چۆن هەستی کوردبوونمان بەهێزبێت؟

09:48 - 2025-06-12
پرژە زاهیر جەلال
100 خوێندراوەتەوە

تا چەند ساڵێکیش بەر لە ئێستا، تاکی کورد شانازیی بە کوردبوونییەوە دەکرد، ئاڵای کوردستانی لا پیرۆز و خۆشەویست بوو، خاک و خۆڵی ئەم نیشتمانەی وەک گەوهەر دەبینی، تا دەهات ئەم  خۆشەویستییە پەرەی دەسەند تا رادەی بەرگریکردن و گیانفیدایی. 
تاکی کورد ئامادە بوو بە چەک و قەڵەم داکۆکی بکات لە نیشتمان و نەتەوەکەی، چونکە لای زۆربەیان، نیشتمان واتای شەرەف بووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە پۆل پۆل پێشمەرگە و پارێزەرانی خاک روویان لە زیاد بوون دەکرد. بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی ئەم چەند ساڵەی دوایی کورد بکەین لە ناو خۆماندا، ئەوا زۆر بێ هیوا دەبین، لەبەر چەندین هۆکارێک کە خۆمان دروستمانکردووە. 
هەستی نەتەوەیی (کوردایەتی) لە کزبووندایە، ئەگەر نەڵێم لە لەناوچووندایە، لە دەرەوەی خۆشمان بچووک دەکرێینەوە و به سەنگینی نامانبینن. 
جێی داخە بەشێک لە منداڵانی ئەم سەردەمە نوێیە نازانن خۆشەویستی خاک و نیشتمان واتای چییە! چونکە هەموویان بەیانیان لە قوتابخانەکان سروودی نیشتمانی ناڵێنەوە و لەبەریان نییە، تەنانەت زۆربەی گەنجەکانیش دەستیان لە کوردایەتی شتووە.
بەشێکی گەورە ساڵانیش بەشێوەیەک لە کوردایەتی دەدوێن کە پەشیمانییان پێوە دیارە لەوەی لە رابردوودا کردوویانە، لەبەرئەوەی پێیانوایه دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە گەورەیەی سەربەخۆیی بەدەست بێنین، ئەم بێ هیواییە لە خەباتی کوردایەتی، کارەساتە ئەگەر ئەمڕۆ چارە نەکرێت سبەی بە تەواوی لەگەڵ نەوەی داهاتوودا لەناو دەچێت. 
ئەرکی حکومەتە بە فراوانکردنی خۆشگوزەرانییەکان و سەقامگیریی ئابووری و تەندروستی و نیشتەجێبوون و دەستەبەرکردنی هەلی کار و زۆری تر، وابکات تاکی ئەم وڵاتە پابەند بێت بە خاکەکەیەوە و نەتەوەکەشی خۆش بووێت.
خەڵکی کوردستان شایەنی باشترین پاداشتن لەپای ئەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بەرامبەر جەنگ و برسێتی و ئاوارەیی میللەتەکەیان بەخوشیویانە و کردوویانە. 
کاتێک خەڵک دڵخۆش دەبن و لەخەمی نەهاتنی مووچە و نەبوونی نەوت و بایکۆتی قوتابخانەدا نەمێنن، بێگومان دەتوانن خاکیان خۆشبوێت و شانازی پێوە بکەن. 
گرنگە کە سیستمی پەروەردە نوێ بکرێتەوە بە شێوەی کوردی، نەک ئەوروپی و وانەیەکی نەتەوەیی بۆ زیاد بکرێت و تێیدا مێشکیان بەوە پڕ بکرێت کە نەتەوەکەی خۆیان خۆش بووێت و بیپارێزن، فێر بکرێن کوردایەتی چییە و چۆن دەکرێت؟ چۆن بەرگریی بکەین لە ماف و خاکمان؟ پۆشاکی کوردی خانمان و پیاوان چۆن دەپۆشرێ و ناوەکانیان چییە؟ کەسایەتییە دیارە تێکۆشەرەکانی کورد کێ بوون و به چ رێگەیەک خەباتیان کردووە؟ 
چۆن دەکرێت (قەڵەم) وەک چەکێکی بەهێز بەکاربهێنرێت؟ دەبێت بەرامبەر نەیارەکانمان هەڵوێستمان چیبێت کە سوکایەتیمان پێدەکەن؟ یاخود فێر بکرێن بۆچی دوژمنمان زۆرە و هیچ نەتەوەیەکی بەناو برامان نایانەوێت کورد وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت و ئاڵای خۆی هەبێت؟ کاتێک منداڵەکان ئەم وانەیە دەخوێنن ئیتر دەزانن دۆست و نەیار کێیە؟ داهاتوومان بەهێزتر دەبێت، چونکە دڵنیادەبین لەوەی نەوەیەکمان پێگەیاندووە رەگ و ریشەی خۆی دەخاتە پێش هەر وڵات و زمانێکی دیکەوە و شانازی پێوەدەکات.

وتنەوەی سروودی نەتەوەیی، هەستی خۆناسین وەک کورد، لای خوێندکارەکان بەهێز دەکات

وتارەکانی نوسەر