بەشی زمانی کوردی زانکۆی ماردین

د.میکائیل بولبول: لەم بەشەدا، سی مامۆستای هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا وانە دەڵێنەوە

10:04 - 2025-06-11
دیدار
458 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ کەژاڵ ئەحمەد

ئێوارەیەک لە شاری ئامەد، مامۆستا د.میکائیل بولبول- م ناسی، کە مامۆستای بەشی کوردییە لە زانکۆی ماردین و وانەی مۆرفۆلۆجی و رستەسازیی زمانی کوردی دەڵێتەوە، لە دیدارێکدا بەمجۆرە بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دوا: 
-بەشی کوردی لە زانکۆی ماردینی باکووری کوردستان لە ساڵی 2010 دا بە بڕیارێکی حکومی و لەسەر دەستی سەلیم تەمۆ دامەزرا، لەدوای ئەو مامۆستا عەبدولڕەحمان (ئەوڕەحمان)، بوو بە سەرۆکی بەشەکە، دوای ئەویش قەدری یەڵدرم بوو بە سەرۆکی بەشەکە. لە ساڵی 2010 بەشی کوردی دامەزرا و تائێستا لە چالاکییەکانی بەردەوامە.
 *ئێستا بەشی زمانی کوردی چەند مامۆستایان هەیە؟
-زانکۆی ماردین لە بەشی زمانی کوردیدا سی مامۆستای هەیە، هەموویان بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە، بەشێکیان لە بواری زمانناسیدایە، بەشێکیشیان لە بواری ئەدەبیاتی مۆدێرن و هەندێکی دیکەیان لە بواری فۆلکلۆردایە و ئەوانی دی پسپۆڕییەکەیان لە بواری ئەدەبیاتی کلاسیکدایە. مامۆستاکان لە بەشە جۆربەجۆرەکان وانە دەڵێنەوە، هەندێکیان مامۆستای بەشی مێژوون و بەشەکەی ئێمەیش تایبەتە بە زمان و ئەدەبیات. من بۆ خۆم زمانناسیم خوێندووە، پسپۆڕییەکەم لە بواری رستەسازیی و مۆرفۆلۆجیادایە و دکتۆراکەم بە زمانی کرمانجی ژوورووە.

ماوەی 80 ساڵ زمانی کوردی قەدەغە بووە
سەبارەت بە قەدەغە کردنی زمانی کوردی لە تورکیا، پرسیارم لە مامۆستا میکائیل کرد، لە وەڵامدا وتی: 
-پاش ئەوەی بۆ ماوەی 80 ساڵ زمانی کوردی لە تورکیادا قەدەغە بوو، بەڵام کە کرانەوە روویدا، سەرەتا خوێندن بە زمانی کوردی بە تەنیا بۆ خوێندنی ماستەر رێگەپێدراو بوو، ئەم رێگە پێدانە بە خوێندنی باڵا بە زمانی کرمانجیی ژووروو، کاریگەرییەکی سایکۆلۆجی باشی هەبوو بۆ کورد و دەستکەوتێکی گرنگ بوو. بەر لە هەڵگرتنی قەدەغەکە چالاکوان هەبوون خۆیان لە ماڵەوە دەیانخوێند، بەڵام کە رێگە درا بە خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوەندی زانکۆدا ئیدی هێدی هێدی چاندێکی ئەکادیمی لەنێو کوردی باکووردا دروست بوو، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران هەر لە ساڵی یەکەمی خوێندن بە زمانی کوردییەوە هاتنە زانکۆ و زۆربەیان دەرچوون و بڕوانامەی ماستەریان هێنا، ئەمەیش بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەی مامۆستایانی کورد زیاد بێت و بەشەکە خێرا ببووژێتەوە.
* لە کۆلێژی زمانی کوردی پۆلەکانتان چۆن دابەشکردووە؟
-بەشی لیسانس لە زانکۆی ماردین چوار پۆلن، بەشی ماستەریشمان هەیە کە بە زازاکی و کرمانجی ژوورو، خوێندن تێیدا بەردەوامە، تەنیا دوو ساڵیشە بەشی خوێندنی دکتۆرامان هەیە. کۆلێژی زمان لە زانکۆی ماردین لە دوو بەشی کوردیی پێکهاتووە، یەکێکیان فاکەڵتی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردییە، ئەوی دیکەیان بەشی زمان و رۆشنبیریی کوردییە. لە بەشی زمان و ئەدەبیات، چوار پۆلی بەکالۆریۆس هەن، لە بەشی زمان و رۆشنبیریی کوردیشدا ئینستتیوتی زمانی کوردی هەیە کە بەشەکانی ئەدەبیات و رۆشنبیریی کوردی و سریانی و عەرەبیی لەخۆ گرتووە، لەم بەشانە ماستەر و دکتۆرا دەخوێندرێن. حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کە بەشی کوردی زۆر چالاکە لە نێو ئینستتیوتی زمانە زیندووەکاندا و تێیاندا وانەکانی ماستەر و لیسانس و دکتۆرا دەوترێنەوە.

 

ساڵی 2010 بەشی زمانی کوردی دامەزرا و هەر لە یەکەم ساڵییەوە هەزار و پێنجسەد خوێندکاری هەبوو کە زۆربەیان دەرچوون و بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێناوە

 

*دەکرێت هەندێ لە چالاکییەکانی بەشی کوردی زانکۆی ماردین باس بکەیت؟
-لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010-2015) سەدان پانێڵ و کۆنفرانس و کۆڕ و چالاکیی جۆراوجۆرمان رێکخستووە، بەڵام لە -2016ەوە تا ئەمڕۆ هەندێ بەربەست لە رێی چالاکییەکانماندا دروستکراوە، کە بێگومان هۆکارەکەی سیاسییە، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا بە چەند ساڵ جارێک کۆڕێکمان رێکدەخست.
*خوێندکارەکانی بەشی زمانی کوردی کە بڕوانامەیان وەرگرت ئایا ئومێدی دامەزراندنیان لە هەمان زانکۆ یان شوێنی دی دەبێت؟
-ئێمە زۆر کێشەمان هەیە لەم بوارەدا، سەرەتا کە دەستمان پێ کرد باشبوو، بەڵام ئێستا وەک سەرەتا نییە، دە ساڵ زیاترە دەرچوومان زۆرن، کەچی تەنیا دووسەد مامۆستا دامەزراون!  
لەڕاستیدا بڵاوکراوەیەکی رەسمیی زانکۆ و چاپکراوم لەبەردەستدا نییە، بەڵام هێندەی ئاگادارم بەشی لیسانس لە زانکۆی ماردین هەموو ساڵێک 20-25 کەس تێیدا دەردەچن. لە ماستەردا ساڵانە نزیکەی 90-100 خوێندکار بڕوانامە بەدەستدەهێنن. 30-40 لەو خوێندکارانە زازاکین و 60-70 لەو خوێندکارانە بە کرمانجی ژوورو دەدوێن. وانەکان لەو بەشانە بە کرمانجی خواروو (سۆرانی) و بە کرمانجی ژوورو و بە زازاکیی دەوترێنەوە، مامۆستا زولکیفل بە شێوەزاری سۆرانی وانە دەڵێتەوە ماوەیەکیشە مامۆستا شەهاب بەو شێوەزارە(سۆرانی)، وانە دەڵێتەوە کە خەڵکی مەهابادە و تا ئێستایش بەردەوامە.

ئایندەی خوێندکاران لە باکوور، گرێدراوە بە رەوشی سیاسییەوە

*وەک ئاگاداربیت، بەشی زمانی کوردی هەر لە زانکۆی ماردین هەیە، یان لە شار و شوێنەکانی دیکەیش؟
-بەشی کوردی هەر بەتەنیا لە زانکۆی ماردین نییە، لە شەش بۆ حەوت زانکۆی شارەکانی دیکەی باکووردا هەیە، بۆ نموونە: بەشی کوردی لە (زانکۆی بنگۆل) بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا و لیسانس هەیە، کە خوێندن لەو بەشانەدا بە ( کرمانجی ژوورو و زازاکی)یە، هەروەها بەشی کوردی لە (زانکۆی وان) بە تەنیا بۆ خوێندنی ماستەر هەیە. لە (زانکۆی دەرسیم) خوێندنی لیسانس بە کوردییە و بەشی دکتۆرا و ماستەر بە کوردی نین، لە (زانکۆی دیجلە) لە ئامەد (دیاربەکر) دکتۆرا بە کوردییە و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لیسانسیش بە زمانی کوردی لەو زانکۆیە دەخوێندرێت.
د.میکائیل بولبول لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر رەوشی سیاسیی کورد باش نەبێت، ئایندەی خوێندکارانیش لە باکووری کوردستان باش نابێت، لەبەرئەوەی دامەزراندن و ئایندەی دەرچووانی زانکۆکان، بەتایبەتی دەرچووانی بەشی زمانی کوردی، گرێدراوە بە رەوشی سیاسییەوە، ئەگەر رەوشی سیاسی باش بێت، بێگومان ئایندەی خوێندکارانی کوردیش باش دەبێت.

زانکۆی ماردین

بابەتە پەیوەندیدارەکان