دیوەکانی دیکەی وشە

ئەو وتارە گرنگەی (پیرەمێرد) لەسەر وتارێكی (شێخ محەمەدی خاڵ) نووسی، كامەیە و بۆچی (گەلاوێژ) بڵاوی نەكردەوە؟!

10:29 - 2025-04-22
مەریوان مەسعود
84 خوێندراوەتەوە

26

هەرچەندە سەرجەم ئەو نووسین و گۆشانەی من دەیاننووسم دەچنە خانەی نووسینی بنكۆڵكاریی و شرۆڤە و لێكدانەوە بە پشت بەستن بە بەڵگەی پشتڕاستكراوە، بۆیە هەموویان بەشی خۆی هیلاكم دەكەن و زۆر لە وتارێكی ئاسایی زیاتر كاتم لێدەگرن و سەرقاڵیان دەبم، بەڵام نووسینی ئەمجارەی گۆشەكەم، لەوانەیە بڵێم لە هەموویان زیاتر هیلاكی كردم و بنكۆڵكارییەكی تەواوم بۆ كرد، چونكە چەندین پرسیارم بۆ دروستبوو، كە بەدوای وەڵامەكانیان گەڕام، بەڵام بە ئێستاشەوە هەندێكیانم هەر بۆ ساغ نەبۆوە. چونكە نەبووە و نەمبیستووە (پیرەمێرد) وتارێكی نووسی بێت و بڕیاری بڵاوكردنەوەی درابێت و ناونیشانەكەشی دیار بێت، كەچی بە ئێستاشەوە ئەم وتارە بێ‌ سۆرخە و لەوانەش گرنگتر وتارەكەی بۆ گۆڤاری گەلاوێژ ناردووە و وەڵامی وتارێكی دوو بەشی (شێخ محەمەدی خاڵ)ی داوەتەوە!

با دەست بەباسەكە بكەم
كاتێك لە ژمارە (7)ی ساڵی (8)ی گۆڤاری گەلاوێژ كە لە تەمموزی 1947 دەرچووە، منەوەری گەورەی كورد (شێخ محەمەدی خاڵ) وتارێك دەنووسێت بە ناونیشانی (فەلسەفەی یەكێتی كۆمەڵ و زمان)، كە دیارە لەبەر درێژیی وتارەكە، (گەلاوێژ) بە دوو بەش بۆی بڵاودەكاتەوە، وتارەكەی یەكێكە لە وتارە نایابەكان كە گۆڤارەكە بڵاوی كردۆتەوە، چونكە شێخی خاڵ زۆر بە وردیی چۆتە نێو بابەتەكە و وەكو دەڵێن وەحدەی بابەتی وننەكردووە، كە تێیدا شیكاریی بۆ قۆناغەكانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و دواتر كۆمەڵگە و تیرە و عەشیرەت و پاشان دەوڵەت دەكات كە ئەو پێی وایە (زمان) لە ئایین-یش بەهێزترە بۆ مانەوە و یەكێتی نەتەوە و گەل.
شێخ محەمەدی خاڵ، سەرەتا باس لە مرۆڤ دەكات وەكو تاك، دواتر گەشە دەكات بۆ خێزان، پاشان بۆ خزم و دۆست، دواتر گەشە دەكات بۆ تیرە و عەشیرەت، پاشان بۆ یەكێتی گەل (وەحدەتی قەوم)، كە لێرەدا، پێی وایە ئەم یەكێتیی گەلە كە بریتییە لە دەوڵەت، تەنها بە یەكێتی زمان دەپارێزرێت نەك بە شتی دیكە، بۆیە لە وتارەكەیدا دەڵێت: (بەراستی ئەم یەكێتی زمانە رشتە و شیرازەیەكی زۆر قایم، وە پەیوەندیی و پەیوەستییەكی زۆر بەهێز، وە مایەی خۆشەویستی و یەك كەوتنێكی زۆر بەتینە، وە هەر زمانە، كە چەن تییرە و ئیلێك لەم پەڕ و لەو پەڕی ووڵاتێك بەیەكەوە ئەبەستێتەوە، وە هەرچی تییرە و هۆز و خێڵ و نەتەوە و بنەچەیەك هەیە كەهەریەكەی لە ووڵاتێكە، وە هەر یەكەی لە ئاوازێك ئەخوێنێ‌، وەهەر لایەی جۆرە ئامانج و مەبەستێكی هەیە لە ژێر یەك ئاڵادا كە یەكێتی گەلی-یە گردیان ئەكاتەوە، وە بۆ یەك مەبەست رایان ئەكێشێ‌ و ئەیانبا، وەهێزی پچڕپڕی پەڕاگەندەیان كۆئەكاتەوە).
لە كۆتایی بەشی یەكەمی وتارەكەیدا، شێخ محەمەدی خاڵ دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە رشتەی زمان زۆر لە رشتەی ئایین بەهێزترە و لەم بارەیەشەوە دەنووسێت: (زۆر لە زانایانی فەلسەفە (حكما) بەلایانەوە وایە كە ریشتەی زمان لە ریشتەی ئایین گەلێ‌ بەهێزترە، چونكە دوو كەس ئەگەر لە ئایینا یەك و لە زمانا جوێ‌ بن، هەرگیز لە یەك ناگەن، وە بەتەواوی بەیەكتری دڵیان ناكرێتەوە، با ساڵەهای ساڵیش پێكەوەبن، وەبەرانبەری یەكتری خواپەرستی بكەن، بەڵام ئەگەر لە زمانا یەك بن با لە ئاینیشا جیابن، هەر كە دەمیان گەیشتە یەك، وە بەزمانی یەك قسەیان كرد، ئیتر ئەبن بە برا).
تا ئێرە ئاساییە و وتارێكە شێخی خاڵ پێی وایە كە یەكێتیی كۆمەڵایەتییە كە لە یەكێتیی زمانەوە پەیدا دەبێت، بێگومان هێشتا بەشی دووەمی ماوە بڵاوی بكاتەوە، بەڵام لە ژمارە (8)ی گەلاوێژ واتە تەنیا یەك ژمارە دوای ئەو ژمارەیەی بەشی یەكەمی بابەتەكەی شێخ محەمەدی خاڵ دابەزیوە، گۆڤارەكە لە جیاتی ئەوەی بەشی دووەمی وتارەكە بڵاوبكاتەوە، هاتووە لە لاپەڕەكانی كۆتایی گۆڤارەكە، لەچوارچێوەیەكدا لە شێوەی روونكردنەوەدایە، ئەمەی بڵاوكردۆتەوە:
(ووتارێكی مامۆستا پیرەمێرد لە ژێر عنوانی (تەتقیدی ئەدەبی) كە لە ووتاری (فەلسەفەی یەكیەتی كۆمەڵ و زمان)ی مامۆستا شێخ محمدی خاڵ ئەكۆڵێتەوە بۆمان هات، لەبەر ئەوە تا وەرمان گرت ژمارەكە چاپكرابو، نەمانتوانی داخەكەم ئەمجارە بینوسین، بۆ ئەوە خوێندەوارانی خۆشەویست ئاگادار ئەكەین كە لە ژمارەی دواییدا چاپ ئەكرێ‌ و ئەیخوێننەوە).
واتە، منەوەر و فەیلەسوف و شاعیری گەورە (پیرەمێرد) كە ئەوكاتە تەمەنی (80) ساڵ بووە و سێ‌ ساڵی ماوە كۆچی دوایی بكات، دیارە سەرنج و تێبینی لەسەر بەشی یەكەمی نووسینەكەی شێخ محەمەدی خاڵ هەبووە، نووسینەكەی بۆ گەلاێژ ناردووە، ئەوانیش وەكو لە روونكردنەوەی سەرەوە بڵاویان كردۆتەوە لە ژمارەی داهاتووی گۆڤارەكە نووسینەكەی پیرەمێرد بڵاودەكەنەوە، گۆڤارەكە لەبەر گەورەیی پیرەمێرد و قەڵەمەكەی ئەو روونكردنەوەیان بڵاوكردۆتەوە و تەنانەت وشەی (داخەكەم)شیان بەكارهێناوە، كە لەبەر ئەوەی گۆڤارەكە چاپ بووە نەیانتوانیوە بڵاوی بكەنەوە.

بابەتەكەی پیرەمێرد بڵاونەكراوەتەوە!
سەیرەكە لەوەدایە، كە لەژمارەی دوای ئەمەش واتە ژمارە (9)یە، بەشی دووەمی نووسینەكەی مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بڵاوكراوەتەوە هەر بەناونیشانی (فەلسەفەی یەكێتی كۆمەڵ و زمان) بەشی دووەم. بەڵام نووسینەكەی (پیرەمێرد) وجودی نییە و بڵاونەكراوەتەوە و گۆڤاری گەلاوێژ-یش هیچ روونكردنەوەیەكی لەم بارەیەوە بڵاونەكردۆتەوە، كە ئایا پیرەمێرد خۆی توڕە بووە و وتویەتی لەبەر ئەوەی دواتان خستووە بڵاوی مەكەنەوە؟ یان گۆڤارەكە نووسینەكەی پیرەمێرد-یان پێ‌ توند بووە و لەبەر دڵی مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بڵاویان نەكردۆتەوە؟ یان پیرەمێرد خۆی بە خۆڕسك لە بۆچوونی نووسینەكەی پەشیمان بۆتەوە؟، یان پەیوەندییەك هەبووە لەنێوان پیرەمێرد و شێخی خاڵ، وتارەكەی راگرتووە؟ یان هەر هۆكارێكی دیكە هەبێت تا ئێستا كە من ئەم وتارەی تێدا دەنووسم روون نەبۆتەوە بۆچی ئەم نووسینەی پیرەمێرد كە لەسەر وتارێكی شێخ محەمەدی خاڵ نووسراوە و تەنانەت گەیشتووە بەگۆڤاری گەلاوێژ و ناونیشانی بابەتەكەش ئیعلانكراوە، كەچی بڵاونەبۆوە و گۆڤارەكەش هیچ روونكردنەوەیەكی بڵاونەكردۆتەوە لە كاتێكدا دڵنیام خوێنەرێكی زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی وتارەكەی پیرەمێرد-یان كردووە!
من خۆم بۆ ئەوەی دڵنیاببمەوە كە نەوەك لە ژمارەكانی دوای ئەوە بابەتەكە بڵاوكرابێتەوە، زۆربەی ژمارەكانی دوای بابەتەكەی شێخ محەمەدی خاڵم سەیركرد، بەڵام دڵنیابوومەوە كە بڵاونەكراوەتەوە و كوردەواری گوتەنی ئەم وتارەی پیرەمێرد تائێستا (گم بووە- ونبووە).
بەڵام كاتێك سەرنجی ژمارەكانی دیكەی گەلاوێژم-دا، شتێكی سەیرترم بۆ دەركەوت، ئەویش بڵاوكردنەوەی شیعرێكی پیرەمێردە لە ژمارەكانی هەمان ساڵی گەلاوێژ بەناونیشانی (خەیاڵی خاڵی)، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە پیرەمێرد لە دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤارەكە توڕە نییە و بابەتی بۆ ناردوون، بەڵام لێتان ناشارمەوە بەمەش دڵم ئاوی نەخواردەوە، وتم نەوەك گۆڤارەكە خۆیان شیعرەكەیان هێنابێت و بڵاویان كردبێتەوە، ئەمەش وەكو رێزێك بۆ پیرەمێرد و قەڵەمەكەی، بەڵام كاتێك ژمارە (1)ی ساڵی(9)یەمی گەلاوێژم بینی، یەكەم بابەت كە لە گۆڤارەكە بڵاوكراتەوە، شیعرێكی بەپێزی پیرەمێرد-ە كە بۆ گەورەیی و نازداریی گۆڤاری گەلاوێژی نووسیوە، بە بۆنەی (9)ساڵەی دەرچوونییەوە، بەناونیشانی (گەلاوێژ ساڵی نۆیە)، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
گەلاوێژ ساڵی نۆیە
 پایەی لە كەلوی نۆیە
چەرخی ترازو (كو)یە
 روناكی سەر ئاسۆیە
چرای چیای (گمۆ)یە
ئەستێرەی نور لە خۆیە
وەك كورد دڵپاكە بۆیە
وەك گوڵ بەرەنگ و بۆیە
تامی (حەلوا گەزۆ)یە
بۆ منداڵان (نۆنۆ)یە
روی لە رۆڵەی بێ‌ پەروایە
بۆ جوچكی هەڵۆیە
داسی دروێنەی سوێیە
بەردی موچەی مەڵۆیە
بێگومان ئەم شیعرەی پیرەمێرد سەرەتای وتارێكە كە بۆ گۆڤارەكەی نووسیوە و گۆڤارەكەش وەكو (سەروتار) دایانناوە، بەمەش روون دەبێتەوە كە پیرەمێرد نەك هەر لەگۆڤارەكە توڕە نەبووە، بەڵكو وتارێكی پڕ لە ستایشی بۆ نووسیون و هێشتا شتی سەیرتریش لەم بنكۆڵكارییەی من ماوە، ئەویش ئەوەیە كە هەر لەم ژمارەیەدا كە یەكەم ژمارەی ساڵی نۆیەمی گەلاوێژە، دووەم وتاری گۆڤارەكە واتە دوای وتارەكەی پیرەمێرد، وتارێكی شێخ محەمەدی خاڵ بەناونیشانی (زانین) بڵاوكراوەتەوە.
بەمەش بۆ بابایەكی رۆژنامەنووسی ئەم سەردەمەی وەكو من، ئەنجامێكی باش بوو، كە گەلاوێژەكەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و عەلائەدین سەجادی، تا دوا ژمارەشیان هەردوو كەڵە منەوەری كورد پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ بۆیان نووسیوە و بۆ هەتاهەتایە گەلاوێژ-یش جێگای شانازیی كورد دەبێت، بەڵام خۆزگە یەكێك ئەم وتارەی پیرەمێردی هەبوایە و یان بیدۆزێتەوە و بڵاوی دەكردەوە، چونكە دڵنیام مادام ناردوویەتی بۆ بڵاوكردنەوە نوسخەی ماوە لە ئەرشیف دۆستێكی شاری سلێمانی یان لە كون و كەلەبەری كتێبخانەی كوردیدا.

پیرەمێرد

شێخ محەمەدی خاڵ

برایم ئەحمەد

عەلائەدین سەجادی

وتارەکانی نوسەر