دیاردە دزێوەکان

بارهەڵگر و تانکەر، پاشای رێگەوبان

09:30 - 2025-04-06
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
82 خوێندراوەتەوە

49

لە ژیانی ئەمڕۆی ئەم رەعییەتە خێر لەخۆ نەدیوەی ئێمەدا پاشا زۆرن، هەر لە پاشای گەندەڵی، تاڵانوبڕۆ، وێرانکردنی ژینگە و پاڵەوانەکانی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندیی هەژاران نەوت، کارەبا، ئاوی خواردنەوە، باج و سەرانەوە بیگرە تا دەگاتە پاشا هەرە گەورەکەی (عەرشی کەلاوە)* کە شاهەنشای گشت ئەو پاشایانەیە کە ئاماژەم پێکردوون یان نەکردوون.
بارهەڵگر و تانکەر لە نێو پاشایانی ئەم تۆڕە بەرفراوانەی ژیانی رۆژانەماندا پاشای ئەو ناونیشانەی سەرەوەیە، کە هێندە ستەمکار و گومڕایە گوێ بە هیچ یاسا و بەهایەک نادات و ژیانی ئەو خەڵکەی خستووەتە مەترسییەکی بێئامانەوە، رۆژ نییە بە بۆنەی کەمتەرخەمیی، گوێنەدان و رەچاونەکردنی هیچ نەریتێکی رێزگرتن لە ئادابی رێگەوبان و ژیانی ئەو خەڵکەی بەکاریدەهێنن کارەساتێک روونەدات و ماڵی کۆمەڵێک خەڵک کاول نەکات، ژمارەیەک بێوەژن و منداڵی هەتیوی لێنەکەوێتەوە. ئەوجا لەبەرئەوەی شۆفێری ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەست بە سەلامەتی و ئەمانی خۆیان دەکەن و لە هەر رووداوێکدا ئەوان بە سەلامەتی یان بە زیانێکی کەمەوە لێی دەردەچن و قوڕەکە بۆ شۆفێر و سەرنشینی ئۆتۆمبێلی بچووکە کە تووشی پێکدادان دەبێت لەگەڵیان خێرا و بێباکن، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بچووک لە ترسا هەزار و یەک حیسابیان بۆ دەکات و مەسەلەکە وەک پشیلە و مشکی لێهاتووە، کەچی مشکەکە چەند پەلەقاژە دەکات هەر لە دەستی دەرناچێت.
ئەمە بێجگە لە هۆکاری خراپیی رێگەوبانەکان و نەبوونی ئیشارەتی پێویستی هاتوچۆ و تاڕادەیەک هەست بە بەرپرسیارێتیی نەکردنی بەرپرسانی هاتوچۆ، کە تیژڕەوی کردووە بە تاکە پاساو با راستیش بێت، ئەی ئەرکی کارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چییە کە پێش بەو تیژڕەوی و سەرپێچییانە نەگرێت؟ ئەمە و بێجگە لە بەرپرسیارێتیی هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، کە هەریەکە و بە جۆرێک کەمتەرخەمە.
لە سەرێکی دیکەشەوە زۆرێک لەم بارهەڵگر و تانکەرانە کاڵا و کەلوپەل و نەوتی قاچاخ دەگوازنەوە و دەگوترێ بارەکە هی خۆیان نییە و هی مافیاکانە، شۆفێرەکان ماڵی خۆیان نییە و پشتیشیان ئەستوورە و ئەگەر لەم سەرپێچی و بێباکییەیان کارەساتێکیان قەوماند ئەوە بە ئاسانی و بە سوڵحێکی کۆمەڵایەتی بۆیان (چارەسەر) دەکەن و با یاسا و دادوەریی لە بنەڕەتدا لاوازیش هەر سیر بخوات. دەگوترێ هەندێک لەم شۆفێرانەی لەودیو سنوورەکانەوە دێن و دەڕۆن یان ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە یان شەوگاری درێژ بە رێگاوە بوون بەبێ خەوتن و پشوودان وەک نموونەی شۆفێری بارە تەماتە قاچاخەکە! بە هەرحاڵ، هۆکار هەرچییەک بێت هەر قوربانی زەرەمەندە و ئەو جۆرە شۆفێرانەش، کە دیسانەوە دەڵێم نەک هەموویان، وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچن و بە قەولی بەندوباوە کۆمەڵایەتییەکەمان دەبوو هەر تووشی ئەم چارەنووسە ببێت و خوا لە گوناهەکانی خۆشبێت!.  
 * پاشای عەرشی کەلاوە ناونیشانی شیعرێکی مامۆستا حەمەسەعید حەسەنە و بۆ ئەم بابەتە بە گونجاومزانی.

وتارەکانی نوسەر