دوێنێ ساڵیادی كۆچی هونەرمەندی كورد (سابیر كوردستانی) بوو، كە رۆژی 10/8/2020 بە پەتای كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
ئەو هونەرمەندە لە منداڵییەوە بەهۆی بەكارهێنانی چارەسەرێكی پزیشكیی هەڵەوە، بینایی لەدەستدا، خاوەنی چەندین گۆرانی ناوازەیە، وەك خۆی دەیوت: زۆربەی گۆرانییەكانم رووداوێكی راستەقینە لە پشتییەوەیەتی، بە تایبەتی ئەو گۆرانییانەی كە خۆم تێكستەكانیم نووسیون.
سابیر كوردستانی، لە ساڵی 1955 لە شاری كەركوك لەدایكبووە، خاوەنی سێ كچ و كوڕێكە، ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار لە قوتابخانەی ئیمام قاسم لە شاری كەركوك لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گۆرانی وتووە، هەر لەو كاتەشەوە توانی خۆی وەكو گۆرانیبێژێك بناسێنێت، ساڵی 1971 یەكەم گۆرانی لە تەلەفزیۆنی كەركوك تۆماركردووە و لە ساڵی 1972 گۆرانییەكی لە ئێزگەی دەنگی كوردی لە بەغدا تۆمار كرد.
رۆژی 10/8/2020 لە تەمەنی 65 ساڵیدا بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.
یەسنا محەمەد