هەوڵ و جووڵەكانی رژێمی بەعس، لە ماوەی حوكمڕانیدا، بۆ لە ناوبردنی نەیارەكانی و هەروەها قڕكردنی گەلی كورد بوو، ئەگەر هەڵەی ئەو رژێمەش سەری خۆی نەخواردایە، ئەوا ترسناكانە بەردەوام دەبوو لە جینۆسایدكردنی ئەم گەل و نەتەوەیە و لەناوبردنی بە تەواوی.
سیاسەتی رژێمی بەعس و بەتایبەتیش لە سەردەمی سەدام، بەهێزكردنی كەسی خۆی و حزبەكە بوو وەكو حزبێكی توندڕەوی عەرەبی و لەو چوارچێوەشدا، هەوڵی لەناوبردنی كورد و شكستپێهێنانی خەباتی ئەم گەلە یەكێك لەئامانجەكانی بوو، لەو رووەشەوە دەستی لە هیچ نەدەپاراست، هەر لە راوەدونان و گرتن و ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدانی گەنجان و رۆڵەكانی كورد، تا كیمیاباران و ئەنفال و كۆڕەو، تا رووخانی ئەم رژێمەش لە 2003، كورد دەیان و بگرە سەدان هەزار قوربانی دا.
لێرەدا تەنها باسی جینۆسایدی ئەنفال دەكەین، كە بەچەند قۆناغێك رژێمی بەعس دژ بەگەلەكەمان ئەنجامی دا، كە تێیدا 182 هەزار كەس كوژران و بێ سەروشوێنكران و زیاتر لە چوار هەزار گوندیش خاپوور كران، ئەمە چ جای كاولكردن و سوتاندنی رەزو باخ و زەویی كشتوكاڵی.
شاڵاوەکانی ئەنفال لە 18ی شوباتی 1988ەوە تا 6ی ئەیلولی هەمان ساڵی خایاند، قۆناغی یەكەمی كە لە 18ی شوبات دەستیپێكرد، ماوەی دوو مانگی خایاند و (دۆڵی جافایەتی، دوكان و بنگرد و چوارتا و قەڵاچوالان و سورداش)ی گرتەوە، نزیكەی 150 گوند لەم قۆناغەدا خاپوور كران، لە قۆناغی دووەمدا كە 22ی ئازار دەستیپێكرد، گوندەکانی سنووری (قەرەداغ و سەنگاو و بازیان و عەرەبەت و زەڕایەن و دەربەندیخان)ی گرتەوە و ناوچەی سێوسێنانیش كیمیاباران كرا، قۆناغی سێیەم لە گەرمیان بوو، كە قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، لە 7ی نیسان دەستیپێكرد و ناوچەكانی (چەمچەماڵ و سەنگاو و كفری و كەلار و قادر كەرەم و دوبز و تیلەكۆ)ی گرتەوە و نزیكەی 500 گوند و چوار ناحیە خاپوور كران، قۆناغی چوارەم لە 3ی ئایار دەستیپێكرد و تا 8ی ئایاری خایاند و ناوچەكانی (كەركوك و پردێ و تەقتەق و شوان و ئاغجەلەر و شێخ بزێنی و دەشتی کۆیە)ی گرتەوەو گوندی گۆپتەپە و عەسكەر و چەمی رێزان كیمیاباران كران.
دواتر قۆناغەكانی 5 و 6 و 7 لە 15 ئایار دەستیپێكرد و سێ مانگی خایاند، گوندەکانی سنووری (پردێ و هەولێر و مەسیف و شەقڵاوە و هیران و دۆڵی نازەنین و هەریر و خەلیفان و دۆڵی خۆشناوەتی، سۆران، رەواندوز، وەرتێ، چۆمان، چوارقوڕنە، رانیە، قەڵادزێ و بناری قەندیل)ی گرتەوە، قۆناغی هەشت، كە دوایین قۆناغ بوو، لە 26ی ئاب بەڕێوەچوو لەناوچەی بادینان و تا 6ی ئەیلولی خایاند و ناوچەكانی (ئامێدی و ئەتروش و ئیمنكی و باتوفەو زاخۆ و دێرە سوورو كانی ماسی) گرتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوەداو لەگەڵ پلان و هەوڵی دیكتاتۆرییەتی بەعس، دواجار ئەم گەلە مایەوەو ئەو حزبە خوێنڕێژە دەسەڵاتی لەدەستداو تا هەتایە خرایە زبڵدانی مێژووەوە.