خەمێك بۆ (زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر)!

11:11 - 2025-04-23
مەریوان مەسعود
78 خوێندراوەتەوە

لە دنیای بازرگانیی و ئیعلامیدا، هونەرێك هەیە پێی دەوترێت هونەری بە بازاڕیكردن یان باشترە بڵێم هونەری تەسویق، كە ئەمەش تەنها بۆ ناساندنی كاڵایەك نییە، بەڵكو دامودەزگا و رێكخراوەكانیش زۆر سوودی لێوەردەگرن و ئەمەش وا دەكات پێگەی شوێنەكان بگاتە ئاستێكی بەرز و زیاتر بناسرێن لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
لێرەدا، من مەبەستمە، هەڵوەستەیەك لەسەر (زانكۆی سەڵاحەدین- هەولێر) بكەم، كە بەڕاستی ئەو زانكۆیە خاوەن مێژووییەكی گەورە و پڕ لە سەروەرییە و لەوەتەی لە ساڵی 1981ەوە لەسلێمانییەوە گواستراوەتەوە بۆ هەولێر، ئەم زانكۆیە چەندین سەروەریی تۆماركردووە، كە دیارترینیان خۆپیشاندانە گەورەكەی خوێندكارانی ئەو زانكۆیە بوو لە ساڵی 1982 واتە تەنيا دوای یەك ساڵ لە كردنەوەی زانكۆكە، كە دژی دەسەڵاتدارانی بەعس راپەڕین و توانیان هەولێر بهەژێنن، بەڵام بە داخەوە لە خۆپیشاندانەكەشدا چەند خوێندكارێكی بە جەرگ شەهیدبوون و دەیانی دیكەش برینداربوون و دەستگیركران. ئەمە جگە لەوەی كە 44 ساڵە، ساڵانە چەندین خوێندكار پێدەگەیەنێت و پێشكەشی كۆمەڵگەیان دەكات، ئێستاش بە پێی بەدواداچوونی من زیاتر لە 14 كۆلێژ و دەیان بەشی هەیە، ئەمە جگە لەوەی كە زانكۆی پزیشكی هەولێر-یش هەر لە زانكۆی سەڵاحەدین جیابووەتەوە و هەر زانكۆی سەڵاحەدین زانكۆی دایكە، بەڵام دەپرسم كوا تەسویق و نیشاندانی گەورەیی ئەو زانكۆیە؟!.
سەرۆك و بەرپرسانی ئەم زانكۆیە تا ئێستا بۆچی نەیانتوانیوە تەسویق بۆ سەروەریی و شانازییەكانی ئەم زانكۆیە بكەن و بەداخەوە چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی رانكین و نێودەوڵەتیش ئەم زانكۆیە وەك پێویست ناوی نایەت، لە كاتێكدا خاوەن چەندین شانازییە و جێگای خۆیەتی هەموو هەولێرییەك خۆی بە خاوەنی ئەم شانازییانە بزانێت.
بەداخەوە، سەرەڕای بوونی ئەم هەموو ئیعلام و سۆشیال میدیایەی لە كوردستان هەیە، كەچی چالاكی و هەواڵ و ناوی زانكۆی سەڵاحەدین لە هیچ شوێنێك نییە و نابیسترێت !.
ئەگەر چالاكی زانستی و هونەری و كەلتوری  و فەرهەنگی لە زانكۆكە هەیە، بۆچی وەك پێویست ناگاتە رای گشتی؟، كێ‌ هۆكارە؟ بۆچی سەرۆك و ئەنجومەنی زانكۆكە لێپرسینەوە لەمە ناكەن و بەدواداچوون ناكەن و خەمێك لە زانكۆكەیان ناخۆن!، بۆچی دەبێت زانكۆكانی دیكەی كوردستان لە زانكۆی سەڵاحەدین ناودارتربن، لە كاتێكدا لەوانەیە سەروەرییەكانی زانكۆكەی هەولێر زۆر زیاتریش بێت لەوانەی دیكە و نازناوی زانستی بەرزتر و باشتری هەبێت، بەڵام بۆ دەبێت وابێت؟!.

وتارەکانی نوسەر