ئیسماعیل حەمەئەمین
رۆمانی (کتێبفرۆش) یەکێکە لە رۆمانەکانی رۆماننووس و رەخنەگر (سابیر رەشید)، لەسەر ئەرکی رۆماننووس بە بەرگ و دیزاینێکی جوان بڵاوکراوەتەوە. ئەم رۆمانە یەکێکە لەو رۆمانە سەرنجڕاکێشانەی لەم دواییەدا خوێندمەوە. چیرۆکی رۆمانەکە، چیرۆکی (ئۆمێدی کتێبفرۆش)ە لە دونیایەکدا کە سەرتاپای بە دژەکتێب راهێنراوە. دونیایەک ئێمە زۆر پێی ئاشنا نین، لە نهێنی و فێڵەکانی نازانین. تەنانەت لەو رەدەڵ و بەدەڵەکانی تێناگەین کە کتێب فرۆشانی سەر شەقامەکان لەگەڵ کتێبدا دەیکەن، رۆماننووس دەمانباتە ئەو دونیا سەیروسەمەرەیەی کتێب فرۆشانەوە. بەمەش رۆمانەکە توێژێکی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت کە لە هۆشمەندیی ئەدەبی ئێمەدا فەرامۆشکراوە. ئەویش، توێژی کتێب فرۆشانی سەرشەقامەکانن.
دیارە خوێنەری کورد تا ئێستا کە بەر رۆمانی کوردی کەوتووە، بەر چوارچێوەی گشتی بابەتە گەورەکان کەوتووە، بەر بابەتە گشتیەکان کەوتووە وەک: شۆڕش، شکستی گوتاربێژی، حیکمەت فرۆشتنەوە، بوون بە فریشتە و چوونە ناو رەیحانە و تەنانەت بابەتی تەمومژاوی کە زۆرجار نووسەرەکەش خۆی سەری لێ دەرناکات و زۆریتر لەم خەیاڵی بێ سەروبەرە. بەڵام لە رۆمانی (کتێبفرۆش)دا ئێمە لەگەڵ (مرۆڤی سادە) و دونیای ژیانی سادە بەرەنگار دەبینەوە، بێئەوەی گێڕەوەر (رۆماننووس) خوێنەر سەرقاڵ بکات بە حیکمەت فرۆشتنەوە و پێچانی دونیای ریاڵ لە خەیاڵی عیرفانی بێ ناوەڕۆکەوە. نەخێر، رۆماننووس وەک بیۆگرافیستێک دوای ژیانی ئومێد دەکەوێت. دوای چرکەساتە بەختەوەریی و نامورادییەکانی دەکەوێت، بە بێئەوەی یەک وشەی زیادەی بەدوودا بێت. هەربۆیە نابینین رۆحی دەقەکە قورس بێت بە گوتاربێژی دوورودرێژ وەک ئەوەی لە رۆمانی ئەم هەژدە ساڵەی کوردیدا باویەتی. بەمەش گێڕەوەر، زیرەکانە ئێمە دەخاتە بەردەم رووداوەکان و وەسفگەرایی هەستەکانی ئومێد، بێئەوەی زێدەڕۆیی تێدا بکات.
رۆماننووس (سابیر رەشید) پاڵێکمان پێوەدەنێت بۆ ناو رووداوەکان، ئیدی هەر لە بەرگ گۆڕینی کتێبەکانەوە بیگرە، تاوەکو هێنان و بردنی کتێبی قەدەغە لەسەردەمی حزبی بەعسی سەدامییەوە، تاوەکو دەگاتە ململانێی نێوان کتێبفرۆشان، تاوەکو فڕک و هوڕی ئەمن و ئیستخباراتی بەعس بەدەوریاندا... هەموو ئەمانە، هاڕمۆنیەتێکە، چنینێکە، رۆماننووس لێزانانە تۆڕبەندی کردووە، بێئەوەی هیچ یەکێک لەم هێڵە رایاڵکراوانەی رووداوەکانمان لێ ون ببێت.
بەداخەوە هەندێک دەق لەم هەژدە ساڵەی دواییدا، کە بەناوی رۆمانەوە نووسراون، لاوازی ونبوونی رایەڵی کەس و رووداوەکان بەوە دادەپۆشن، گوایە ئەمە پڕ تەلیسم و جادوو و نهێنیە و دەبێت رۆمان وەها بێت!... ئەمجۆرە قسانە هیچیتر نین جگە لەوەی کە نووسەری ئەو دەقانە بێ توانان لەوەی رووداو و گرێچن و پاڵەوانی بەرجەستە بینابکەن، دێن و بەم بە(ئەفسانەیکردنە) پۆزش بۆ لاوازی دەقەکانیان دەدۆزنەوە کە وەک رۆمان بە خوێنەری کوردی دەفرۆشنەوە. هەر بۆنموونە، لەم رۆژانەدا دەستەواژەی خوێنەرێک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سەرنجی راکێشام بەوەی ئەم خوێنەرە دوای خوێندنەوەی یەکێک لەم جۆرە کتێبانەی بەناوی رۆمانەوە بڵاودەکرێنەوە، نوسیبووی: راستی من لە مەبەستی ئەم کتێبە تێنەگەیشتم، ناشزانم ئەم کتێبە بەدیاریکراوی باسی چی دەکات؟!
بە پێچەوانەی ئەم رایە، رۆمانی (کتێبفرۆش) خاوەنی هێڵێکی درامی روونە، تێیدا پڕۆتاگۆنیستی سەرەکی(پاڵەوانی سەرەکی) زەمەنی رۆمانەکە و کات، جووڵە، شوێن و جوگرافیای رووداوەکان، تێدا روون و ئاشکرا و بەرجەستەیە. هەروەها، چیرۆکی سەرەکی تێدا ئاشکرایە و جۆرێکە لە روونخوازی کە هونەری گێڕانەوەی کوردیی پێویستیەتی.
هەمیشە لەمخۆرئاوایەدا کە دەڵێن (رۆمان) یەکەمین پرسیار ئەوەیە، چیرۆکی سەرەکی رۆمانەکەت باسی چی دەکات؟ گەر ئەم وەڵامەت پێ نەبوو، ئەوا بزانە دەقەکەت دەچێتە خانەی هەر ژانرێکەوە بەڵام ناچێتە ژانری رۆمانەوە. (مارسێل رایخ راینسکی 1920-2013،) کە بە پاپای ئەدەبی ئەڵمانی وەسفدەکرێت، لەهەموو بەرنامەکانیدا (چوارینەی ئەدەبی) کە لەگەڵ هاوڕێ رەخنەگرەکانیدا دەستیاندەکرد بە هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانەی رۆمانەکانی بەردەستیان، راینسکی یەکەم رستەی ئەوەبوو( چیرۆکی ئەم رۆمانە باسی چی دەکات...) ئیدی دەکەوتە گێڕانەوەی چیرۆکی سەرەکی رۆمانەکە و پڵۆت و کێشەبەندییەکانی پاڵەوانەکان و تێمای رۆمانەکە. بەداخەوە زۆربەی رۆمانی کوردی ئەم هەژدە ساڵەی دوایی، خوتبەبێژی لێ دەرکەیت، هیچی لێ نامێنێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر گرێچن و تێمای سەرەکی رۆمانەکە، چونکە چەندەها تێماکان تێکترشاون بەسەریەکدا و هەموو پاڵەوانەکان یان بوونەوەری سیحرین یان قاچیان لە هەوردایە یان لەسەر درەختێکن و بە مشار لقەکەی خۆی دەبڕێتەوە و ناشزانێت بۆچی ئەوە دەکات؟! رۆمانی (کتێبفرۆش) بە پێچەوانەی ئەم کەڵەکەبوونە خوتبەبێژییەی ئەم ساڵانەی دوایی ژیانی ئەدەبیمان، زۆر کلاسیکیانە دەست بە گێڕانەوە دەکات و رەدووی هێڵی درامی ژیانی ئومێدی کتێبفرۆش دەکەوێت، بە بێئەوەی ئومێد بەرێتە ناو هەورەوە و سەرە دەزووی رووداوەکانی بەدەستەوە بئاڵۆسکێن. ئەمەش بۆ خوێنەر چرکەساتی خۆشبەختین، چونکە خوێنەر دەتوانێت ئازادانە رای خۆی لەسەر پاڵەوانەکان و رووداوەکان بینابکات، بێئەوەی رۆماننووس ئەو مافەی لێ وەربگرێتەوە و پڕی بکات لە شرۆڤەی خۆی و بیروڕای خۆی بەسەردا بسەپێنێت، وەک چۆن تا ئێستا لە رۆمانی کوردیدا وا باوە، رووداوێکی بچووک روودەدات پاشان دەیەها لاپەڕە تەفسیری فەقیهانە و فەلسەفیانەی بۆشی بەدوودا دێت، بەجۆرێک، دوای بیست لاپەڕە مرۆڤ لەبیری دەچێتەوە چی روویداوە!
سابیر رەشید، پاڵێکمان پێوەدەنێت بۆ ناو رووداوەکان، ئیدی هەر لە بەرگ گۆڕینی کتێبەکانەوە بیگرە، تاوەکو هێنان و بردنی کتێبی قەدەغە لەسەردەمی حزبی بەعسدا
سابیر رەشید لەمەدا زۆر نەرم، زۆر ورد و بەسەلیقە رووداوەکان دەچنێت و ئەو کایە فراوانە بۆ خوێنەر بەجێدێڵێت بۆ شرۆڤەکردنی کەسایەتی ئومێدی کتێفرۆش و مامەڵەی لەگەڵ دەروبەر و ژیاندا.
کەسایەتی (ئومێدی کتێبفرۆش) کەسایەتییەکی لەقە، دووفاقە، هیپۆکرسە، پاتالۆگ و نەخۆش و دوودڵە لەڕووی دەروونیەوە و نازانێت چی دەوێت و نازانێت چی دەکات. ئەمەش بەڕای من خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم رۆمانەیە، ئومێد لەلایەک بڕوای بە مارکسیزم – لینیزم هەیە و لەلایەکی دیکە ناچێتە ناو ریزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە و بە هەقەت خەبات بکات. لەلایەک ئەوەندە پێشکەوتووە کە رازییە لەوە تێبگات سەماکەری نێومەلهاکانی بەغدا جۆرێک نییە لە هەڵبژاردن، بەڵکو جۆرێکە لەجەبرەکانی هەژاریی کە دەیسەپێنێت بەسەر ژناندا. لەلایەکی ترەوە ئەو غایلەیە لە سەریدا خولدەخوات بەوەی، ئەوەی جارێک لەشفرۆش بێت، بۆ ئەبەد لەشفرۆشە... هەربۆیە دەیەوێت بە خۆکوشتنی ژیانی خاتوون تاڵ و نائومێد بکات. هەوڵدانی خۆکوشتنی ئومێد، هەوڵدانی کوشتنی خاتوونە تا ئەبەد، خۆکوشتنی ئومێد تۆڵەیەکە سەختر وەک لە کوشتنی فیزیکی خاتوون خۆی، بەمەش رۆشنبیری کورد ئەو دووفاقیەی بەجۆرێکە کە خۆشی دەکات بەقوربانی دوودڵی و دووڕووییە پەنهانە سایکۆلۆژییەکەی. خاتوون هیچ تاوانێکی نییە پەنای بۆ لەشفرۆشی بردووە، هەروەها هیج تاوانی نییە شووی بە پیاوێک کردووە لەگەڵیدا نادوێت و بەتەنیا لە خانوویەکدا بەجێیهێشتووە. بێگومان هیچ شتێک بۆ ژنەکان لە فەرامۆشکردن سەختر نییە، ئەمەش ئەشکەنجەیەکە ئومێد بەناوی کتێب خوێندنەوە بەرامبەر خاتوون ئەنجامی دەدات.
لەسەرێکی دیکەوە رۆماننووس لەڕێگەی پاڵەوانەکەیەوە، باس سوبێکتێکی هۆشیار، خودێکی هۆشیار دەکات، کە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ دوو بابەتی جێندەری گرنگدا دەکات؛ لەشفرۆشی و تەمەنسزی `ئەیجیزم - Ageism`. بەمانای تەمەنسزی ئەوەیە، وەها دەکات ئەوی بەرامبەر تەمەن بکاتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوی بەرامبەر، تەنانەت سووکایەتی وتانە و تەشەری لەسەر پیری، منداڵی، هەرزەکاری لە ئەوی بەرامبەر بدات، بەڵام ئومێد کاتێک (خاتوون) دەناسێت، خاتوون لەشفرۆشە و دووهەمیان سیانزە ساڵ لە ئومێد بەتەمەنترە. ئومێد بەم ئەقڵیەتە کراوەوە، بەرامبەری جیهان دەبێتەوە. بەڵام ئەم ئەقڵیەتە جۆرێک لە ئەقڵانیەتێکی گاڵتەجاڕی لەخۆگرتووە، ئەوەی بە (سینیزم) ناوی دەبەین، بەوەی ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕییە سیفەتەکی سەیری هەیە کە لەگەڵ مۆدێرنەدا لەدایکدەبێت، بەوەی، دووفاقە، شتێک دەڵێت و شتێکی تر دەکات. ئاوەها مۆدێرنە لەسەرێکەوە بانگەشەی دیموکراتی دەکات و لەسەرێکی ترەوە چەکی ترسناک بە دیکتاتۆرەکان دەفرۆشێت و لە دەرەوەی ماڵی خۆی کوورەی جەنگەکان جۆشدەدات. پشتی ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕییە، سینیکاڵە، سوبێکت (خود) یان سوژیەکی گاڵتەجاڕ وەستاوە. هەربۆیە، لەسەرێکەوە ئومێد مارکسیی لینینیە و لەسەرێکی ترەوە فاتیحە دەخوێنێت و رەحمەت بۆ مردووان دەنێرێت، وەک ئەوەی موسوڵمانێکی تەواو ساف بێت. ساڵانی دوایی لە کوردستاندا بینیمان هەموو کادیرە توندڕەوەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و تەنانەت کۆنە سکرتێرکەشی چوونە پەنا مەلا ئیسلامییەکانەوە، ئەم هەڵگەڕانەوە سۆسیۆپۆلیتکە چۆن روویدا؟ وەڵامەکەی، ئەقڵی گاڵتەجاڕیی و سینیزمی مۆدێرنەیە کە هەڵگڕی لە ناخیدا شەڕی لەگەڵدا نەکردووە. ئاوەها ئومێد ئاوێنەی کەسایەتی رۆشنبیری کوردە کە لە نێوان دوو دونیادا پەلەقاژەیەتی و تاوێک مارکسییە و تاوێک ئیماندارەکی بێ ڕەحمە. لەم رۆمانەدا ئەوەی لینین بە (دوودڵی بۆرژوازی بچوک) پێناسەی دەکات لە ئومێدا بەرجەستەیە و رۆماننووس زۆر جوان ئەم کەسێتیە نیمچە رۆشنبیرە و گرێ دەروونییەکانی خستۆتە ڕوو.
رۆمانەکە پڕیەتی لە ناو و شوێن و مێژووی هەشتاکان، هەروەها (گەڕەکی کووران) گەڕەکێکە ئیلهامبەخش و شانۆی رووداوەکانە، هەروەک چۆن (کووران) لای فەرهاد پیرباڵ هەمان جوگرافیای هونەری گێڕانەوەیە. ئەمەش زیندەگیبوونی ئەم رۆمانەمان نیشاندەدات هەر لە ناوی شوێن و بەروارەوە بیگرە تاوەکو تیشک خستنە سەر ژیانی (کامەران موکری) شاعیر کە دواساڵەکانی تەمەنی لە هۆتێلێکی شاری هەولێردا بەسەربرد و ئەمەش خۆی لەخۆیدا بابەتی رۆمانێکە. ئەمە جگە لەوەی چوونە ناو دنیای کۆنزومەریزم (شمەکخۆریی) و پیادەڕەوی مۆدێرنە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا کە لە کۆتایی ژیانی خاتوون و ئۆمێدی کتێبفرۆشدا خوێنەر دەخاتە بەر پرسیاری ئەوەی، کامیان لەسەر هەقن؟ بەمەش پرسە کۆمەڵایەتی و سێکسوالەکان جارێکێتر لەناو گێژەنی رووداوە سیاسیەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە و خوێنەر دەکەوێتە بەردەم کێشەبەندی فیکری و ئەخلاقی قووڵەوە.
جوانترین خاڵی ئەم رۆمانە ئەوەیە، سابیر رەشید نایەت بیست لاپەڕە یان سەد لاپەڕەمان لەسەر شرۆڤەی ئەم ئیشکالیەتە بۆ پڕبکاتەوە و ببێتە خوتبێژی ئەخلاقی، بەڵکو ئێمە لەبەردەم کێشەدا جێدەهێڵێت بۆ حوکمی ئەقڵانی و شرۆڤەی خۆمان، بەمەش خەیاڵی خوێنەر ئازاد دەکات بۆ مەشقکردنەکان و دادوەرییە سوبێکتڤیەکانی.
من لەوە زیاتر لەسەر ئەم رۆمانە نادوێم، بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی خەیاڵی خۆم بەسەر خەیاڵی خوێنەری ئەم رۆمانەدا کاریگەر نەکەم. تاکە خاڵ کە زۆر سەرنجی منی راکێشا و حەزم لێی بوو، تەکنیکی (زنجیرە گێڕانەوەی کلاسیک) بەکارهێنابوو، کە رۆمانی کوردی لەم ڕووەوە زۆر هەژارە. بازدان بۆ خەیاڵی بەتاڵ هەمیشە راکردن بووە لە بێ توانایی گێڕانەوەی کلاسیکیانە، کە ئەدەبی دونیا تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کلاسیکییە دەداتەوە، رۆمانەکەنت باسی چیدەکات؟