مەقامبێژان پارێزەرانی كەلتورن

12:25 - 2025-08-11
هەمەرەنگ
33 جار خوێندراوەتەوە

ناوچەی كەركوك و گەرمیان زۆرێك لە مەقامبێژانی بە ئەزموون و دەنگخۆشیان لەخۆگرتووە كە توانیویانە پارێزگاری لە مەقامات بكەن. 
هونەرمەندی ناسراوی مەقاماتی كوردی، محەمەد لوقمان نوری كە بە (محەمەدی باڵەبان) یاخود (محەمەد گەرمیانی) ناسراوە، خاوەنی دەنگێكی خۆشی رەسەنی مەقاماتە و یەكێك بوو لەو مەقامبێژانەی كە لەمدواییەدا بەشداریی دووەمین دیداری مەقاماتی كوردی كرد كە لە شاری كەركوك بەڕێوەچوو.
محەمەد گەرمیانی بە دوالاپەڕەی وت: زیاتر لە 21 ساڵ دەبێت ئامێری باڵەبان دەژنم، هاوكاتیش وەك مەقامبێژێك خزمەت بە هونەری كوردی دەكەم. هەریەك لە مامۆستایان سەڵاح داودە و شكور خەیات و ئیحسان زیرەك مامۆستام بوون. توانیومە جۆرەكانی مەقامات فێر ببم و چەندین لێكۆڵینەوەی زانستیم لەبارەی مەقاماتەوە كردووە و دەتوانم بڵێم لە زۆربەی مۆسیقاكانی تایبەت بە (هۆرە و بەیت و بالۆرە) شارەزاییم هەیە.
وتیشی: پێویستە مەقابێژە بەهرەمەندەكان گرنگیی تەواو بەو هونەرە بدەن، چونكە ئەوان پارێزەری كەلتوری كوردەوارین، هیواشی خواست لە هەموو ناوچەكانی كوردستان ناوەندێكی مەقامات هەبێ هەر وەك چۆن لە كەركوك ناوەندێك هەیە بۆ مەقام، كە ئەویش ناوەندی عەلی مەردانە.     
 كەركوك، رزگار شوانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان