دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج تەواوبوون و گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە خۆی بۆ بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودیە بوو، رایگەیاندووە، دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لەیەکەم قۆناغی گەڕانەوەی حاجیانیدا گەڕاونەتەوە بۆ بەغدا.
گەڕانەوەی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە، سکاڵایەک لە دادگاکە تۆمارکرابوو، بۆ دەرکردنی فەرمانێکی سالاری دژی بڕیارى راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە.
پاش تۆمارکردنی سکاڵاکە، دادگای باڵای فیدراڵی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە زووترینکات بڕیار سەبارەت بەو داواکارییەی پێشکەشیان کراوە بڕیار دەدەن، لەبارەی دەرکردنی فەرمانێکی سالاری سەبارەت بە بڕیارى راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بڕیاردان لەسەر دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دواخرا، بەهۆی ئەوەی سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی دادگای فیدراڵی بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە عەرەبستانی سعودیە بوون.
وەزارەتی دارایی عیراق لەبەر نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، بەهۆی رادەستنەکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی تری ئەمساڵیش نادیارە.