هیند و پاكستان كامیان بەهێزترن؟

11:07 - 2025-04-28
گۆران فەتحی
37 خوێندراوەتەوە

جارێكی تر ناكۆكی و ئاڵۆزی لە نێوان هیند و پاكستان سەری هەڵدایەوە، دوای رووداوی تەقەكردن لە بەشی كشمیری هیندستان، كە چەندین قوربانی لێكەوتەوە، جووڵەو رێكارەكانی هەردوو وڵاتیش، مەترسی تەشەنەكردن و خراپبوونی بارودۆخەكەی لێدەكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر جەنگ لەنێوانیان رووبدات، باڵانسی هێز بەلای كامیاندا دەشكێتەوە؟
بەڵانسی هێزی نێوان هەردوو وڵات، كە خاوەنی سنوورێكی هاوبەشی 3300 كیلۆمەترن، بەمجۆرەیە، سوپای هیندستان لەرووی هێزەوە بە پلەی چوارەم دێت لەسەر ئاستی جیهان، لە بەرامبەردا سوپای پاكستان لە پلەی 17 هەمدایە، بەڵام هەردووكیان خاوەنی هێزی ئاسمانی پێشكەوتوو و چەكی ئەتۆمیشن.
بە پێی ئامارێكی پێگەی (گڵۆباڵ فایەر پاوەر)ی تایبەت بە سستمی بەرگری و بواری سەربازی لە ساڵی 2025، رێژەی دانیشتوانی هیند پێنج هێندەی دانیشتوانی پاكستانە، بەڵام هێزی چەكداری پاكستان لە هیندستان زیاترە، لە بەرامبەردا هیندستان دە هێندەی پاكستان بۆ بواری سەربازی و سستمی بەرگری خەرج دەكات.
هیندستان لە رووی رووبەرەوە چوار هێندەی پاكستانەو خاوەنی چەندین كەناراوە لەسەر دەریاو زەریاكان، كە ئەوەش بژاردەی باش دەخاتە بەردەم هیندستان، لە رووی پەیوەندیی سەربازی و كڕینی چەك، پاكستان لەگەڵ چین و توركیادا هەوڵی گەشەكردنی سستمی ئاسمانی خۆی دەدات، بە كڕینی فرۆكەی سەربازی شەبەحی چینی (ئێف سی- 31) و فرۆكەی هێرشبەری توركی (قائان)ی نەوەی پێنجەم، لە بەرامبەردا هیند بۆندی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل ئیمزا كردووە بۆ گەشەدان بە سستمی بەرگری و پڕچەككردنی سوپاكەی، ئەمە چ جای هەوڵی هیندستان بۆ بەرهەمهێنانی چەك و سستمی بەرگری پێشكەوتوو لە نموونەی فرۆكەی سەربازی (تیجاز) و ژێردەریایی و زرێپۆش و مووشەكی دوورمەودوا.
هەردوو وڵات، لە ركابەریدان بۆ گەشەدان بە چەكی ستراتیژی، لەنموونەی مووشەكی بالیستی كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، وەكو مووشەكی (ئاغنی)ی هیندی و مووشەكی (شاهین)ی پاكستانی، كە توانای بڕینی كیشوەریان هەیە، ئامارەكان باس لە خاوەندارێتی هەردوو وڵات دەكەن بۆ 200 تا 250 مووشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی.
وا پێشبینی دەكرێت، ئیسلام ئاباد خاوەنی 165 كڵاوەی ئەتۆمی بێت، لە پاڵ توانای بۆ بەرهەمهێنانی 30 كڵاوەی ئەتۆمی بە شێوەی ساڵانە، ئەمە چ جای ئەوەی پاكستان مووشەكی جۆری (هافت)ی هەیە، كە كڵاوەی ئەتۆمی لێبەستراوە و مەدوای دەگاتە 300 كیلۆمەتر و مووشەكی (هافت- 4) كە مەوداكەی 750 كیلۆمەترە.
هەردوو وڵات، خاوەنی چەكی ئەتۆمی ستراتیژین و  هەڕەشەی بەكارهێنانیشی دەكەن دژ بەیەكتر، هیندستان فرۆكەی سەربازی جۆری (میراج 2000 ئێچ) و (سو- 30)ی و (جاگوار- ئەی ئێس) پەرە پێدەدات، بۆ ئەوەی توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمیان هەبێت، ئەمە چ جای ئەوەی هەردوولا گرنگی زیاتر بە مووشەكی بالیستی كە لە وشكانییەوە هەڵبدرێت دەدەن. 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كەشتیگەلی دەریایی هیند زۆر بەهێزترە لە هێزی دەریایی پاكستان، دیارترین نموونەش لەو رووەوە، خاوەندارێتی هیندستانە بۆ دوو كەشتی فڕۆكەهەڵگر، كە یەكێكیان بەرهەمی خۆیەتی.
هەرچەند گریمانەی دروستبوونی جەنگێكی بەرفراوان لەنێوان هەردوو وڵات لاوازە، بەڵام لەحاڵیدا ئەگەر رووبدات، ئەوا كاولكەر دەبێت، چونكە هەردوولا خاوەنی مووشەكی بالیستی و چەكی ئەتۆمین.

وتارەکانی نوسەر