ترەمپ پێیوایە شازادەی جێنشین شەوانە ناخەوێت

09:59 - 2025-05-15
هیوا محەمەد
230 خوێندراوەتەوە

ترەمپ لە یەکەم سەردانیدا لەدوای بوونی بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ جاری دووەم، رۆژی 13ی ئەم مانگە پێینایە خاکی سعودییەوە و پێشوازییەکی بێ وێنەی لێکرا، هێندە گرنگ بوو کە خۆشی ئاماژەی پێکرد لە وتارەکەیدا لە کۆشکی یەمامە.
پێش دەرچوونی لە ئەمریکا، وتی کە ئەم سەردانەی مێژوویی دەبێت و گۆڕانکاریی و بڕیاری گرنگی لێدەکەوێتەوە، هاوکاتیش لەگەڵ دەرچوونیدا، حەماس دیلە ئیسرائیلییەکەیان بەناوی عیدان ئەلکسەندەر لەسەر داوای ئەمریکا ئازادکرد و بە دوایدا داوایان کرد کە ئەمریکا هەژموونی خۆی بەکار بهێنێت لەسەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی جەنگ و هێرشەکانی سەر غەززە.
پێشتر ترەمپ پێشنیازی ئەوەی کرد کە خەڵکی غەززە دابەشبکرێن بەسەر چەند وڵاتێکدا و شارەکە بکرێتە شارێکی نموونەیی گەشتیاری، بەڵام کە ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەویش جارێکی تر نەچوەوە سەر باسەکە، لەگەڵ گەیشتنی ترەمپیش بۆ ریاز، ناتانیاهۆ وتی نیوەی خەڵکی غەززە ئەگەر رێگەیان پێبدرێت دەیانەوێت ئەو شارە جێبهێڵن!.
سەرۆکی سوریا لە رێگەی تەلەفۆنەوە، رۆژی 12 ی ئەم مانگە داوای لە شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد سەلمان کرد کە تکایان بۆ بکات لای ترەمپ تا ئابڵووقەی ئابوورییان لەسەر هەڵگرێت، دیارە ئەمەش مەرجی پێشینەی هەیە لەلایەن سعودیەوە بۆ سەر سوریا، چونکە ئەوان لەگەڵ ئەوە نین تورکیا لە سوریادا رۆڵ و هەژموونی هەبێت، بۆیە دەکرێت داواکەی شەرع لەلایەن محەمەد سەلمانەوە جێبەجێکرابێت، بەو مەرجەی کە سوریا لەژێر هەژموونی سعودیەدا بێت، رەنگە ئەمەش رەزامەندی ئەمریکاشی لەسەر بێت، چونکە کاتێک ترەمپ لەوتارەکەیدا رایگەیاند و وتی فەرمان دەکەم ئابڵووقی سەر سوریا هەڵگرن لەسەر داوای محەمەد سەلمان، ئامادەبوان کەوتنە چەپڵە لێدان و هەستان لەبەری، شازادەی جێنشینیش بە روویەکی خۆشەوە هەستا و هەردوو دەستی نا بە سنگییەوە وەک سوپاسگوزاریی.
دواتر وتی دەمەوێت حکومڕانییەیەکی نوێ لە سوریا بێتەکایەوە و پەیوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێت، داواش دەکەم لە مارکو روبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەم، لە ئیستەنبوڵ چاوی بکەوێت بە شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و باسی زۆرتری دۆخەکە بکەن. 

دەستکەوتێکە بۆ سعودیە
کەواتە هەڵگرتنی ئابڵووقەی ئابووریی سەر سوریا بووە دەستکەوتی سعودیە و کەمکردنەوەی گرنگی و هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لەسەر سوریا، چونکە تورکیا لە سوریادا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت و هەر ئەویش هاندەر و هێنەری ئەو گروپە بووە بۆ حکومڕانی و لادانی ئەسەد.
ترەمپ لەم سەردانەیدا کە درێژەی دەبێت بۆ ئیمارات و قەتەریش، پێوایە ئاشتیی لەژێر سێبەری گەشەکردن و پێشکەوتنی ئابوورییدا دێنێتە کایەوە، ئەو داواشی لە ئێران کرد کە بێنە پێش و مل بنێن بۆ ئاشتی و رێککەوتن تا ئەوانیش پێشبکەون و بەشدار بن لە سەقامگیریی ناوچەکەدا، ئەمە پێشتر ئێرانیش داوای کرد و وتی ئێمە دەتوانین لە رێگەی پەیوەندییەکانمانەوە لەگەڵ ئەمریکا، پەرە بە بواری بازرگانیی بدەین و سوود بەیەک بگەیەنین.
دەڵێت ئەوانیش عاقڵ بوون
ترەمپ ئاماژەی بە ( عاقڵ بوونی) حوسییەکان کرد و وتی بەڵێنیان داوە کە چیدی هێرش ناکەنە سەر کەشتییەکانمان لە دەریای سوور و رێگە ناگرن لە هاتن و چوونیان، دەرهێنانی ناوەکەشیانی لە لیستی تیرۆر لەسەردەمی بایدن، بە هەڵەی گەورە زانی، ئەمەش دیسان پاداشتێکی گەوریە بۆ سعودیە، چونکە ئەمانیش حوسییەکان بە دوژمنی وڵاتەکەیان دەزانن.
ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بە پێشکەوتنی سعودیە دا لەسەر ئاستی جیهان، هەموو ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییانەشی لە چاوی محەمەد سەلمان زانی و چەند جارێک بە پیاوی لێهاتووی گەورە ناوی بارد، تا دواجار وتی هێندە ئەرکی گرتۆتە ئەستۆ و گۆڕانکاریی خێرا دەکات پێم وانییە شەوانە بخەوێت!.

بەرهەمهێنان تا یەک تریلیۆن دۆلار
لەیەکەم رۆژی سەردانەکەیدا، واژووی پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی کرد لەگەڵ سعودیە بە بڕی 300 ملیار دۆلار، لەگەڵیشیدا محەمەد سەلمان وتی کە ئەوە سەرەتایە و دەڕوات بۆ یەک ترلیۆن، ترەمپ لە لێداونەیدا کاتی وەرگرتنی سەرۆکایەتییەکە، داوای کرد کە سعودیە بە بڕی 500 ملیار  وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام دۆخەکە هێندە لەبار دەبینن، خێرا هەنگاو دەنێن بۆ زۆرتر تا یەک ترلیۆن.
ئەم سەردانە وادەکات دەکات کە پێگەی سعودیە لە ناوچەکە و جیهانیش پتەوتر ببێت، بەتایبەتی کە ترەمپ چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سعودییە باشترین و کۆنترین دۆستی ئەمریکایە و زیاتر لە 90 ساڵە ئەم پەیوەندییە دامەزراوە، محەمەد سەلمانیش ئاماژەی بە هەمان خاڵ کرد.
هاوکات لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ ئەو سێ وڵاتەی کەنداو، کۆبوونەوەی ئۆکرانیا و روسیا بە بەشداریی دوو نوێنەری تایبەتی ترەمپ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، ترەمپ پێیوایە لەوێوە رێککەوتن و لەسەر پرۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەست پێدەکات و بە بێگومانەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستکەوتێکی باشە، بەڵام لەگەڵیدا رەخنەی لە رۆڵی ئەوروپا گرت کە ئەوان نەیانتوانییەوە هەنگاوی لەم چەشنە بنێن.  
هەروا ئاماژەی بە لێکنزیک بوونەوە لەگەڵ چین کرد و پێدەچێت بەم نزیکانە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەش کۆببێتەوە. 
ئێستا ئەوەی دەیبینین، دارە سیحرییەکەی دەستی ترەمپە کە لەم سەردانەدا، پرۆژە پێشوەخت قسە لەسەر کراوەکان رادەگەیەنێت و دەیکاتە دەستکەوتی خۆی و لەوێشەوە ئەو خەونە دێنێتەدی کە دەیەوێت ببێتە یەکەم جەنتڵ مانی جیهان لەم چوار ساڵی حکومڕانییەیدا.

لابردنی ئابڵووقەی ئابووری لەسەر سوریا، بووە بە دەستکەوت بۆ سعودیە

وتارەکانی نوسەر