مورسی رۆیشت و سیسی هات، مەترسیی ئیخوانیش بەردەوامە

10:02 - 2025-04-24
هیوا محەمەد
238 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


محەمەد مورسی کە سیاسەتمەدارێكی میسریی سەربە رەوتی ئیخوان موسلمین بوو، لە ساڵی 2012دا بوو بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەڵام هێندەی نەبرد خۆپیشاندان لەدژی دەستیپێکرد و داوای لەسەرکار لاچوونیان دەکرد، چونکە مورسی بە بەرگی ئیخوانییەوە ویستی ئەوەی دەیان ساڵە لە میسر لەسەر بناغەی عەلمانییەت بنیاتنراوە، بیگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوونی زەق بەئایینەوە و ئەو رواڵەتەی کە هەیەتی لە دابونەریتی کۆمەڵگەکە، بسڕرێتەوە.
بزووتنەوەی ئیخوانەکان زۆر لەمێژبوو کە سەریانهەڵدابوو و لە زۆر قۆناغدا رێیان لێگیراوە و سەرکوتکراون، بەڵام بۆ یەکەمجار بوو کە لە میسردا بۆ ماوەی چەند مانگێک حکومڕانیی بکەن. 

گەندەڵیی موبارەک ئەوانی هێنایە پێشەوە
ئەوان لەدوای ئەو هەموو ستەم و گەندەڵییەی حوسنی موبارەکەوە هاتنە سەر دەسەڵات، ئەوکاتە باری ئابووریی خەڵک وێران بوو، خەڵک هاوکاریی هەر لایەنێکیان دەکرد ئەگەر دژی موبارەک بێت، هیوایان بەوەبوو هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، لەو رژێمە باشتر دەبێت، بەڵام مەترسیی هەڵکشانی بزاوتی ئیخوانی، وایکرد خێرا سوپا 48 سەعات دیاری بکات بۆ هەڵوەشانەوەی حکومەت و بە کۆتاییهاتنی ماوەکە، بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگریی ئەوکات، دەستوەردان کراو مورسی لابرا.
بە هاتنی سیسی، هەڵکشانی ئیخوانی رێگەی لێگیرا و بەربەست خرایە بەردەمی، ئەوەی کە زۆری پێ ناخۆش بوو، سەرۆکی تورکیا بوو، چونکە حزبەکەی ئەویش لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ئیخوانییە. بۆیە بەلادانی مورسی و ئیخوانەکان پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر تێكچوو، دوای ئەوەی تورکیا بووە پەناگەی ئارامی سەرکردە دەربازبووەکانی ئیخوان و جگەلەوەش تورکیا بووە پێگەی چالاکیی سیاسی و میدیایی بۆ ئیخوانەکانی میسر، بەڵام دواتر  و لە ساڵی رابردوودا لەسەر داوای سیسی، ئەردۆغان هەموو چالاکییەکانی ئیخوانی راگرت وەک مەرجێکی میسر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی دوای کەرتبوونی ئیخوانەکانی ئەوروپا و تورکیا و ناوەوەی میسر، تورکیا هیوای بەوە نەما کە جارێکی تر ئیخوانەکان توانای گەڕانەوەیان هەبێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، بەتایبەتیش کە خواستێکی نێودەوڵەتی لەئارادایە بۆ لاوازترکردنی بیری توندڕەوی و تاکڕەوی لە جیهاندا.
ململانێی مەزهەب و رەوتەکان
ئیسلام یەک ئایینە، بە دوو مەزهەبی شیعە و سوننە، هەر یەکێکیش لەو دوو مەزهەبە چەندین رەوتیتێدا زەقبووەتەوە، بێگومان بوونی ئەوەش واتا راو بیرکردنەوەی جیاواز و لێکدانەوەی جیاواز بۆ چۆنێتی چەسپاندنی ئایینەکە، ئەم جیاوازییانەش وادەکەن ململانێکان بگەنە رێگەیەکی داخراو، لە ئەنجامدا پەنا دەبرێتە بەر دژایەتیکردنی یەکتریی و سەرهەڵدانی توندوتیژی سڕینەوەی یەکتر.
لە وڵاتانی موسڵمان نشینی ناوچەکەدا بەگشتی و بگرە زۆر شوێنی دیکەش لەسەر ئاستی جیهان، بزووتنەوەی ئیخوانی هەم بە بیر، هەمیش لەڕێگەی حزب و بزووتنەوەوە هەن و چالاکیی خۆیان هەیە، ئەوان وەک دەڵێن دەیانەوێت ئیسلام بخەنەوە سەر رێچکە رەسەنەکەی خۆی.
ئەوەی دەرەنجامی شەڕی غەززە هێنایەکایەوە، نەهێشتنی هەموو ئەوانەیە کە بەو ئاراستەی ئیخوانییەدا دەڕۆن، ئەوانە بەلایانەوە هەر ئیسلامییەک سەربە هەر مەزهەب و رەوتێک بێت، توندڕەو و تاکڕەو بێت، دەبێت نەهێڵرێت، یان رێگە لە گەشەسەندنی بگیرێت.
چەند جارێک رێگە لە حزبی بەرەی کاری ئیسلامی ئوردن گیرا کە ئیخوانییە، و سەرکردەکانی دەستگیرکراون و زیندانی کراون، ئەگەرچی ئازادانە کار دەکەن و چەندین کورسیشیان لە پەرلەمانی ئوردندا هەیە و بە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن هەژمار دەکرێن، ئەوانیش کاریگەرییان هەبووە و هەیە لەسەر شەقامی سیاسیی وڵاتەکە و هەڕەشەن لەسەر دەسەڵات و سیستمی سیاسیی وڵاتەکە، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا تاوانبار کران بەوەی کە چەند کەسێکیان پلانی دروستکردنی مووشەکیان هەبووە و ویستویانە سەقامگیریی ئوردن بشێوێنن «ئەگەرچی پێدەچێت ویستبێتیان بینێن بە ئیسرائیلەوە» کە ئەمەش روویدا، حزبەکە تووشی ئیحراجی بوو، خێرا بەیاننامەیەکی دەرکرد و بێبەریبوونی خۆی راگەیاند لەوان و دەریکردن لە حزبەکە، ئەگەر ئەمە تاکتیک بێت یان راستی، لە هەموو حاڵەتێکدا ئەوە دەگەیەنێت کە ئیخوانەکان پلانی هاتنەوە سەر حکومڕانییان هەبێت بە موبارەکەی،  تورکیا. ئوردنیش لە دەستوەردانی تورکیا دەترسێت بەوەی ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە سەرەتای ئەمساڵدا وتی: لە تورکیا تێدەگەین و هاوپشتیی دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ پەکەکە، ئەمەش بەمانای ترس دێت لە هاوپشتیی تورکیا بۆ ئیخوانەکانی وڵاتەکەی. 
کەواتە ئەمە داننانە بە بوونی مەترسیی ئیخوان و هەڵکشانیان لە ناوچەکە و چونکە پێیانوایە تورکیا ئوردن بە باش دەزانێت بۆ سەرخستنی رەوتی ئیخوان بۆ دەسەڵات.

بەلای ئەوانە هەموویان مەترسییان هەیە
وادیارە بەلای ئیسرائیل و ئەمریکاوە، بزووتنەوە ئایینییەکان چ حزبوڵڵا بێت یان حەماس، حوسیییەکان بن یاخود ئیخوانییەکان و ئەحرار شام، هەموویان هەر یەک مەترسییان هەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان و دەیاناوێت لە دژی هەموویان هەنگاو بنێن، جار جاریش تورکیا ئاگادار دەکەنەوە لەوەی بیر لە سەپاندنی هەژموونی خۆی نەکاتەوە لە سوریادا، چونکە ئەوەی زیانی پێدەگات ئەو ئوممەیەیە کە ئەو مەزهەب و رەوتانە لە خۆ دەگرن.

مورسی چەندە لایەنگری هەبوو هێندەش ئۆپۆزسیۆن

وتارەکانی نوسەر