داوا دەکەم ئاژەڵەکان ئازاد بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ ژینگەی خۆیان و دارستانەکان
گرنگە مرۆڤ تەنیا لە خەمی ژیانی خۆیدا نەبێت، بەڵکو خەمێکیش لە ژیانی ئاژەڵان بخوات، بە تایبەت ئەوانەی لەناو باخچەکانی ئاژەڵاندا بازرگانییان پێوە دەکرێت، لەبەرئەوەی ئاژەڵانیش وەک مرۆڤەکان بەشێکی گرنگیی ژیان لەسەر زەوی پێکدەهێنن.
ئەگەر کاتێک تەرخان بکەین بۆ سەردانی ئاژەڵە بەندکراوەکانی باخچەی ئاژەڵان و لە نزیکەوە سەیری دۆخی ژیانیان بکەین، چەند چرکەیەکیش خۆمان بخەینە ئەو شوێن و ژیانەی تێیدان، دڵنیام بەرگەی رۆژێک ناگرین.
بیهێننە پێش چاوتان ئەو ئاژەڵانە لە سروشت و ژینگەی خۆیان بێبەش کراون، هەندێکیان لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە هێنراون و بە زۆرەملێ دانراون لە باخچەیەکدا کە جوگرافیاکەی لەبار نییە، ئەوانیش ئازادییان دەوێت، بەڵام نازانن چۆن تێمان بگەیەنن، رۆژ هەتا نیوەشەو لە قەفەزدا(گەورە بێت یان بچووک) پیاو، ژن و منداڵ پێیان پێدەکەنن و بە گاڵتەجاڕییەوە خواردنی نەشیاویان دەدەنێ، یان شتیان تێدەگرن و ئازاریان دەدەن، دەبێت چ هەستێک بێت؟ چ دەروونێکی شێواویان هەبێت؟!
ئاژەڵان خاوەن هەستکردنێکی بێ وێنەن، دەتوانن بەباشی هەموو بارودۆخە دەروونییەکانی خۆیان و مرۆڤەکانیش تێبگەن و بەپێی ئەوە مامەڵە بکەن. زۆربەیان زیرەکییەکی زۆریان هەیە بۆ تێگەیشتن لە مامەڵەی باش و خراپی مرۆڤەکان و ئەو شتانەی فێریان دەکەن، دەبێت ئەوەش بزانین جۆرێک نەخۆشی دەروونی هەیە لە هەندێک مرۆڤدا کە چێژ لە کوشتن و ئازاردانی ئاژەڵان دەبینێت، ئەمەش کردەیەکی نەشیاوە.
ئەگەر بە تایبەتی باسی باخچەی ئاژەڵان بکەین لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینین ئاژەڵەکان شوێن و خۆراکی زۆر خراپیان هەیە، بۆگەنێکی زۆر لە شوێنەکەیان دێت، لەبەر زۆریی پیسایی و نەبوونی ئاوی خاوێن و درەخت و سەوزایی، هەروەها ئاژەڵەکان زۆربەیان شێتبوون یان بەردەوام بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە یان لە سووچێکدا وەک مردوو پاڵکەوتوون و ئاوڕ لە هاواری یەک مرۆڤیش نادەنەوە، لەبەرئەوەی لە دۆخی دیق کردندان.
داوا ناکەم لە ئاژەڵ دۆستان بە تەنیا، بەڵکو داواکارم لە لایەنی بەرپرس، خاوەنی باخچەکان و هاووڵاتیان بە گشتیی، گەورەیی بنوێنن ئاژەڵەکان ئازاد بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ ژینگەی خۆیان و دارستانەکان، ئێوە یەکەم هەنگاوبنێن بۆئەوەی گەلانی دیکەش چاو لە ئێمە بکەن، تکایە چیتر بەسە بازرگانیکردن بە گیانی بێ زمانەکانەوە، شوێنی ئەوان لە شاری یارییەکاندا بە کۆمەڵێک یاری و چالاکی دیکە پڕبکەنەوە، هەموو شتێک لە ژینگەی خۆیدا جوان و مانادار و گەشاوەیە.