بەخێر بێن بۆ هەڵەبجە، نۆزدەیەمین پارێزگای عیراق

10:13 - 2025-04-16
گۆران فەتحی
62 خوێندراوەتەوە

دواجار و لەسەر فشاری فراكسیۆنە كوردییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەڵەبجەی شەهید، بە زۆرینەی دەنگ وەكو پارێزگای (19)ی عیراق دەنگی لەسەر درا، ئەمەش رووداوێكی مێژوویی و دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ كورد لە عیراقدا، هەروەها پێدانی مافێكی رەوایە بەو شارە دێرین و هەروەها كارەساتبارەی كوردستان.
دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەش، دوای ماوەیەكی زۆر لە مشتومڕ لەناو پەرلەمانی عیراقدا لە نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان و باقی فراكسیۆنە عیراقییەكان هات، هەروەها دوای دە ساڵ لە دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی لە ناو پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا دێت.

بە دەنگی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران
دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی جێگیری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی 178 پەرلەمانتار بوو، كە بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لە بەرژەوەندی پرۆژە بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە درا، هەرچەند ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە عیراقییەكان دژ بەو بڕیارە بوون بەتایبەت توركمان، كە هەڕەشەی تانەلێدان و پەنابردنیشیان كرد بۆ دادگای فیدراڵی و لەبەرامبەردا داوای بەپارێزگابوونی تەلەعفەریان كرد.

شارێكی دێرین  و مێژوویی
هەڵەبجە شایەنی بە پارێزگابوونە، لەبەر چەندین هۆكار، یەكێك لەوانە دێرینی ئەو شار و ناوچەیەیە، كە بونیاتنانی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی هەژدە كاتێك ئێلی جافی لەو ناوچەیە جێگیر بوو، لە ساڵی 1889 و سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیش، هەڵەبجە بە رەسمی كرا بە قەزا، لەرووی جوگرافیشەوە شارەكە شوێن و پێگەیەكی گرنگی هەیەو دەكەوێتە سەر سنووری ئێرانەوە، لە رووی كشتوكاڵیشەوە خاوەنی خاكێكی بە پیتە لەسەر ئاستی كوردستان و هەموو عیراق، لە رووی رۆشنبیریشەوە شارەكە خاوەنی دەیان شاعیر و كەسایەتی بەناوبانگە لە ئێستا و رابردووشدا.

شارێكی پڕ لە قوربانی
هەڵەبجە لەرووی قوربانیشەوە، یەكێكە لە شارە كارساتبارەكان و خەڵكەكەی نەهامەتی زۆریان بینیوە، لە سەردەمی حكومەتەكانی پێشووی عیراق و سەردەمی رژێمی بەعسیش، دوای شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بەسەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین رۆڵەی ئەم شارە گیانی خۆیان بەخشی لە پێشمەرگایەتی و خەبات دژ بە رژێمی بەعس بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی ئەم گەلە لەعیراقدا، كارەساتبارترین رووداویش لە مێژووی شارەكە و كوردستانیشدا، كیماباران كردنی بوو لە ساڵی 1988 و بە فەرمانی عەلی كیمیاوی، كە زیاتر لە پێنج هەزار كەسی شەهید بوون و هەزاران كەسی تریشی برینداربوون.

تەواوكردنی رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان
دوای دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوكردنی رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، هەڵەبجە بەرەسمی دەبێت بە (19)مین پارێزگای عیراق و دەچێتە پاڵ  پارێزگا كوردستانییەكانی تری ناو عیراق.
پێشتر حكومەتی هەرێم لە حوزەیرانی 2013دا پێكهێنانی پارێزگای هەڵەبجەی راگەیاند، كە قەزاكانی هەڵەبجە و شارباژێڕ و پێنجوێن و سەید سادقی لەسەر بێت، لە 13ی ئاداری ساڵی 2023یش محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند.
بە هیوای ئەوەی پارێزگابوون، ببێتە هۆكارێك بۆ ئینسافكردنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان كە قوربانی زۆریان داوە لە پێشوودا، هەم لە رووی ئابووری و گەشەپێدان و هەروەها لە فەراهەم كردنی هەلی كار بۆ گەنجانی شارەكەو دەوروبەری، ئەمە چ جای نوێنەرایەتی راستەقینەی سیاسیی و بەشدارییان لە بڕیاری سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان.

وتارەکانی نوسەر