نوگرە سەلمان و قاپەكەی عاسی عەلی

12:17 - 2025-08-11
هەمەرەنگ
56 جار خوێندراوەتەوە

عاسی عەلی یەكێكە لە بەندكراوانی نوگرە سەلمان باس لە نەهامەتییەكانی ئەو گرتووخانەیە دەكات و دەڵێت: تەمەنم حەوت ساڵ بوو كە لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان بەند كرام، بە چاوی خۆم دەیان تاوانی عەجاجی جەلادم بینی. 
عاسی بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1981 لەدایكبووم، تەمەنم حەوت ساڵ بوو كە لە نوگرە سەلمان بە دەستی عەجاجی جەلادەوە ئەشكەنجە دەدرام، بە چاوی خۆم بینیومە كە چەندین كەسی بە تەمەن لەژێر ئەشكەنجەی عەجاج گیانیان لەدەستدا. هەر كەسێ لە نوگرە سەلمان قسەی بكردایە، عەجاج لەسەر زەوی پاڵی دەخست و بەسەریدا دەڕۆیشت و بە كێبڵ و شیش یان هەر شتێكی تر كە لەبەر دەستی بوایە ئەشكەنجەی دەدا. هەندێكجار بەندكراوەكان لەكاتی ئەشكەنجەدا هاواریان دەكرد و لەبەر عەجاج دەپاڕانەوە و دەیانوت: بیكە بۆ خاتری خودا لێمان مەدە، ئەویش دەیوت خودا لە مۆڵەتە و من سزاكان ناوەستێنم تا لە مۆڵەت دەگەڕێتەوە، ئێرە قیامەتی ئێوەیە و نابێت بە زیندوویی كەستان لێرە دەربچن.  
 وتیشی: قاپێكم هەبوو كە سەموونی رەقم تێدا دەخووساند بۆ ئەوەی بیخۆم، خواردنی ئێمە لە نوگرە سەلمان رۆژانە سەموونێك و كوپێك ئاو بوو، سەموونەكە زۆر رەق بوو، دەبوایە بە بەرد سەموونەكە بشكێنین، سەموونەكەم دەشكاند و دەمكردە ناو قاپەكە و ئاوم تێدەكرد بۆ ئەوەی بخووسێ، هەتا بیخۆم.  جگە لە خۆم زۆر كەسی تر ئەو قاپەیان بەكاردەهێنا،  لەترسی عەجاج قاپەكەم دەشاردەوە، چونكە هەركاتێك هاتبایەتە ناو زیندانەكە خۆی و پاسەوانەكانی هەرچی كەلوپەل و پارە هەبوایە لەگەڵ خۆیان دەیانبرد، منیش لە ترسی ئەوان قاپەكەم دەشاردەوە بۆئەوەی نەیبەن. ئەو قاپەم تا ئێستا وەك یادەوەرییەكی تاڵ لای خۆم پاراستووە. 
 پشتیوان محەمەد 

بابەتە پەیوەندیدارەکان