سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە

11:01 - 2025-06-12
ئەدەب و هونەر
148 جار خوێندراوەتەوە

نیهاد جامی- فەڕەنسا

لە دەرەوەی ژانری شانۆنامە، ئاخۆ کاتێک ژانرێکی تری ئەدەبی باس لە شانۆ و گرنگیی ئەو هونەرە بکات، دەبێت چ نهێنییەک لەودیوی دنیای شانۆوە بخاتەڕوو؟ هیچ کاتێک ئەو پرسیارەم ئاراستەی خۆم نەکردبوو، تا ئەو کاتەی هەر سێ نۆڤلێتەکەی (دانێل پیناک)م خوێندەوە. هەر یەک لەم سێ نۆڤلێتە سەربە یەک دنیان و ئەگەر خۆمان بەهەڵەدا نەبەین، دەتوانین وەک یەک دەستنووس لەسێ پاکنووسدا ناویان بەرین. نۆڤلێتی یەکەم بەناونیشانی: «سوپاس»، کە چیرۆکی ئەکتەرێکی شانۆییە، وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات زیاتر لە مۆنۆلۆژێکی درێژ دەچێت، چەندین جار وەک شانۆنامە لە فەرەنسا و ئیتالیا نمایش کراوە.
ئەکتەرێک خەڵات وەردەگرێت، لێرەدا پەیوەندیی نێوان ئەکتەر و وشەی «سوپاس» وەک مۆتیڤێک دەردەکەوێت کە بەدرێژایی گێڕانەوەی چیرۆک، ئێمە سوپاسگوزاریی ئەکتەرێک دەبینین، کە سوپاسی خۆی دەخاتەڕوو بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتەوە. ئەو سوپاسە دەچێتە ناو نهنییەکانی نمایشی شانۆیی، تا دەگات بە شێوازی خەڵات وەرگرتن لە فێستڤاڵەکاندا، کاتێک ئەوەی بیر دێتەوە هەست بە ئازار دەکات چونکە دەزانێت پێوەری وەرگرتنەکانی خەڵات چین، کۆی ئەوانەش خاڵی نین لەو کەسەی رۆژی خەڵاتەکە و رێوڕەسمەکە دەیخوازێت، کە دەبێت براوەی خەڵات پابەندی کۆی ئەو سیستمە بێت، لەوەشدا ئەکتەر وەک مرۆڤێک دەزانێت، بووە بە نەریت لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتدا دەبێت سوپاسی خانەوادەکەی و لێژنەی دادوەری و هاورێکانی بکات. هەروەها سوپاسی هەر کەسێک کە ناوەکەی بێتە سەر زمانی و بیناسێت، سوپاسگوزار      دەبێت لەبەرئەوەی وایان کردووە رێز لەشەونخونی و کاری ئەو بگیرێت، لەوەشدا باس لەو وەزیرەش دەکات کاتێک خەڵات دەبەخشێت تەنیا سەیری خۆی دەکات نەک براوەی خەڵاتەکە!

 

گێڕانەوەکە کۆی چیرۆک لەناو وشەی «سوپاس» دا دەهێلێتەوە، کە ئەم وشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر نهێنی و راستییەک ئاماژەی بۆ بکرێت دەبێت زادەی ئەم وشەیە بێت، تەنانەت سوپاس لە ستایشەوە بۆ دەرنەبڕینی ستایشیش، کاتێک باس لەوانە دەکات کە هەرگیز سوپاسیان ناکات. گێڕانەوەکانی کارەکتەر ئەو راستییەی نووسەر بە روونی دەردەخەن، کە مەنەلۆژێکی شانۆیی زیاتر لەسەر شێوازی «شانۆی تاکئەکتەریی»خۆی دەنوێنێت، رەنگە ئێمە ئەو تێکستە خەیاڵمان بەرێتەوە لای شانۆنامەی«گۆرانیی مالئاوایی» چێخۆڤ، بەهۆی ئەوەی ئەکتەرێک باس لە شانۆ و نهێنیەکانی دەکات، بەڵام لە بنەرەتدا تەواو لەو بابەتەوە دوورە، رەنگە هەموو نزیکییەکە هەر لەوەدا بێت کە ئەکتەرێک باس لەشانۆ دەکات، ناوبردنی نزیکیی نێوان ئەو دوو تێکستە بەناو، لە راستیدا ئاکارێکی نووسینە شانۆییە کوردییەکانە، بەوەی ئاسانترین رەخنەیەک کە بگیرێت، تۆمەتبارکردنی تێکستەکانە بەیەکتری. رەنگە بپرسن: ئەی ئێمە بۆچی ئەو نمونەیەمان هێنایەوە؟ ئەو پرسیارە لە شوێنی خۆیدایە و تەنیا مەبەستمان ئەوەیە، ئەوانەی لەو بارەیەوە دەنووسن بتوانن خێرا فرمانە سەپێنراوەکانیان بەسەر تێکستدا یەکلا نەکەنەوە. نووسینی کوردی، بەناوی توێژینەوەوە پڕکراوە لەو فرمانانە، بەتایبەت کاتێک کە دێن قسە لەسەر شانۆنامەی کەلتوری خۆرئاوایی دەکەن. بەهۆی شێوازی گێڕانەوەوە، نووسەر ئەوەی بە پەسند زانیووە ناوی بنێت (نۆڤلێت) نەک (شانۆنامە)، ئەوەش بەتەنیا وەک یەک تێکست کۆتایی نایەت، بۆیە وشەی «سوپاس» دەبێت بە ناونیشانی کتێبێک و لەو روانگەیەوە سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە دەگرێتەخۆی.

لێرەدا ئێمە هەست ناکەین نۆڤلێتێک دەخوێنینەوە، وەک چۆن هەست بەوەش ناکەین لەبەردەم شانۆنامەیەکداین، بەڵکو لەناو خودی ژیان و شانۆداین، وەک ئەوەی لەناو ئەزموونی نووسین و شانۆ و خودی ژیاندا بین

نۆڤلێتی دووەم بەناونیشانی: «ئیتالییەکانی من، تۆماری سەرکێشییەکی شانۆییە» خوێنەر تووشی هیچ دابڕانێک ناکات لەگەڵ نۆڤلێتی یەکەمدا، تەنانەت گێڕەرەوە هەوڵدەدات ئەوەمان وەک دەستنووسێکی تری تێکستی«سوپاس» پێ نیشان بدات، ئەو پاکنووسە وەک جۆرێک لە ئیشکردنەوەیەکی سەرلەنوێ ناو دەبات، لەوەشدا بۆ کۆمەکی خۆی پەنا دەباتە بەر رۆمانی«مەدام بۆڤاری»ی فلۆبێر، بەوەی گەر (فلۆبێر) ئەمجارە ئەو رۆمانە بنووسێتەوە زۆر شت لا دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاتێک لەم نۆڤلێتەدا دەیەوێت تێکستەکە بخاتە سەر شانۆ، نیوەی زیاتری دەسڕێتەوە، لێرەدا ئێمە هەست ناکەین نۆڤلێتێک دەخوێنینەوە، وەک چۆن هەست بەوەش ناکەین لەبەردەم شانۆنامەیەکداین، بەڵکو لەناو خودی ژیان و شانۆداین، وەک ئەوەی لەناو ئەزموونی نووسین و شانۆ و خودی ژیاندا بین. پەیوەندیی راستەوخۆی ژیان لە پاریس و شانۆ وەک هونەر دەبنە مۆتیڤی سەرەکی، تا دەگاتە ئەوەی گوێ لە پرۆگرامی رادیۆ دەگرێت بە زمانی ئیتالی، لێرەدا دەچینە سەر پەیوەندیی ناونیشانی ئەم نۆڤلێتە، ئیتالییەکانی ئەو بریتین لە ژنە ئیتالییەکەی و هاوڕێ ئیتالییەکەی. سەرباری ئەوەی وەک ئاماژەی بۆ دەکات، نیوەی دانیشتوانی پاریس بە ئیتالی قسە دەکەن، بەتایبەت وەک دەرهێنەرەکەی باسی بۆ کردووە، کە شانۆنامەکە لە فێستڤالێکدا نمایش دەکرێت تایبەتە بە ژنانی ئیتالی، ئەوەش پەیوەندیی ئەو سەرکێشییە شانۆییەتی لەگەڵ ئیتالییەکانیدا، وەک لە ناونیشانەکەوە سەرنجمان بۆ لای خۆی رادەکێشێت. ئەم نۆڤلێتەیان وەک پەراوێزێک بۆ نۆڤلێتی «سوپاس» دەردەکەوێت، گێڕەرەوە خودی نووسەری نۆڤلێتەکەیە کە دەیەوێت نواندنی تێدا بکات، باس لەو چوار نمایشەی پێشوو دەکات کە شانۆکارانی پێش ئەو لە چوار نمایشی جیاوازدا کاریان تێدا کردووە.  ئەگەرچی گێرەرەوە خۆی بە رۆماننوس دەزانێت نەوەک شانۆنووس، ئەوەش حەقیقەتی نووسەری ئەو کتێبەیە، بۆیە باس لەوە دەکات نوسەرانێکی زۆری شانۆ هەبوون نواندنیان لە شانۆنامەکانی خۆیاندا کردوە، نموونە دەهێنێتەوە بە (مۆلێر و شکسپیر و تا دەگات بە داریۆفۆ)، لەهەمان کاتدا باس لەو رۆماننوسانە دەکات، شانۆنامەیان نوسیووە، لەوانە: (کامۆ و سارتەر) کە خۆیان نواندنیان لە شانۆنامەکاندا نەکردووە. بۆیە گێرەرەوە«نەوەک نوسەری کتێبەکە»، خۆی بەیەکەم رۆماننوس دەزانێت کە نواندن لە شانۆنامەی خۆیدا دەکات. لەبەرئەوەی ئەم نووسینەی ئێمە بە زمانی کوردییە، بۆیە کەمێک لەو باسە دووردەکەمەوە و ئاماژە بە بابەتێک دەدەم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر نووسەری ئەم کتێبە شانۆکارێکی کورد بوایە، مامۆستایانی بواری رەخنەی ئەدەبیی وا سەیری ئەو کتێبەیان نەدەکرد کە سێ نۆڤلێت بێت، بەڵکو وەک یادداشتنامە و شانۆ سەیریان دەکرد، هەر وەک ئەو قسە قۆشمانەی زۆرجار رووبەرووی خودی خۆمان کراونەتەوە، کە گوایە ژیانی رۆژانە دەنووسینەوە. ئەو لادانە لە قسەکردنمان لەم کتێبەدا بۆ ئەوەیە: رەخنەگران و نووسەرانێکی زۆر، کەمێک فراوانتر سەیری ئەدەب بکەن و بتوانن ئاشنایەتی لەگەڵ تێکست و کتێبی نوێدا پەیدا بکەن.
نۆڤلێتەکە دوای گەیشتنی شانۆنامەکە بۆ سەر تەختەی شانۆ کۆتایی دێت،  کۆی نۆڤلێتەکە بریتییە لەکارکردن لەناو شانۆنامەدا وەک نووسین، دواتر پرۆڤە لەسەر تێکستەکە و تا چوونی بۆ سەر تەختەی شانۆ، سەرباری پەیوەندیی بە ژیانی کەلتوری پاریسییەوە، کۆتایی ئەو نۆڤلێتە دەرگایەکی ترمان بۆ دەکاتەوە تاوەکو گەشت بەناو ئەو دنیا شانۆییەدا بکەین.
 بۆیە نۆڤلێتی سێ یەم بە ناونیشانی: «سوپاس؛ ئیقتیباسێکی شانۆیی»، دەست پێ دەکات. ئەم نۆڤلێتە بەتەواوی لە نووسینی شانۆنامەیەکەوە نزیکە، بە دیمەنی سەر تەختەی شانۆ دەست پێ دەکات. دەتوانین ئەو نۆڤلێتە بە دەستپێکێک بۆ کۆتایی نۆڤلێتی دووەم دابنێین. هەر سێ نۆڤلێتەکە لەبارەی شانۆ و بە دەوری وشەی «سوپاس»دا دەسوڕێنەوە، سوپاس وەک وشە و کردار رووبەرێکی گەورەی ئەو سێ تێکستە یەک بەدوای یەکەدا پێکدەهێنێت کە لە کتێبێکدا کۆبوونەتەوە. تابلۆکانی هیتلەر کە لە «نۆڤلێتی یەکەم»دا باسیان   کراوە، لە«نۆڤلێتی سێ یەم»دا بیرمان دێنێتەوە، هیتلەر ئەو مرۆڤەی ملیۆنەها کەسی بێگوناهی کوشت، کەچی پێشتر خەریکی نیگارکێشان بووە!

 


 ئەوە زانیارییەک نییە گێڕەرەوە پێمانی ببەخشێت، هێندەی کەناڵی پەیوەندیی نێوان نۆڤلێتەکانە و ئەو سێ تێکستە لەیەکتری دانابرێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت وەک زنجیرەیەکی یەک بەدوای یەکدا هاتوو، بیانبینین بۆئەوەی لەکۆتاییدا هەر سێ نۆڤلێتەکە وەک رۆمانی «سوپاس» بخوێنینەوە. 
لە لاپەڕەکانی کۆتاییدا تێدەگەین بۆچی ناونراوە «سوپاس»، ئەو ستایشە پێوەری وەرگرتنی خەڵاتەکانە، جا با خەڵاتەکە وەک رێزلێنان بێت بۆ تەواوی کارەکانی ژیانت. بۆیە دواجار ئەو وشەیە لەستایشەوە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەکی هەڕەشە کە سوپاسی بەرێز بلامارد ناکات، لەبەرئەوەی ئەو کەسەی شایستەی سوپاسە ئەو نییە بەڵکو مرۆڤەکانی دەرەوەی خەڵاتەکانن، مرۆڤگەلێکی پەراوێزی ناو ژیان، ئەوانەی کاری خزمەتگوزاری و مەیگێڕیی ناو مەیخانەکان دەکەن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان