دیاردە دزێوەکان

کۆمەڵگە و قەیرانی مۆراڵ

10:45 - 2025-04-21
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
35 خوێندراوەتەوە

51

دنیاکەمان دەرد و بەڵایەکی سەیر رووی تێکردووە، بۆئەوەی لێی بە دووربیت پێویستە لە ماڵی خۆت دانیشیت و پەیوەندیت بە کەسەوە نەبێت، بەڵام ئاخۆ ئەمە راستە و دەگونجێت لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا؟ بێگومان کەس ئەمەی بۆ نالوێت و نەشلواوە، مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و تەنانەت باب و باپیرانیشی لە ئەشکەوتدا هەر لە دەوری ئاگردان کۆبوونەتەوە و ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکانیان کردووە، زمانیان پشکوتووە و لە قۆناغی راو و کار و کشتوکاڵیاندا رەنگیداوەتەوە، کەواتە مرۆڤ بەبێ یەکتر هەڵناکەن و رەوتی ژیانیشیان ناجاربە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ماددی و مەعنەوییان دەکات. 
ئەم بارە لە تەواوی کۆمەڵگەکانی سەر زەویدا بە یاسا، نەریت، مۆراڵی گشتیی رێکخراوە و تەواوی کۆمەڵگەکان کەم و زۆر دەستیان لەگەڵ نەرم کردووە، هەر سەرپێچییەک لەمانە سزای خۆی هەیە و مامەڵەی گونجاوی خۆی لەگەڵدا دەکرێت، بە تایبەتی ئەگەر تۆ لە کۆمەڵگەیەکدا بژیت دەزگا جۆراوجۆرەکانی بتوانن کەمێک مامەڵەی راست و دروست لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی خۆیاندا بکەن و کەمێک، زۆریش نا، بە تەنگ حەقی خوراوی هاووڵاتییەکانی خۆیانەوە بچن.
تۆ لە خۆتەوە بیگرە تا دۆست و ناسیاوانی دەوروبەرت، تەماشا دەکەیت هەریەکە و بە جۆرێک لەلایەن کەسێکی کۆمەڵگەکەی خۆیەوە فێڵی لێکراوە، فریویداوە و حەقی خواردووە، گەلێک جاریش وا رێککەوتووە کەسی فریودەر خزم یان ناسیاوی خۆی بووە. گەلێک جار لە دۆست و ناسیاوانی خۆمم بیستووە کاتێک لە پێشانگەی کڕین و فرۆشتن ئۆتۆمبیلێکیان بۆ فرۆشتووە یان کڕیوە دەڵاڵەکان چ فێڵێکیان لێکردووە و بە هەمانشێوەش لە مەسەلەی کڕین و فرۆشتنی زەوی یان شوقە یان خانوویەکدا و هەر مەشپرسە خەڵکانی ئێمە لە سیتییە (هاوچەرخەکاندا) تووشی چ دەردێک بوون و کەسیش نییە لایان لێبکاتەوە.
لە بازاڕی شارەکانی ئێمەدا هەر ئەوەندەتزانی دەنگوباس بڵاوبووەوە کە ئەوەندە و ئەوەندە پارە و ماڵی بازرگان و کاسبکاران برا، کەسی دەستبڕ و ساختەچیش ماوەیەک خۆی بزر دەکات و دواتر وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت.
لە هەمووشی سەیرتر سووتانی بازاڕ و دوکانی خەڵکە لە شارەکانماندا و هیچ کاتێک (لیژنەکانی لێکۆڵینەوە) لە لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری کارەساتەکەدا ناگەنە هیچ ئەنجامێک و بەمە خەڵک زیاتر باوەڕ بەوە دەکات کە دەستی لە پشتەوەیە و رەنگە نەهەنگەکان بیانەوێ بۆ پرۆژەیەکی خۆیان قووتی بدەن. 
کێشەکە لەوەدایە خەڵکانێک هەن لەم کۆمەڵگەیەدا، لە کاری تاکەکەسی بچووکەوە بۆ پرۆژەی گەورە و زەبەلاح، حەق بە خۆیان دەدەن هەموو سەرپێچییەکی یاسا و نۆرم و مۆراڵی کۆمەڵایەتی بکەن و هیچ کەس و دەزگایەکیش خۆی لێناکاتە خاوەن، ئەگەریش قەزاوکوێرەکە خۆی لێکردە خاوەن و شانی دایە بەر سەندنەوەی ماف بۆ مافخوراو ئەوەندە ئاستەنگ و پێچ و پلووچی تێدەکەوێت کابرای حەق خوراوی لێ نائومێد دەبێت و ناچار دەست دەکات بە پشتێنی چەند دەستڕۆیەکدا و پەنا بۆ سوڵحی کۆمەڵایەتی دەبات. بێگومان ئەوەی کە ئاماژەم پێکرد لە مشتی خەروارێک کەمترە و ئەم بارە ناڕێک و ناهەموارە وای لە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە کردووە بە خراپی گیربخۆن و تووشی دەردێکی کردوون هیچ حەکیمێک ناتوانێت تیماری بکات، لەبەرئەوەی حەکیمەکانمان خۆیان بەشێکن لە دەردەکە!.

وتارەکانی نوسەر