50
ئەمساڵ 37ەمین ساڵیادی ئەنفالە، وێستگەیەکی هێجگار دڕندە و تاڵی ئەو زنجیرە جینۆسایدە بوو کە رژێمی بەعس دژ بە کورد کردی، ئاشکراشە لای هەموومان چ کاریگەرییەکی سەخت و فرە رەهەندی بەجێهێشتووە لای قوربانییانی بەجێماوی ئەو جینۆسایدە بە تایبەتی، وا هەست دەکەن بە تەنها بەجێهێڵراون و لە یادی ساڵانەیدا هەندێک هەڵڵاوبگریان بۆ دەکرێت و کەمێک فرمێسکی درۆینەیان بۆ دەڕێژرێت و دنیاش بەهارە بۆ رۆژی دوای یادەکە هەمووی دەچێتە گەشت و سەیرانی خۆی و تا ساڵێکی دیکە ئەمکاتە کەس هیچی بیر ناکەوێتەوە، ئەوەشی بەر زەبری کوشتن و ماڵ وێرانییەکە کەوت هەر بەو داخەوە دەتلێتەوە و زۆریشیان هەر بەو داخەوە سەریان نایەوە، زمانحاڵیشی ئەوەیە فرمێسکی درۆینەی تۆ ئاگری دەروونی من ناکوژێنێتەوە، شیڕەی وتاردانی تۆ لە یادی قوڕبەسەریی مندا هیچ ناگەیەنێت لەوە بەولاوە کە خوێ دەکەیتە زامی ساڕێژ نەبوومەوە و وەک مریشکی سەربڕاوم لێدەکەیت، مۆسیقا خەمناکەکەی لەو رۆژەدا بۆ منی بابردەڵەی جەرگ هەڵقرچاوی لێدەدەیت لە فیکەی گاڵتەپێکردن دەچێت بەو دۆخەی تێیکەوتوم و بە هەر پاساوێک پینەی بکەیت خۆیشت بەشێک بوویت لەوەی بەسەرتدا هێنام.
ئاخر تۆ رێگەت لێگرتم خۆم بکەم بە ماڵی دوژمندا و بێوەی دابنیشم و سەری خۆم لە ئۆردووگایەکدا کز بکەم وەک ئەوانەی کە کردیان و بۆ خۆیان رزگاریان بوو، تۆ بوویت نەتهێشت خۆم دەرباز بکەم و نەیشتتوانی بەرگریم لێ بکەیت و بمپارێزیت، خۆ باشت دەزانی شەڕکردنی ئەو هێزە زەبەلاح و پڕ چەکە کە هێزی وڵاتێکی گەورەی بەچۆکدا هێنا مەحاڵە و باشیشت دەزانی کە شەڕکردن لەگەڵ چەکی کیمیایی و گازی ژەهراویدا کاری کردە نییە.
خۆ تۆ دەتزانی دوژمن چەند دڕندە و دڵڕەقە، دەبوو دۆخەکەت وەک خۆی هەڵبسەنگاندایە و دوژمن بە ئاشکرا نیازی خراپی دەردەبڕی، خۆ بە چاوی خۆتان دۆخی بالیسان و شێخ وەسانتان بینی ساڵێک لەوەوپێش کە هەمان دوژمن چی پێنەکردن! خۆ هەر خۆتان زۆر باشتان دەزانی لایەکی تەواو لە نەتەوەکەی خۆتان، هۆکار هەرچییەک بووبێت، چەکی رژێمیان دژ بە ئێوە و خەڵکەکەی خۆیان هەڵگرتبوو و بووبوونە پێشقەرەوڵی ئەو لەشکر و سوپا دڕندەیە و گرتن و کوشتنی کوردێکی هاوڕەگەزی خۆیان و مریشکێکیان لەلا وەک یەک بوو. ئەوە داو بوو دوژمن بۆ ئێوە و خەڵکە بێ چەک و شەڕنەکەرەکەشی نابووەوە و مەسەلەکە کتوپڕ نەبوو، لەبەرئەوەی چەند قۆناغێکی دیکەی پێشینەی هەبوو لەم زنجیرەی کوشتوبڕەدا.
لە ساڵی 1984ەوە ئەو ژەهری کیمیایی بەکاردەهێنا و جیهانی (شارستانیی) بەرژەوەندخواز نەک لێی بێدەنگ بوون، بەڵکو پشتگیریشیان دەکرد، کەچی ئێوە نەتاندەبردەوە سەر خۆتان و هەر بالۆرەی نەبەردیی جارانتان لێدەدایەوە و خۆتان و خەڵکە بیتاوانەکەشتان کرد بە داوەکەوە، داوی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە هەر لەو گەرما و گەرمەدا خۆتان شایەتحاڵی ئەو بەکارهێنانە سامناکەی بوون لە هەڵەبجەدا و خەڵکی ناوچەکانی دیکە تاڕادەیەک لێی بێئاگابوون، تا بەو دەردەچوون و خۆشتان ئەو هەموو زیانەتان بەرکەوت و چوونە دیوی ئەودیوی سنورەوە.
ئاخر ئەم یادە کاڵ و کرچانە کە ئێوە ئێستا بەڕێوەی دەبەن چی دەگەیەنێت؟ لەوە زیاتر کە ئێسک و پروسکی بێناز لەسەریەک کەڵەبووی گۆڕی بەکۆمەڵی بیابانەکان زیاتر وردوخاش دەکات. رۆحی پڕ لە سوێ و ئازاریان زیاتر رادەچڵەکێنێت و بەردەوام سەر بە ماڵەباوانی وێرانیاندا دەکەنەوە و سۆراخی هەوڵە ناچیزە و بێئاکامەکان دەکەن بۆ گێڕانەوەیان. پێم ناڵێن چۆن ئاهی مەمکەمژە و تۆپی پەڕۆینە و نەعلی لاستیکی تێکەڵ بە ئێسک و پروسکی منداڵەکانمان لە پارووی چەوری قوڕگتان گیرنابێت؟