شێواندنی مێژووی هەولێر

09:50 - 2025-04-09
مەسعودی مەلا هەمزە
268 خوێندراوەتەوە


ئەوانەی خاوەنی هیچ مێژوویەك نین لە هەولێر، دەیانەوێ پێمان بڵێن پێش ئێمە ئەو شارە هیچ جوانییەكی نەبووە!.
دەگێڕنەوە كابرایەكی خواپێداو و پارەدار هەبوو، زۆر حەزی لە كڕینەوەی موڵك و زەوی و زار بوو، تەنها مەرجێكی هەبوو، هەرگیز موڵك و زەوی و زاری لە خاوەنی رەسەن و راستەقینە نەدەكڕیەوە، دەیگوت تەنها ئەوانەی بە میرات بۆیان ماوەتەوە لێیان دەكڕمەوە، لێیان پرسی بۆ؟ چ جیاوازییەكی هەیە؟.
وەڵامێكی سادەی دانەوە، بەڵام قووڵ، پێی گوتن ئەو كەسەی موڵكەكە هی خۆی بێ بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ و نایفرۆشێ، ئەوەی بە میرات بۆی مابێتەوە بە ئاسانی دەیفرۆشێ، چونكە پێوەی ماندوو نەبووە!
ئەم قسەیە ئەگەر بۆ موڵك و ماڵ راست بێت بۆ زۆر شتی دیكەش هەر راستە، ماوەیەكە لێرە و لەوێ بە ئەجندایەكی خراپی دیاریكراوەوە كار لەسەر مێژوو بە گشتی و مێژووی هەولێر بە تایبەتی دەكرێت و ئەوپەڕی ناشیرینیەكەی نیشان دەدەن.
دەمێك ساڵە هاوار دەكەین لێگەڕێن لە دەرەوەی حزبایەتی، یان لە هەر حزبێك بێت با هەولێرییەكان حوكمی خۆیان بكەن، كە وادەڵێین لەبەر ئەوەمانە كە ئەمڕۆ روودەدات. بەداخەوە نەهجێك پەیدا بووە لەپێناو چەند ئەجندایەكی تەسكی حزبی و درۆی شاخداری مێژوویی دەیەوێ مێژوو و جوانییەكانی شارێكی وەك هەولێر بشێوێنێ و بڵێ پێش ئێمە ئەو شارە هیچ جوانییەكی نەبووە، لە كاتێكدا لەسەردەمی ئەوان خەریكە جوانییەكان و بەها بەرزە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو سیمایانەی هەولێری پێ دەناسرێنەوە نامێنن و كەم دەبنەوە.
ئەم هەنگاوانە چیمان پێ دەڵێت؟ روون و رەوان پێمان دەڵێت ئەوان مێژووییەكی گەشیان نییە و هیچ شتێك بە مێژووی هەولێرییان نابەستێتەوە، بۆیە لەپێناو خۆیان و جوانكردنی خۆیان دەیانەوێ بڵێن ئەمشارە مێژووییەكی جوانی نییە و پێش ئەوەی ئێمە بێینەوە ئەو شارە هەمووی ناشیرین بوو، ئەوان ئەوەندە بێ ویژدانن، جوانییەك لەو شارە نابینن تا باسی بكەن، دەیانەوێ پێمان بڵێن ئەو شارە پێش ئێمە مێژووی نەبووە، یان هیچ شتێكی جوانی نەبووە، نازانن ئێمە باش دەزانین ئەو شارە و ئەوان بەیەك نامۆن، ئەوان ئەو هەولێرە و مێژووە جوان و خەڵكە رەسەنەكەی و هەموو جوانییەكانیان بۆ ماوەتەوە و چاوەڕێن وەك میراتی بە نرخێكی هەرزان بیفرۆشن، چونكە پێوەی ماندی نەبوونە.
ماوەتەوە بڵێم لەدواجاردا هونەر ئەخلاقە، گێڕانەوەی چیرۆكە مێژووییەكان كارێكی ئەخلاقییە و پێویستە بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ناكرێت هونەر پەیژەیەك بێت بۆ ناشیرینكردنی مێژووی ئەو هەولێرەی كە هەمیشە هونەر و هونەرمەندانی لەبەرەی گەل بوونە و داكۆكیان لەمافی گەلی كورد كردووە و جوانییەكانی ئەو شارە و خەڵكەكەیان پاراستووە.

وتارەکانی نوسەر