسانی دەوروبەری بە گشتیی زانیارییان هەبێت لەسەر شێوازەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی. ئەم یارمەتییە خێرایە ئەگەر لە کاتی پێویستدا بەکاربێت دەتوانێت گیانی کەسەکە بپارێزێت، تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
چەندین شێوازی فریاگوزاریی سەرەتایی هەیە، هەر یەکێکیان تایبەتە بە رووداوێک وەک، قوتدانی زمان و هەڵگەڕانەوەی کە ئەمە زۆر مەترسیدارە و پێویستە کەسەکە زوو چارەسەری بۆ بکرێت، یاخود گیرانی بۆری هەناسە بە خواردن یان هەر شتێکی دیکە، یان پێوەدانی مار و دووپشک، یاخود سووتانی کەسێک بە هەر هۆکارێک بێت، دەتوانرێت لەم کاتانەدا و لە زۆر حاڵەتی دیکەشدا فریای کەسەکە بکەویت، بەڵام لە هەندێک رووداودا فریاگوزاریی سەرەتایی پێچەوانە و بەبێ کردار کار دەکات، بۆ نموونە پێمان دەڵێت: کاتێک کەسێک تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو یاخود لە جێگەیەکی بەرز کەوتە خوارەوە، باشتر وایە دەستی لێ نەدەین و کەسەکە نەجوڵێنین، بۆئەوەی نەبینە هۆی خراپترکردنی دۆخی و زیاتر زیان نەگەیاندن بە شوێنه شکاوەکانی جەستەی، بەڵکو باشترە زوو پەیوەندی بە ئەمبولانسەوە بکەین، بۆئەوەی پزیشکەکان بە شێوازە دروستەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و زۆر نموونەی دیکەش.
کەواتە فریاگوزاریی سەرەتایی بەشێکی زۆر گرنگی ژیانی رۆژانەیە، لەبەرئەوەی لە کارەساتی گەورە رزگارمان دەکات.
پێویستە فریاگوزاری بکرێت بە وانەیەکی سەرەکی لە قوتابخانەکاندا، لەبەرئەوەی منداڵەکان فێردەبن لە رووداوی لە ناکاودا فریای خێزان و هاوڕێکانیان بکەون بە بچووکترین زانیاریش بێت، هەروەها خوێندکاران هەمان ئەو زانیارییەی وەریدەگرن بۆ خێزانەکانیانی باس دەکەن، پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن بەرنامەی تایبەت بەم بوارە پێشکەش بکەن تا هاووڵاتیان بەرچاوڕوون و پڕ زانیاری بن لە دۆخی مەترسیدار و لە ناکاودا تووشی شڵەژان و لە دەستدانی کەسانی ئازیزیان نەبن، بەهۆی نەبوونی زانیاری.
وەک دەزانین چەندین کارەسات روویداوە لەبەر نەبوونی زانیاری، دیارترینیان خنکانە بەهۆی گیربوونی خواردن لە قورگدا، بە تایبەت لە منداڵاندا کە لە تەمەنێکدا هەموو شتێک دەخەنە ناودەمیانەوە، دایک و باوک ئەگەر زانیارییان لەسەر فریاگوزاری سەرەتایی نەبێت و تووشی دۆخێکی وەها ببنەوە ،بێگومان کۆنترۆڵی خۆیان لە دەست دەدەن و دەشڵەژێن، تا منداڵەکەیان دەگەیەننە نەخۆشخانە زۆری پێدەچێت و ئەگەری کارەسات زۆرتر دەبێت، بەڵام ئەگەر چارەسەرەکان بزانن زۆر بە ئاسانی و بە ماوەیەکی کەم دەتوانن دۆخەکە تێبپەڕێنن، فریاگوزارییەکان بۆ هەر دۆخێک پێویستی بە جوڵەیەکی تایبەت هەیە کە ژیانی پێ رزگار دەکرێت، ئێستا کە دنیا پێشکەوتووە گرنگە هاووڵاتیان خۆشیان هەوڵبدەن بە دوای ئەم سەرچاوە فریادڕەسانەدا بگەڕێن و خۆیان فێری فریاگوزارییە سەرەتاییەکان بکەن.