زۆرن ئەو کەسانەی رۆژانە لە سۆشیال میدیادا سەرقاڵی ریکلام و پەخشکردنی ژیانی رۆژانەیانن، لەگەڵ ئەم کارانەشدا هەندێکیان وەک (پسپۆری دەروونی) خەریکی کردنەوەی خولی دەروونین بە شێوەی ئۆنلاین بە بڕە پارەیەکی باش، بەبێ بوونی هیچ بڕوانامەیەک لە بوارەکەدا، وانەکان بە خەڵکی دەڵێنەوە، کۆمەڵێک رێنمایی دەکەن کە خۆیان پەیڕەوی ناکەن و نازانن چییە، وەک: چۆن لەگەڵ خۆم ئاشت ببمەوە؟ چۆن پیاوەکەم بکەم بە ئەڵقەیەک لە پەنجەمدا؟!
ئەم بابەتی خولە دەروونییە لە کۆمەڵگەدا و بەتایبەتیش لای هەندێک توێژەر و پسپۆڕی دەروونی بووەتە جێی مشتومڕ و رەخنە بە «قسەی سەر تەنوور» ناودەبرێن، ئەم جۆرە کەسانە هیچ نهێنییەک نەماوە لە ژیانیاندا، چونکە هەر لەوکاتەوە کە لەخەو هەڵدەستن، لەڕێی مۆبایلە زیرەکەکانی دەستیانەوە دەرگا بۆ هەموو خەڵکی دەکەنەوە، بچنە ماڵ و ژیانیانەوە تا ئەوکاتەی دەخەون، بە تەواوی گیرۆدەی پەخشکردنی ژیان و ریکلام بوون لە هەموو جێیەک، بە شێوەیەک ئەگەر لە نەخۆشخانەش بن یان لە دادگا سەرقاڵی دانیشتنەکانی جیابوونەوە بن، دەبێت گریانەکەیان دوابخەن تا ئەو بەرهەمەی پێیانە ریکلامی بۆ دەکەن، چونکە هیچ کار و بەهرە و کارامەییەکی دیکەیان نییە، جگە لە ریکلامی بەرهەمە خراپ و بێ کوالێتییەکان، هەڵبەت زۆرینەی ئەم کەسانە ژن و مێردن و وەک بزنسێک ئەم کارەیان بۆ ژیانیان هەڵبژاردووە، بەجۆرێک دەبنە ئەکتەر، چەندین خێزان و کچ و کوڕی گەنج بەو ژیانە درۆیەی خۆیان فریوو دەدەن، چونکە وا دەردەکەون لە هیچ شتێکیان کەم نییە و هەمیشە لە سەفەر و خۆشی و کەشی رۆمانسیدان، لە کاتێکدا پێچەوانەکەی راستە، چونکە ئەم جۆرە کەسانە هەمیشە خۆیان بە کەم دەزانن و خەون دەبینن لە سەرووی هەموو کەسێکەوە بن، هەر لەبەر ئەمەشە نرخی خۆیان بە شتە مادییەکانی وەک شوێنی گرانبەها و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و سەفەر و بازاڕی براند..هتد دەبەستنەوە.
لەنێو ئەم کەسانەدا رەگەزی سێیەمیش هەیە و خەریکی هەمان کارن، زۆربەی ئەو ریکلامانەی دەیکەن خۆیان داوای دەکەن و نامە بۆ شوێنەکان دەنێرن، پێیان دەڵێن، گەر پاکەتێک شیرینیمان بۆ بنێرن بە نیوەی نرخ یان بە بەلاش ریکلامتان بۆ دەکەین! ئەم راستییە لە زاری هەندێک خاوەن کارەوە وتراوە کە رۆژانە رووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبنەوە، بەڵام ئەوەی جێی دەستخۆشییە خاوەنی بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکان رەتیان دەکەنەوە و ئامادەنین لەلایەن ئەو کەسانەوە بەرهەمەکانیان بەناوی ریکلامەوە ناشرین بکرێت. گرنگە هاووڵاتیان چاوکراوە بن بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانەی وەک مشەخۆر سوودیان لێ دەبینن، هەڵمەتێک بکەن بۆ بلۆک و ریپۆرتی ئاکاونتەکانیان و چیتر گەورەیان نەکەن، بەم جۆرە چیتر ریکلامێک وەرناگرن و هیچ بەرهەمێکی خراپ و بەسەرچووش بەسەر هاووڵاتیاندا ساخ ناکرێتەوە، ئەوانیش وەک هەر کەسێکی ئاسایی دەچن کارێکی گونجاو بۆ ژیانیان دەدۆزنەوە.