52
لە ئەفسانە و چیرۆکە میللییەکانماندا ئەژدیها و دێو پانتاییەکی گەورەیان داگیرکردووە، هەردووکیان بە ستەمکار ناوزەد دەکرێن و پیشەیان بەردەوام زیانگەیاندن بووە بە خەڵکی.
ئەژدیها لە ئەفسانەدا هەمیشە سەرچاوەی ئاو لە خەڵکی شار و ئاوەدانی دەگرێت و نایەڵێت یەک دڵۆپ ئاویان پێ بگات و خەڵکی دەخاتە تینوێتی و چەند بۆی بکرێت دەخوازێت قڕیان تێ بخات و زۆرێکیشیان لە تینوێتیدا دەخنکێن، تا لە دەرفەتێکدا پاڵەوانێک پەیدا دەبێت و عەقڵی لێ دەخاتە کار و راست و چەپ خەنجەر یان شمشێری ساودراو لەخۆی دەبەستێ و هەر کە پەلاماری ئەژدیها دەدات هەڵیدەلووشێت، بەڵام تیغی چەپ و راست لالغاوەی هەڵدەتڵیشێنێت و دەیکوژێت، بەمجۆرە خەڵکی شار لە ستەمی ئەژدیها رزگار دەکات و بە کچی پاشا شاد دەبێت، بەو بۆنەیەوە حەوت شەو و حەوت رۆژ دەیکەن بە شایی و زەماوەند و ئیتر لەوە بەدوا ئارامی باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێت و گورگ و مەڕ پێکەوە هەڵدەکەن.
بە هەمان شێوەش یاخوا دێو روو نەکاتە هیچ مەملەکەتێک، ئەمە لە ئەفسانەدا روویداوە، دێوێک پەیدابووە و رووی رۆژی لێگرتوون و دنیای لێکردوون بە تاریکستان و بەجارێ ژیانی لێ تاڵکردوون، هەرچی کوڕی یەکی یەکی و کیژی جوانیان هەیە، بە کچی پاشایشەوە فڕاندوونی و لە قەڵا و قەڵابەندی خۆیدا لەودیو کێوی قافەوە بەندی کردوون و مەملەکەتی کردووەتە وێرانەیەکی تەواو.
حیکایەتەکە وای دەگێڕێتەوە کە رۆحی دێو لە کوولەکەیەکدایە و لە پشت حەوت دەریا و حەوت شاخدا شاردوویەتییەوە، لەو قەڵایەدایە کە ئەو خەڵکەی تێدا زیندانی کردووە و تەلیسمی لێکردوون و خەوی لێخستوون. با زۆر درێژەی نەدەینێ دواجار کوڕە مەلەوانێکی لاوخاس شاخ و کێو دەبڕێت و تادەگاتە قەڵای دێوە و رۆحەکەی لەو کوولەکەیەدا دەردەهێنێت، بەوە دێوە هەڵدەترۆپێت و لاوان و کیژانی زیندانیی دەستی دێوە بە خزم و کەسیان شاد دەبنەوە، کیژی پاشاش لە کوڕەی لاوچاک مارە دەکرێت و خەڵکی مەملەکەت رزگاریان دەبێت.
حیکایەتخوانیش کە لە جیهانی ئەفسانە و خەیاڵەوە دەگوێزێتەوە بۆ جیهانی واقیعە تاڵەکەی مەملەکەتە راستەقینەکەی خۆی تەماشا دەکات هەموو ئەو ئەژدیها و دێو و درنجەی ئەم لە خەیاڵی خۆیدا بۆ گوێگرانی دیوەخانی هۆنیوەتەوە رێک لێرەش بەرجەستەن، بە خوایشتی خۆیان تەراتێنیانە و ستەمەکەی ئەمان تاڵتر و سەختترە، نە ئەو ئەژدیهایەن کە لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە هاتبێتنە خوارەوە و نە ئەو دێوانەن کە لە پشت کێوی قافەوە شاڵاویان هێنابێت، بەڵکو ئەمانە ئەژدیهای خۆوڵاتین و ژەهریان هێندە کوشندەیە خەڵکی حەوت مەملەکەتیش بەرگەی ناگرێت.
ئەمانە دێوی خۆوڵاتین و کوولەکەی رۆحیان لە قەڵا و قەڵابەندی نەوتی بە قاچاخ فرۆشراو و کەس خێر لێ نەدیودایە، لە قۆرخکردنی باشترین زەویی ناوشار و قەراخ شارەکاندایە بۆ پرۆژەی ساختەی قازانج یەک بە هەزار لە رێگەی دزێوترین رەفتار و مۆراڵەوە، لە بازرگانیکردندایە بە ماددەی هۆشبەر و هەرچی ئەو کارە قاچاخانەی ترە کە خوا و خەڵکی مافخوراو نەفرەتی لێدەکەن.
رۆحیان لە گیرفانی هەڵاوساوی هەموو ئەو مشەخۆرە حەرامخۆر و بێ ئاکارانەدایە کە سەرجەمی تانوپۆی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونیی خەڵکیان شێواندووە و بەها جوانەکانیان خستووەتە قەیرانێکی ترسناکەوە. ئەمانە ئەو سەرچاوانەیان لێبگیرێتەوە دەستبەجێ وەک ئەژدیها و دێوی ئەفسانەکان هەڵدەترۆپێن و مەملەکەتیان لێ ئاسوودە دەبێت.