ئەمە بوو گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؟

10:02 - 2025-04-29
هیوا محەمەد
58 خوێندراوەتەوە

بەهۆی فراوانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و خاوەندارێتیی هەر تاکێک لە زۆرێک لەو پەیجانە، لە چەند مانگی رابردوودا، خۆشباوەڕانی کورد و قین لەدڵانی کوردیش، شیکارییان بۆ ئەو وتەیەی ناتانیاهۆ کرد کە وتی روخساری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، جا ئەمان هاتن روخسارەکەیان کرد بە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێیان وابوو کە دەوڵەتێک بۆ کورد دروست دەکەن، ئەوەی باوەڕی کرد، دڵی خۆی پێخۆش کرد و ئەوانەش رەگی ملیان ئەستوور بوو لەوەوە بوو کە چۆن دەبێت ئەوە رووبدات؟
دوێنێ ناتانیاهۆ پێی وابوو بە نەمانی هێز و پێگەی حەماس و حزبوڵڵا لە ناوچەکە و ئەسەد لە سوریا، ئیتر بەڵێنەکەی هاتەدی و توانی روخساری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، لێرەوە دەرکەوت نە نەخشەکە راست دەرچوو، نە گۆڕینی روخسارەکەش بۆ کورد بوو.
هەمیشە وابووە ئەنجامی جەنگەکان یان بەکارهێنانی هێز، توانیویەتی پانتایی جوگرافیای سیاسی بگۆڕێت، ئەوەی لە غەززە کرا لەلایەن حەماسەوە، لە کاتێکدا بوو ناوچەکە دیمەنێکی سیاسیی زۆر جیاوازتری لە ئێستا هەبوو، ئەوکات حەماس خۆی حکومڕانیی غەززەی دەکرد و دەستی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەشی پێوە بوو و هاوکارییان دەکرد. 
حزبوڵڵا لە لوبنان لە حکومەتدا دەسەڵاتی هەبوو، دەتوانین بڵێین چەکدارەکانی ئەوان لە سوپای لوبنان زیاتر هەژموونیان هەبوو، رژێمی ئەسەد بەرگەی 10 ساڵی گرتبوو لەو دۆخە نالەبارەی تێیکەوتبوو، حوسییەکان کۆنترۆڵی هاتوچۆی کەشتییەکانی ناو دەریایان لە بابولمەندەبەوە دەکرد کە بە دەریای سووردا بەرەو سویس دەچوون.
ئێران سەدان مووشەکی بەسەر ئاسمانی عیراقدا بەرەو ئیسرائیل دەنارد، هەموو ئەمانە ئێستا پێچەوانە بوونەتەوە، زۆر بە خێرایی جوگرافیای سەربازیی و سیاسیی ناوچەکە گۆڕا، بەڵام بۆ کورد گۆڕینێکی ئەوتۆی نەهێناوەتە ئااراوە. 
ئەگەر پێمان وابێت ئەوەی رۆژئاوا بەشێکە لە پرۆژەی ئەمریکی- ئیسرائیلی بۆ کورد، ئەوا بە هەڵەدا دەچین، چونکە ئەوەی ئەوان ئێستا بۆ رۆژئاوای دەکەن، پێشتر لە دوای راپەڕینی 1991 و کۆڕەوەکەوە و دواتر دوای نەمانی رژێمی بەعس بۆ کوردیان کردووە لەم هەرێمە. 
ئەم هاوکارییانەی ئەمریکا لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا زۆر زیاتر کران، بەراورد بەوەی ئێستا هەیە، دەکرێت بڵێین هیچ نییە، لەسەردەمی نەمانی رژێمی بەعس بە جۆرێک بوون لەگەڵمان، بەڵام لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەردەمی ئۆباما پشتیان تێکردین لەبەرامبەر هەڕەشەکانی بەغدا، لەهاتنی سوپا و حەشد بۆ کەرکوک، ئەمریکییەکان بێدەنگییان هەڵبژارد، هەرچۆن بە چرای سەوزی ترەمپ عەفرین درا بە  تورکیا و ئێستاش سەدی تشرین دەکرێتە ئیدارەی هاوبەشی دیمەشق و هەسەدە.
پێموایە کێشەی کورد لە هەر وڵاتێکدا دەکرێت لەناوخۆی وڵاتەکاندا بە رێککەوتن لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان و پاراستنی مافە سیاسی و کەلتورییەکانی کورد، درێژە بە خەبات بدەن بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی وڵاتەکە بە گشتی، ئیتر لەدەرەوەی ئەمە ئێمە هەموو کوردین و وڵاتەکەشمان ئەو وڵاتەیە کە تێیدا دەژین، هەروەک ئەوەی عەرەبیش خاوەنی چەندین وڵاتن، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین لە رێگەی جەنگێکەوە یان دابەشکردنێکەوە لەسەر دەستی زلهێزەکان نەخشەی وڵاتی کوردستان دیاری بکرێت، ئەگەر لە یەک بەشی یان دوو بەشدا بێت، خۆشحاڵیش نابین بەوەی کە ناتانیاهۆ خۆی تاوانبار بێت بە کوشتنی بە کۆمەڵ، ئێستا بێت و ئێمە بکات بە دەوڵەت!

وتارەکانی نوسەر