یادی 62 ساڵەی داستانەكەی پردی زەڵم و شەهیدبوونی حەمەگوڵپی

10:07 - 2025-08-11
ڕاپۆرت
30 جار خوێندراوەتەوە

لەو داستانەی پردی زەڵمدا، شەهید حەمەگوڵپی وەك سونبول و سەرقافڵەی شەهیدەكان ئەژمار دەكرێت، چونكە كە فیشەكی لێدەبڕێت، ئازا و نەترس و بوێرانە، لە سەنگەرەكەی چۆتە دەرەوە و بە خەنجەرێكەوە پەلاماری تانکێکی داوە و چۆتە سەرەوە، بە خەنجەر عەدەد رەشاشی سەر تانکەکەی كوشتووە

داستانی پردی زەڵم لە خورماڵ-ی سنووری پارێزگای هەڵەبجە كە رۆژی 12/8/1963 لە دژی هێرشی حەرەس قــــەومییەكــــان تۆمــــاركــــرا، یەكێكە لە نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تیادا 12 پێشمەرگە، شەهیدبوون.
دوای هــــەڵایسانی شــــۆڕشی ئەیلول، پێشمەرگە چەند ناوچەیەكی ئازاد كرد كە دەوروبەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، بەشێك بوون لە ناوچە ئازادكراوەكان.
كە حەرەس قەومیەكان لە 8/2/1963 بە كودەتایەك دەسەڵاتی عیراقیان گرتە دەست، هەوڵیاندا ناوچە رزگاركراوەكان داگیربكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، تاوانباری خوێنڕێژ زەعیم سدیق مستەفا- فەرماندەی لیوای 20 بە چەكی قورس و فڕۆكەوە، راسپێردرا بۆ گرتنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، ئەویش لە كەركوكەوە دەستیكرد بە تۆپبارانكردنی ئەو شار و گوندانەی كە دەهاتنە رێی و دەستی لە شەهیدكردنی هاووڵاتیانیش نەدەپاراست، گەیشتە شاری سلێمانی و لەوێش لە رۆژی 9/6/1963، نزیكەی 200 كەسی بێتاوانی شەهید و زیندەبەچاڵ كرد، دەربەندیخانیشی گرتەوە و لە گوندی (سیارە) 32 هاووڵاتیی شەهیدكرد، دوای ئەوێش روویكردە هەڵەبجە، بەڵام هێزێكی تۆكمە لە پێشمەرگەی كوردستان و هێزی میللی ناوچەكە، بە فەرماندەیی پێشمەرگەی رۆژە سەختەكانی خەبات (كاكە حەمەی فەرەج هەڵەبجەیی)، خۆیان تەیاركرد بۆ بەرگرتن لە هێزەكەی ئەو تاوانبارە و لە (پردی زەڵم) خۆیان قایم كرد.
هێزی دوژمن گەیشتە جێ و لە سەعات سفری رۆژی 12/8/1963، شەڕ دەستیپێكرد، پێشمەرگە بەو چەكە سوك و كۆنانەی پێیان بوون، هێرشێكی لەناكاو و جوامێرانەیان كرد سەر سوپاكەی دوژمن و تێكیان شكاند، دوای چەندین كوژراو، دوژمن بە ناچاری پاشەكشەی كرد و گەڕایەوە بۆ مۆڵگەكانیان لە سەیدسادق.
ئەو سەركەوتنە، بە خوێنی گەشی 12 پێشمەرگە نەخشێندرا بەم ناوانە:
شەهیدان: محەمەد ئەحمەد حەملە ناسراو بە حەمە گوڵپی، سابیر حەمە حەسەن/ خورماڵ، عەلی ئەحمەد ناسراو بە عەلی ئەحەكەچەڵ/ هەڵەبجە، حەسەن قادر/ هانەسوریی، عینایەت ئەحمەد مەحمود/ ئێناخی، حەمەعەلی حەمەئەمین/ ئێناخی، میرزا ئەمین دەرەقەیسەری/ بیارە، محەمەد عەبدولعەزیز/ ئێناخی، میرزا عەبدولعەزیز/ ئێناخی. بەداخەوە ناوی شەهیدەكانی دیكە نەزانراون.
لەو داستانەی پردی زەڵمدا، شەهید حەمەگوڵپی وەك سونبول و سەرقافڵەی شەهیدەكان ئەژمار دەكرێت، چونكە كە فیشەكی لێدەبڕێت، ئازا و نەترس و بوێرانە، لە سەنگەرەكەی چۆتە دەرەوە و بە خەنجەرێكەوە پەلاماری تانکێکی داوە و چۆتە سەرەوە، بە خەنجەر عەدەد رەشاشی سەر تانکەکەی كوشتووە، بەڵام بەداخەوە تانکێکی دیكە بە دۆشكە تەقەی لێكردووە و شەهیدی كردووە.
دوای ئەوە، دوژمن كشاوەتەوە بۆ سەیدسادق و تەرمی پیرۆزی حەمەگوڵپیشیان بەدوای تانکێکدا راكێشاوە و ماوەی سێ رۆژ لەسەر جادەی سەیدسادق دایان ناوە، دواتر خەڵكی ئەوێ جوامێرانە و بە تكای زۆر، تەرمەكەیان وەرگرتۆتەوە و هەر بە بەرگە خوێناویەكەیەوە، لە سەیدسادق بەخاكیان سپاردووە.
سوپای عیراق لە تۆڵەی ئەو شكستەدا، كەوتە بۆردومانكردنی گوندەكان و كوشتنی خەڵكی سڤیل، بۆ نموونە: هەر لە گوندی كوڵكنی سێ هاووڵاتیی  شەهیدكردووە، بەناوەكانی: ئەحمەد فەقێ كەرەم، ئامینە ئەحمەد عەبدولمحەمەد و منداڵێكی تەمەن نزیكەی سێ ساڵان.
 شەهید حەمەگوڵپی لە دایكبووی ساڵی 1930ی گوندی (گوڵپ)ە،  ساڵی 1957 بووە بە پۆلیس و بەهۆی خوێندەوارییەكەیەوە لە ئیدارەی پۆلیسخانە ئەركی دراوەتێ.
ساڵی 1962 مەركەزی پۆلیسی سۆسەكان رادەستی پێشمەرگە دەكات و خۆشی دەبێت بە پێشمەرگە،  لە كاروانی تێكۆشاندا تاریق و نامیقی كوڕی و كچێكی بچووكی شەهیدكراون، ئەسكەندەری برای لە موسڵ لە سێدارە دراوە، حەفسە سەلیمی هاوسەری لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهیدكراوە.
عومەر عەبدولقادر خورماڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان