دیوەکانی دیکەی وشە

شێخ مەحمودی حەفید: ئەمڕۆ هەموو میللەتێك بۆ حەقی سەعادەتی خۆی حەوڵ دەدا، سەعی و ئیجتیهاد دەكا كە خۆی لە ژێر زنجیری ظوڵم و ئیستیبداد خەڵاص بكا

09:34 - 2025-05-14
مەریوان مەسعود
79 خوێندراوەتەوە

29

درێژترین و راشكاوانەترین و نیگەرانترین نامەی مەلیكی كوردستان بۆ رای گشتی

هەمیشە سەركردە و پایەبەرزەكانی كورد، بەهۆی ئەوەی هەرگیز شۆڕشەكانیان سەری نەگرتووە و نەگەیشتوونەتە ئەنجامی دڵخوازی میللەتەكەیان، بۆیە هەردەم هەوراز و نشێوی زۆر بە هەڵوێستەكانیانەوە دیارە، كە ئەمەش بۆ میللەتێكی بەش مەینەتی وەكو كورد جێگا داخێكی گەورەیە.
بۆیە لەم روانگەیەوە، ئەگەر سەیری دوو شۆڕشگێڕ و پایەبەرزی كوردی وەكو (شێخ مەحمودی حەفید) و (سەید تەها نەهری) بكەین، ئەمەمان بە روونی بۆ دەردەكەوێت، چونكە لە یەك زەمەن و لە یەك ئەرز و خاكدا، ئەوەی یەكەمیان هاوپەیمانی عوسمانییەكان و ئەوەی دووەمیان هاوپەیمانی ئینگلیزەكان بوونە، ئەمەش وایكردووە كە خەڵكی كوردستان بە تایبەت لە باشووری كوردستان تووشی راڕایی و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بوونەتەوە، بۆیە كاتێك سەید تەها بە بێ‌ گەڕانەوەی بۆ مەلیكی كوردستان (شێخ مەحمود) كە ئەوكات هاوپەیمانی عوسمانییەكان بووە و دوژمنی سەرسەختی ئینگلیزەكانیش بووە، یەكسەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئینگلیزەكان دەبەستێت و لە ماوەیەكی كەمدا هێزی عوسمانی لە رواندز و ناوچەكە دەردەپەڕێنێت و دەسەڵاتی ئینگلیزەكان دەباتە ئەو ناوچەیە، ئەمە نیگەرانییەكی زۆری شێخ مەحمودی حەفیدی لێدەكەوێتەوە.
هەرچەندە ئەگەر مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕێكی وەكو سەید تەها ئەفەندی بخوێنینەوە، خەباتێكی دوورودرێژی بۆ كوردایەتی كردووە لە باكوور و باشوور و و رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام هەردەم دوژمنەكانی كورد، لەوە سەركەوتوو بوونە كە سەركردە و لایەنە كوردییەكان بەیەكدا بدەن و بیانكەن بەگژ یەكتریدا.

نیگەرانییەكانی مەلیكی كوردستان
 بۆیە لەو كاتەدا، شێخی نەمر، یەكێك لە نیگەرانترین و دوورودرێژترین نامەكانی ژیانی خۆی دەنووسێت و ئاڕاستەی رای گشتی كوردستانی دەكات، كە تێیدا دووپاتی دەكاتەوە ئەو بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەو هێرش و هاوپەیمانێتییەی سەید تەها و پیاوەكانی نەبووە لەگەڵ ئینگلیزەكان، لەسەرەتای نامەكەیدا كە بە ئایەتێكی قورئانی پیرۆز دەستپێدەكات و دواتر دەنووسێت: (ئەمڕۆ هەرچی كوردە و ئیسلامە و لە دیانەت حیصەمەندە وا دەزانم كە لەلای مەعلووم و موحەقەقە كە من مەحروومی جاهو ئیقبال و نە موحتاجی ماڵ و مەنصەبم من ئەساسەن تەعەصوبی دینی و سەوقی حەمییەت منی مەجبوور كرد كە بەفیدای ماڵ و جاهم بۆ ئیسیقلال و ئیستیخلاصی ئەم میللەتە نەجیبەی كوردە و هەر موعامەلەیێكم بەسەرهات و لە ئەم ڕێیە و بۆ ئەم مەقصەدی خێرە گەلێ‌ شەهید و ئەسیر و ظەرەرێكی عەظیممان دی. ئومێدەوارم ئەم فیداكارییەم لەلای هەرچی ئیددیعا دەكات بە كوردایەتیی هەموو كوردێك موصەددەقە و بە شەرەفی ئەم جیهاد و فیداكارییەم ئیفتیخار ئەكا و لە ئەو سایەیە ناو و مەوقیعی كوردایەتی ئەمڕۆ لەلای هەموو كەس بڵندە و هەموویان ئەزانن ئێمە قەومێكی دیندار و جەنگاوەرین و بۆ زەررەیێكی خاكی پاكمان دەمرین و  دەژین و لە ئەم ڕێیە بمرین شەهید بمێنین سەعید و بەختیارین).
واتە، سەرەتای نامەکە نیگەرانییەكەی شێخ مەحمود، بە باسكردنی خۆی و بنەماڵەكەی و خەباتە پاكەكەی دەستپێدەكات و دەیەوێت بە رای گشتی كوردستان بڵێت، ئەوەی من كردوومە و دەیكەم لە پێناو (دین و نیشتمان)ە و بۆ ئەمەش هیچ شتێك نامەوەستێنێت و هەر بەردەوام دەبم.
مەلیكی كوردستان، نیگەرانییەكانی دێڕ دوای دێڕ زیاتر دەبێت، ئەوەتا راشكاوانە باس لە خەباتی میللەتانی دنیا دەكات، كە هەموویان تێدەكۆشن بۆ سەربەخۆیی و ئەوەش رەتدەكاتەوە كە میللەتی كورد بخرێتە ژێر پێی ئەجنەبی و داگیركەران و دەڵێت: (ئەمڕۆ هەموو میللەتێك بۆ حەقی سەعادەتی خۆی حەوڵ دەدا سەعی و ئیجتیهاد دەكا كە خۆی لەژێر زنجیری ظوڵم و ئیستیبداد خەڵاص بكا. ئێمە تاكەی چەرورە و مەنافیعی خۆمان نەزانین و بۆ مەنافیعی سیاسەتی یەكێتی تر ئالەت بین و خوێنی ئەمەندە ئیسلام و برادەرانی خۆمان بڕژێنین و بۆ مەنافیعێكی زۆر و یا كەم دنیا و ئاخیرەتمان بفرۆشین و بسووتێنین و میللەتە بێ‌ گوناهەكەی خۆمان لەژێر پێی ئەجنەبی بهێڵین. بۆ خاطری خودا و پێغەمبەر بەسە لەمەودوا هۆشیار و لەم  خەوی غەفڵەتە بێدار بین یەكتری نەخەڵەتێنین ئەم فرصەتە عەظیمەی ئەمڕۆ لەدەستمان هەیە دەرینەهێنین ڕۆژێكی وامان ئیتر بەدەست ناكەوێ‌ لەپاش نەدامەتیش فائیدەمان نادا ئەبەدی مەحكوومی سەفالەت و مەنفووری عالەمیش ئەبین).

ئەسڵی بابەتەكە !
شێخ مەحمود دوای ئەم پێشەكییە درێژە و مەبەستدارە، دێتە سەر ئەسڵی بابەتەكە و دەیەوێت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە باشوور بڵێت، كە ئەو هیچ عیلم و خەبەری نییە لەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتییە كە سەید تەها نەهری لەگەڵ ئینگلیزەكان كردوویەتی و ئەو بەناوی مەلیكی كوردستانەوە بێ‌ ئاگایی خۆی لەو بابەتە دووپاتدەكاتەوە و راشكاوانە دەڵێت: (ئێمە وا لەڕێی حەق و ئیستیقلالییەتی تاممە و سەربەخۆیی ی كوردستان خەریكین و بە هەموو صوورەت و وەسیلەیێك تەشەبوثمان كردووە و دەیكەین و ئێستایش  ئومێدمان قەطع نەبوە و بۆ موساعەدەمان هەر كەس دەستمان بگرێ‌ دەستی ئەگرین فەقەط خۆمان ژێر بارێكی لە طاقەتمان خاریج ناهێڵین و لەگەڵ هەموو دراوسێیەكانمان دەمانەوێ‌ كە بەدۆستی و بە خۆشەویستی ڕابیطەیەكی چاك بە ئەساس دابنێین فەقەط بەشەرطێك ئەویش قەدر و قیمەت و حقوومان بە تەمامی بناسێ‌ و ئیعتیرافمان پێ‌ بكات. چونكی ئێمە میللەتێكین زیللەت قبووڵ ناكەین و بۆ موحافەظەی شەرەفمان حەیاتی خۆمان دەفرۆشین و بەوە ئیفیتخار ئەكەین  وەلحاڵ خەبەرێكمان وەرگرت  كە سەید طەها ئەفەندی لەم ڕۆژانەدا تەعەهودی كردووە بەناوی كوردایەتی بەپارەیێكی زۆر و بە قووەتێكی چەند سەد كەسی موتەوەجیه و ساعییە كە عەسكەرەكانی تورك بە شەڕ لەڕەواندز و ئەگرافی گەرد و ئیخراج بكات. بە ئەم حەرەكەت و ئەم تەشەبوثەی ئەم ذاتە قەطعییەن من خەبەر و موافەقەتم نییە. سەید طەها ئەفەندی و طەرەفدارانی نە لەگەڵ من و نە لەگەڵ حكوومەتی كوردستانی من هیچ عەلاقە و موڕاجەعەتێكیان نییە ونەبوە).
واتە، شێخ مەحمود لە یەك كاتدا، سەید تەها بە بەرتیل وەرگری ئینگیز و هەروەها (بەناوی كوردایەتی) كە قسەی كردووە تۆمەتبار دەكات و لەهەمان كاتدا خۆشی لێ‌ بێبەری دەكات و دەڵێت، نە لەگەڵ من و نە لەگەڵ حكومەتی كوردستانی جنوبی هیچ پەیوەندییەكی نییە و ئێمە ئاگاداری ئەو رێككەوتنەی نین كە ئەو بۆ دەستكەوتی ماددی و شەخصی خۆی كردوویەتی.
لەهەمان كاتدا، شێخ مەحمودی حەفید، متمانەی بە خۆی و بەهێز و سوپاكەیەتی لە پاراستنی كوردستان، بۆیە رووی دەمی لە خەڵك دەكات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە خۆی و حكومەتەكەی توانای پاراستنی میللەتی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوان باوەڕیان بە خۆفرۆشتن نییە و پێی وایە دەبێت داگیركەران دان بە مافی رەوای كورد دا بنێن، ئینجا ئێمە بچینە مەیدانەوە، نەك هەر لەخۆمانەوە و لەپێناو و دەستكەوت و پارە میللەتی خۆمان بفرۆشین.
لە كۆتایی نامە درێژەكەی كە بە ئیمزای خۆی  و نووسیویەتی (فیدائیی میللەتی كورد، حەفیدزادە  مەحموود)، پەیامێكی روون و ئاشكرا و و راشكاوانە ئاڕاستەی میللەتی كورد و جەنگاوەرانی كورد دەكات و دەڵێت: (ئەی قەومی عەزیز و جەنگاوەری كورد: بەسە ئیتر یەك یەكتری بخەڵەتێنن، دین و دنیامان، قەوم و براكانمان، بۆ ئیستیفادە و مەنافیعێكی ئەزیل بكوژین، خوێنیان بفرۆشین. ئەلحەمدوللیلا ئێمە ئیسلامین و كوردین و بۆ سەلامەتیی میللەتی كورد ئەژین. پشتمان بەخودا، دەستگیرمان حەظرەتی پێغەمبەرە لە ئاخیرەت لە شەفاعەتی مەحرووممان نەكات، ئیمانمان ئەلحەمدولیللابە قووەتە، دینمان دینی موحەممەدە ئیمانمان قورئانی عەظیمول شەئنە. بێدار و هۆشیار بین بە حەول و قووەتە نیهایەت نەتیجەی ظەفەر هیی ئێمەیە. ئەمڕۆ من لە سلێمانی بە هەموو عەزم و قودرەتم و بەڕۆح و ماڵم بۆ حەیات و ئیستیحصاڵی ئیستیقلالی كوردستان وەقف كردووە. سەعی و موجاهدە ئەكەم لەهەموو براكانی كوردیشم موساعەدە و موعاوەنەت لازمە و حەتا ڕۆح و نەفەسم هەیە ئەم فیداكارییە و لە ئەم شەرەفە وەرناگەڕێنمەوە خودا و عالەمی ئیسلام و عموومی كورد مەعین و ظەهرمانە و ئینشائەڵڵا هیچ قووەت و سەطوەتێك فتوور و ساردمان ناكات و لە گەلەبی حەقی مەشرووعمان ڕوو وەرناگێڕم حەقی ئەم میللەتە مەغدوورەم دەوێ‌ و لازمە تا نیهایەت بۆ ئیستیحصاڵی دەوام و ئیصرار بكەم و ئەم میللەتە مەحوو قوربانی مەنافیعی غەیر نەكەم. والله علی ماتقول وكیل و العاقبە للمتقین و السلام علی من سمع و وعا).

شێخ مەحمودی حەفید

سەید تەهای نەهری

شێخ مەحمودی حەفید لەگەڵ بەشێک لە سوپاکەیدا

 

وتارەکانی نوسەر