لە بەرەبەیانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دا، حەماس لە غەززەوە هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل و توانیی 1189 کەس بکوژێت کە تیایاندا 815 مەدەنی هەبوون و 7500 کەسیش بریندار بکات و 251 کەسیش لەگەڵ خۆیدا وەک بارمتە بەرێت.
ئەم هێرشە جیهانی تووشی شۆک کرد و حکومەتی ئیسرائیلیشی لەرزاند، بەتایبەتی ئیستیخبارات و دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە کەوتنە ژێر پرسیاری ئەوەی کە چۆن بەمەیان نەزانی یان چۆن نەیانتوانی رێگرییان لێ بکەن؟ ئەی ئەو هەموو دەزگا هەواڵگراییانە لە کوێ بوون نەیان زانی کە ئەم سەدان چەکدارەی حەماس پلانی هاتنە ناوەوەیان داڕێژاوە؟ سیخوڕەکانی ئیسرائیلیش لەناو حەماس، چۆن بەمەیان نەزانی؟ ئەمە و دەیان پرسیاری تر هاتنە گۆڕێ.
ئیسماعیل هەنییەی رابەری حەماسی ئەوکات( کە لە ئێران تیرۆرکرا و بووە قوربانیی ئەو هێرشەی 7ی ئۆکتۆبەر) لەدوای ئەنجامدانی هێرشەکە وتی: (گەردەلوولی ئەقسا) لە غەززەوە دەستی پێکرد و بۆ کەناری رۆژئاوا و قودس دەچێت، هەرواها ئەمەی بە گەیشتن بە سەرکەوتنی گەورە ناساند! واتا هێندە باوەڕی بە بڕیار و پلانەکەی خۆی هەبووە، پێی وابووە دەبێتە رابەری فریادڕەسی هەموو عەرەب، نەک هەر فەلەستین. هەر ئەو رۆژە زۆربەی هەوادارنی ئەو بزووتنەوەیە لە هەموو جیهان، کردیانە رۆژی جەژن و شادی و پێیان وابوو ئیتر دەرگای سەرکەوتنی حەماس کرایەوە، لەولاشەوە هەموو ئەوانەی سەر بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیی فەلەستین(فەتح) بوون، هەستیان بە ئیحراجی دەکرد، نیوەیان لەبەرئەوەی حەماس ئەو نەبەردییە قارەمانانەی کردووە و بۆیان وەک شانازیی دەمێنێتەوە، نیوەی دیکەشیان دەیان زانی کە ئیسرائیل چییان بەسەر دێنێت وەک تۆڵەکردنەوە.
هەرواش بوو، ئیسرائیل بە جۆرێک هەنگاوی نا بۆ تۆڵە سەندنەوە، ئیتر هەرچی زیان بوو رۆژانە دەیگەیاند بە خەڵکی غەززە و بزووتنەوەی حەماس، تا وایلێهات بە پێی هەواڵەکان ٪70 ی شارەکە خاپوور بووە و زیاتر لە 47 هەزار کوژراو و 111 هەزار بریندار هەن و زۆرێکیش لەژێر 42 ملیۆن تەنی داروبەردی روخاو و هەیکەلی باڵەخانەکانی شارەکەدا ون بوون.
ئێستا ساڵ و نیوێک تێدەپەڕێت بەسەر هەڵگیرسانی ئەم شەڕە ماڵوێرانییەدا، کە سەرکردەی حەماس پێ وابوو گەیشتنە بە سەرکەوتنی گەورە، ئیتر دەبێت لێرەوە ژیریی سەرکردە و رابەر هەڵبسەنگێنرێت!
ئەو حەماسەی دوێنێ و کاتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، کە مژدەی سەرکەوتنی مەزنیان دا بە خەڵک، ئێستا دوای وێران بوونی غەززە، ئەمڕۆ کەوتوونەتە پەلەقاژە و بە هەموو شت رازین، بە مەرجێک ئیسرائیل جەنگەکە رابگرێت، وەک خۆیان دەڵێن، ئامادەن واز لە بەڕێوەبردنی غەززە بێنن، هەموو بارمەتەکان ئازاد بکەن، بەرامبەر وەستاندنی جەنگەکە( بەپێی کەناڵی، العربیة الحدث)، وڵاتی قەتەر و میسریان کردۆتە تکاکار بۆ کۆتاییهێنانی.
حەماس زۆرینەی رەهای سەرکردەکانی لەدەست دا، ژێرخانی ئابووریی و سەربازییان داڕما و نەما، هێزەکانیان هەڵوەشانەوە و لەناوبران، ئیسرائیل بە جۆرێک لێیان دەدات کە هەرکەس دەکرێتە مەسئول، چەند رۆژێک نابات دەیکوژن.
سەرکردەی سیاسیی دەبێت ژیرانە خۆی و حزبەکەی و خەڵک و خاکەکەی بگونجێنێت لەگەڵ رووداوەکان و رێگەی پێداگریی بێ بەرنامە، نەگرێتەبەر و هەڵەشە نەبێت
ئەمەش وایکردووە، ئەوانەی ماون لەناو سەرکردایەتی حەماسدا، دەیانەوێت بە حسابی زیان لە نیوەشی بگەڕێتەوە هەر باشە، لێی دەرچن و ژیانی خۆیان رزگار بکەن، چونکە هەندێک لە سەرکردەکانیان کە ناودار بوو لە دیمەشق وەک خالید موشعەل نە دەنگی ما نە رەنگی کە ئەو هاندەر و هەڵگری دروشمی باق و بریقی شۆڕشگێڕانە و تۆڵە بوو لە ئیسرائیل، هەر ئەم دروشمانەش دەیان هەزار لاوی هاندا و لەناو حەماسدا خۆیان بە کوشت دا.
فارس دەڵێت: نە هێندە سوێر و نائاواش بێ خوێ، سەرکردەی سیاسیی دەبێت ژیرانە خۆی و حزبەکەی و خەڵک و خاکەکەی بگونجێنێت لەگەڵ رووداوەکان و رێگەی پێداگریی بێ بەرنامە، نەگرێتەبەر و هەڵەشە نەبێت و هەڵپەنەکات بۆ لێدانی دوژمنەکەی، تا تووشی پەلەقاژەش نەبێت بۆ لێدەرچوونی