هەولێرستان

قەرەنی جەمیل... ڕەنگێك لە نەمریی

12:53 - 2025-06-04
دڵزار حەسەن
197 خوێندراوەتەوە

 

مامۆستای هونەرمەند قەرەنی جەمیل، دوێنێ 3/6/2025 گیانی سپارت و ماڵئاوایی لێكردین. قەرەنی یەكێك بوو لەو نیگاركێش و هونەركارە جیهانیانەی، كە بەس كورد قەدری نەدەزانی، ئەگینا كارەكانی لە ئاستێكی بەرزی جیهانیدا بوو. بەم بۆنە خەمناكەوە، ئەو چەند وشەیە بۆ مەزنی كارە هونەرییەكانی پێشكەش دەكەم. 
 بە ئەسپایی لەبەردەم تابلۆکانی وەستام، ویستم کەس بەو هاتنەم نەزانێ و هیچ گفتوگۆ و دەنگە دەنگێک، تەلیسمی ئەو هاتنەم نەپسێنێ. وا راهاتووم بە دوو جۆر سەیری وێنە و تابلۆکان بکەم، لە دوور و نزیکەوە، دوور بۆ ئەوەی فەزای تابلۆکە وەک خۆی سەیر بکەیت و گەورەیی هونەرەکە بە مەزنی ببینی. کاتێکیش زۆر لێی نزیک دەکەومەوە، بۆ ئەوەمە بە هەستی چاوەکانم دەست لە رەنگەکانی بدەم و وەک وشە لەناو زەینمدا بیانهێڵمەوە، وێنەکانی تێکەڵ بە ناخم ببن. ئەمڕۆکەیش هەر وامکرد.
- کەمێک دوور کەوە، تابلۆ لە دوورەوە سەیر دەکرێ، کۆسرەتخانی شاعیر بەو شێوەیە سڵاوی لێکردم.
نەدەبوو هیچ گفتوگۆیەک بکەم، بەڵام کردم. باسی (نەدیم ئادۆ)ی نیگارکێش و سینەماکارم بۆ کرد، کە کوردی خۆرئاواییە لە کەنەدا دادەنیشێ. لە ساڵی 2005 لە دیمەشق ناسیم، وتم وێنە و کارەکانی ئەو، لە شوێنە گشتییەکانی وەک فرۆکەخانە و وێستگەی شەمەندۆفێر و هۆتێل و هتد... هەڵواسراوە، ئاخر دەبووا ئیشەکانی قەرەنی جەمیلی مەزنیش لەناو هۆڵە گشتییەکاندا بێ، تا دنیا بزانێ چ بەهرەمەندێکمان هەیە.
بێکەس حەمەد قادری شاعیریش لەولاوە سێ گەنجی قۆزی پێناساندم، ویستم بڵێم تەنها قەرەنی ڕەنگ دەناسێ، ئیدی خەیاڵی هەموومان ڕۆیشت!؟. باش بوو زۆرم قسە نەکرد، قەرار بوو بێدەنگ بم و هیچ نەڵێم، کەس نەدوێنم و گوێ لە کەس رانەگرم، لە تابلۆکانی قەرەنی جەمیل نەبێت. لەبەردەم ئەو هەموو قسەیە، ئەو هەموو تێکستە، ئەو هەموو هونەرە، پێم ناڵێی قسە لەسەر چی بکەین و گفتوگۆ لەبارەی چیەوە دەکەی؟ کەوتن، جێهێشتن، خەونی خەونەکان.  
لەپشت هەر رەنگێک، دنیایەک قسە دەکا.  مەعریفەیەکی قووڵ، لە نێو رەنگەکانیدا بوونی هەیە.  بێدەنگ، بەڵام لێوان لێو لەنهێنی. زۆر هەوڵمدا بزانم کامە رەنگی پێش رەنگەکانی دیکە خستووە، ئاخر ئاسان نییە تێگەیشتن لە وەها کەسانێک، کە هونەرییانە فڵچە بگرێ و  بزانێ رەنگ لە کوێ بەکار دەهێنێت. قەرەنی بەڕاستی هونەركارە، ئەدۆنیسی شاعیر دەڵێت، وەستایەکی بیناسازیی و شاعیرێک وەک یەکن، هەردووکیان ئیش لەناو ئیستاتیکادا دەکەن، جەمالییەتی ئیشەکانی قەرەنی جەمیلیش لەوەدایە، رەنگ بە فیڕۆ نادا، لەناو زهنیدا مانا دەخوڵقێنێ و بە رەنگ پێمان دەبەخشێتەوە. بە کەوتن دەست پێدەکا و جێهێشتن روودەدا و بە خەونی خەونەکان کۆتاییپێدێنێ. ئەو رەنگە سەربازییە هیچ کاتێک لێمان نابێتەوە، چەندی رادەکەین هەر بەدوامانەوەیە. کاتێک باش لە تابلۆکانی ورد دەبییەوە، تێدەگەی جەنگ، بەعس، ستەمکاری، بەتەواوی دنیای ئێمەی داگیرکردووە و بەئاسانی لێمان نابێتەوە.

وتارەکانی نوسەر