ترەمپ و بەڵێنی راگرتنی جەنگ

10:07 - 2025-04-27
هیوا محەمەد
166 خوێندراوەتەوە

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ترەمپ خێرا دەستی بۆ چەند بابەتێکی سەرەکی برد و بەڵێنیدا کە ئەگەر هەڵیبژێرن دەیان کات، یەکێک لەوانە راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و روسیا بوو.
بەندە دەمێکە وتوومە ترەمپ کەسێکە بە پەلە بڕیار دەدات و ئەو زیاتر بازرگانێکی گەورەیە نەک سیاسییەکی باش، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای سینیا کولدج بۆ لێکۆڵینەوە، راگیرییەکیان کردووە لەناو هاووڵاتییانی ئەمریکا و دەڵێن کە زۆرینەی خەڵک پێیان وایە ترەمپ کەسێکی ئاژاوەگێڕییە و بووەتە مایە دروستکردنی دڵەڕواکێ لایان.
دیارە ئەمەش بۆچوونەکەی من راست دەکاتەوە، ئێستا پێنج مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بەڵێنەکەی ترەمپدا سەبارەت بە راگرتنی جەنگەکە، بەڵام لەگەرمەی گفتوگۆدان بۆ راگرتنی.
نێردەی ترەمپ لەو ماوەیەی رابردوو دا سێ جار سەردانی روسیای کردووە، ئەگەرچی پێشتریش دەبێت تیمی ترەمپ پێش دەستبەکاربوونی، پێشەکییەکیان لەگەڵ روسیا باس کردبێت بۆیە دڵنیابوون دەتوانن  رایبگرن.
شەڕی هەریسەیە
پێش سەردانی ژلینسکی و بۆ کۆشکی سپی و سووکایەتی پێکردنی لەلایەن ترەمپەوە، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا چووبوو بۆ ئۆکرانیا تا رێکەوتننامەی درێژخایەنیان لەگەڵ تۆمار بکات بۆ دەرهێنانی سامانە بەهادارەکان، بەڵام کە کییف پەشیمان بۆوە لە ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە، ئەمریکا یان بەتایبەتی ترەمپ تووڕە بوو، ئیتر بڕیاریدا کە پشتیان تێبکات بۆ ئەوەی ناچار بن بە ئیمزاکردنەکە.
ژلینسکی کەوتە دەربڕینی پەشیمانی، بەڵام هێشتا ئامادە نییە ئیمزای رێککەوتنەکە بکات، بۆیە لە دوا لێدوانی ترەمپدا دەڵێت: ئەوە سێ هەفەتە لای داوە بەسەر مۆڵەتەکەدا و هێشتا رازی نین ئیمزای بکەن، باشترە هەرچی زووتر رازی بن و مل بنێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ مۆسکۆش لە گفتوگۆدان و پێدەچیت تەرازووەکە بەلای مسکۆدا زیاتر قورس بێت و لە بەرژەوەندییان بێت، ئەگەر وانەبێت، ترەمپ لە وەڵامی ئەوەی کە ژلینسکی باسی جەزیرەی قیرەم دەکات، ناڵێت باس لەوە مەکە و خۆشبەختن کە روسیا رازییە بە رێککەوتن لەگەڵتان و هەموو خاکی ئۆکرانیا داگیر ناکات!.
ترەمپ دەڵێت: دەبێت ژلینسکی رازی بێت بە ئاشتی و رێککەوتن، یان رازیبێت بە داگیرکردنی هەموو ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە.
ئۆکرانیا کەوتۆتە زەلکاوەوە، هەڵوێستیان لە نێوان هەندێک وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.  ژلینسکی دوودڵە لەو هاوپشتییەی ئەمریکا لێی دەکات و دەڵێت : ئێمە دەمانەوێت ئەمریکا چی بۆ ئیسرائیل دەکات بۆ ئێمەشی بکات، ئەمەش لە گەمژەیی سیاسییەوەیە، دەنا جوگرافیای ئۆکرانیا زۆر جیاوازترە لەوەی فەلەستین و ئیسرائیل. 
دڵنیان لەوەی کە دەبێت ملبنێن بۆ دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ روسیا، چونکە ئەمریکا ئەمەی دەوێت، ئیتر چۆن کاتی خۆی بە پشتگیریی و دنەی ئەمریکا خزاندیانە شەڕەوە لەگەڵ روسیا، ئەمڕۆش بە پشتتێکردنیان رایدەگرن، لێرەوە دیارە بەرژەوەندییەکانی ترەمپ لەلایەن روسیاوە زیاتر دابیندەکرێت لە دەرهێنانی سامانە بەهادارەکان (معادن نادره‌) چ لە ئۆکرانیا و چ لەناو خاکی روسیادا.
وەزیری دەرەوەی روسیاس، دوای ئەوەی نێردەی ترەمپ، وێتکۆف رۆژی هەینی رابردوو بۆ ماوەی نزیک بە سێ سەعات لەگەڵ پوتن دانیشت، دەڵێت: ئێمە جددین لە بابەتی رێکەوتن و تاوتوێی بەندەکان دەکەین و نامانەوێت باسیان بکەین تا تەواو دەبێت.
ستیف ویتکۆف لەدوای ئەو دیدارەی لەگەڵ پوتن، بەرەو عومان رۆیش تا رۆژی شەممە لەگەڵ وەفدی دانوستانکاری ئێران کۆببێتەوە، لەم جموجۆڵانەدا، ترەمپ خۆشحاڵە و هیوای ئەوەی هەیە کە کات نزیک بۆتەوە بۆ راگرتنی جەنگ و رێککەوتن، روسیاش هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر  قسەکانی ترەمپ نییە. 
پێدەچێت رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانیش لە باسەکانی رێککەوتنی نێوان ئۆکرانیا و روسیاشدا هەبێت و هەمان ئەو نێردەیەی ترەمپ سەرپەرشتیی دەکات، پێشتریش روسیا و ئێران و چین کۆبوونەوە لەسەر بابەتی راگرتنی پیتاندنی یورانیوم لە ئێران و چۆنێتیی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا، رووداوەکان بە خێرایی دێن، ترەمپیش بۆ ئەوەی بۆچوونەکەی بەندە پشتڕاست بکاتەوە، دوێنێ بەیانی لێداونێکی تری داو وتی ئەگەر پێویست بکات ئامادەم لەگەڵ سەرۆکی ئێران یان رابەرەکەیان دابنیشم، ئەمەش هەڵوێستێکی نوێیە!.

ستیف وێتکۆف نێردەی ترەمپ، لە پێنج مانگی رابردوەوە، سێ جار سەردانی مۆسکۆی کردووە

وتارەکانی نوسەر