ئەلفای ئەدەبی منداڵان

ئاشناکردن و بازاڕکاریی کتێب و گۆڤاری منداڵان

09:52 - 2025-06-05
ئەدەب و هونەر
105 جار خوێندراوەتەوە

کتێب و گۆڤاری منداڵان، یەکێکن لەو سەرچاوە گرنگانەی لە رۆشنبیرکردن و پەرەپێدانی توانا جۆربەجۆرەکانی منداڵاندا رۆڵی بنچینەییان هەیە و کاریگەریی گەورە دەکەنە سەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی بیر و هزر و خەیاڵ و زمان و کارامەییەکانی تری منداڵان، بەڵام سەرەڕای ئەو گرنگییەش بەداخەوە تا ئێستا نەبووەتە ئەو جێی بایەخەی کە چ لە رووی ناوەڕۆک و رووخسارەوە گرنگی تەوایان پێ بدرێت و نە بە پێێ پێویستیش کار بۆ برەوپێدان و ناساندن و بازاڕکردنیان دراوە.
 دیارە بەشێکی بنەڕەتی ئەم سستییە لە گرنگی پێنەدانی ئەدەبی منداڵاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینەی تا ئێستا ئەدەبی منداڵان و کتێب و گۆڤاری منداڵان لە کەلتوری بیرکردنەوەی تاکەکانماندا بە شتێکی کەم و بچووک و گرنگی پێنەدراو تەماشا دەکرێت، ئیتر ئەم تێڕوانینە لە هەندێ کات و جاردا ناوەندە ئەکادیمیەکانیشی گرتووەتەوە، کە ئەدەبی منداڵان و کتێب و گۆڤاری منداڵان وەک ژانرێکی تایبەت و جێی بایەخ نەبینراوە، بەو پێیەی کە بۆ منداڵانە و زۆرجار بەسادەیی و ساکاری خراونەتە بەردەست، هەروا بەساکاریش سەیرکراوە.
لە دنیای ئێستادا کە بازاڕییکردن و ئاشناکردنی هەر شتومەکێک بەشێکی گەورەی دەکەوێتە سەر ریکلام و ناساندن لە کەناڵە جۆربەجۆرەکانی میدیاوە، بۆچی نابێت کتێب و گۆڤاری منداڵان ئەو لایەنەی ریکلام بۆ کردن و ناساندنی بە منداڵ و خێزان و کۆمەڵگە نەیگرێتەوە؟ 
بۆچی دەبێت زۆربەی ئەم کتێب و گۆڤارانە، نە توانن تەنانەت تێچووەکانیشیان دەستبخەنەوە تا بتوانن بێ منەتانە و بە کوالیتییەکی بەرزتر و گونجاوتر لەگەڵ دنیای سەردەم و قۆناغە جۆربەجۆرەکانی تەمەنی منداڵدا، بە بەرگێکی قەشەنگتر و باشتر و هونەرییانەتر بکەونە بەردەست. نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان لە خەمێکی گەورەی چاپکردن و فرۆشتنی کتێبەکانیاندان، چونکە هەم لە رووی نرخ و هەم لە رووی بازاڕییەوە ناتوانن ژمارەیەکی زۆری وای لێ بفرۆشن کە بتوانن لە رووی کەوالیتی چاپ و دیزاینەوە حەقی خۆی بە بەرهەمەکانیان بدەن، لە کاتێکدا بەشێک لە نووسەران لەسەر ئەرکی خۆیان و بە بەخشین کتێبەکانیان بڵاودەکەنەوە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر جۆر و چۆنییەتی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان دەبێت. زۆر گرنگە و پێویستیشە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، بیر لە ریکلام و بازاڕییکردن بۆ کتێب و گۆڤاری منداڵان بکەنەوە. کتێب و گۆڤاری منداڵان پێویستە بکرێن بە بەشێک لە کەلتوری کۆمەڵگە و لە رێگەی پێشانگەوە، یان کتێبخانەی تایبەت بە ئەدەبی منداڵانەوە، یان لە ریگەی فرۆشگەی قوتابخانەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن و میدیا جۆربەجۆرەکانەوە، پلاتفۆرمی تایبەت بۆ ئەم ژانرە گرنگەی ئەدەب دابنرێت، چونکە بازاڕییکردنی کتێب و گۆڤاری منداڵان تەنها نابێت وەک بازرگانی ببینرێت، بەڵکو هەنگاوێکە بۆباشترکردن لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتی ئەدەبی منداڵان و گەیاندنی کەلتوری خوێندنەوە و هاندانی زیاتر بۆ خوێندنەوە لەڕیی پێشکەشکردنی بەرهەمی باشتر و گونجاوتر و سەردەمی و ستانداردتر، بە منداڵانمان.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان