راپۆرتی / ئهیاز ههركی
بێری غهریب:
پێش 2009 ژنانی بادینان لە ناو مەیدانی کارکردندا نەبوون، لەدوای ئەوەوە رێژەکە بەرزبووەتهوه، تا ئێستاش لەلایەن هەندێ لە خێزانەکانیانەوە بۆ دهستهبهركردنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان رێگرییان لێ دەکرێت
قەیرانی ئابووری و نەبوونی مووچە، هەروەها نەبوونی داهاتی جێگیر بۆ خێزانەکان و کەمیی هەلی کار و ئابووریی سەربەخۆ، دۆخی کچان و ژنانی بادینان بەگشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی سهختتر کردووە، جگە لە هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی لە دهڤهری بادینان کە رێگرن لە کارکردن یان سەربەخۆیی ئابووریی ژنان.
لهو بارهیهوه لولاڤ داود مزوری، چالاكوانی مافهكانی ژنان له سنووری بادینان و سهرۆكی رێكخراوی یهكێتی ژنان لقی دهۆك، به كوردستانی نوێی راگهیاند: ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵێکە پێیدا تێدەپەڕین کاریگەرییهكی زۆری لەسەر داهاتووی کچان و ژنانی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک، هەروەها کاریگەریی دەروونیشی دروستکردووە، چونکە ئەگەر سەیری واقیعی ئێستای دەوروبەرمان بکەین، دەبینین لە سەردەمێکدا دەژین ژیان تێیدا تاڕادەیەک وەستاوە، بەتایبەتی بۆ کچان و ژنان، هاوکات نەبوونی داهاتی جێگیر بۆ خێزانەکان یان نهبوونی ئابووریی سەربەخۆی تایبهت بە کچان و ژنانی پارێزگای دهۆک، بهشێوهیهكی گشتی دۆخی دارایی ژنان سەختتر دەکات.
بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان
لولاڤ وتیشی: پێشتر خێزانی كورد دهیتوانی ژیانی رۆژانەی خۆی بەباشی بەڕێوەبەرێت و پشتیان به کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەست، بەڵام ئێستا ئهو سەردەمە گۆڕاوە و ژیانی رۆژانە قورس بووه، بەتایبەت بۆ کچان و ژنان له ناوچهکەماندا، چونکە بهشێكی زۆری کچان و ژنانی سنووری پارێزگای دهۆک كار و ئابووریی سەربەخۆی خۆیان نییه، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتر بە تواناكانی کچان و ژنان لەم دەڤەرەدا بدرێت و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان نەهێڵرێن، لە پەراوێزهوه بخرێنە سهرکار بۆ دڵنیابوون و زامنكردنی ژیانی خۆیان.
ههروهها دهڵێت: ئەگەر کچان و ژنان پەراوێز بخرێن و خهرجییهكانیان پێ دابین نهكرێت، ئەوا رووبهڕووی چهندین کێشەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبنهوه، لەوانە کاری نائاسایی و بهرزبوونهوهی رێژەی جیابوونەوە و تەڵاق، کە له پارێزگای دهۆك له زیادبووندایه، ئهمهش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر خێزان و منداڵ و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکیانهوه بێ سەرپەرشت بوون.
لولاڤ داود باسی لەوەش کرد کە کچان و ژنان شانبهشانی پیاوان توانای کارکردنیان هەیە و دەتوانن ئابووریی خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام دەبینین كه رێژەی كاركردنی کچان و ژنان له پارێزگای دهۆک لە ئاستی پێویستدا نییە، بە بەراورد بە شاروشارۆچکەکانی دیکەی ههرێمی کوردستان، هۆکاری سەرەکیش نەریتی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتی خێڵهكییه، كه رێگەیان پێنادرێت بهشێوهیهكی دروست كاربكهن یان له کەرتێکی دیاریکراودا بهشێوهیهكی سهربهخۆ کاربكهن، بێگومان زۆرێك له كچان و ژنان له ناوچهكهماندا بوونهته قوربانیی ههندێك یاسای كۆن و خێڵهكیی كه كاریگهرییان لهسهر داهاتوویان ههیه، ئهمهش بووهته هۆی زیادبوونی كێشهی دارایی و خێزانیی.
ژنان دەبنە قوربانیی
بێری غهریب چالاكوانی بواری ژنان له پارێزگای دهۆك وتی: بێگومان ئەو گۆڕانکارییانەی رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق و هەرێمی کوردستان کردووە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت کە رووبەڕووی جەنگ و راگواستن و شەڕونەهامەتی بوونەتەوە، گەلی کوردستانیش باشترین نموونەیە، لەناویاندا بە رێژەیهکی زیاتر ژنان دەبنە قوربانیی، ئەگەر چی بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ژنان شانبەشانی پیاوان لە کشتوکاڵ و كاری دەستیی و چنین پشکی شێریان بەردەکەوێت، بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەر ناوچهیهك بەپێی کهلتور و فەرهەنگی خۆی و ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدایە مامەڵە دەکات.
وتیشی: ئەگەر باسی ژنانی بادینان بکەین، نموونەی ژنی سەرکەوتوون لە رووی بەڕێوەبردنی خێزانەوە، بەڵام تا پێش ساڵی 2009 ژنان لەناو مەیدانی کارکردندا نەبوون، بە خۆشحاڵییەوە لە دوای ساڵی 2010 رێژەکە رووی لە بەرزبوونهوه کردووە، بەڵام تا ئێستاش بەداخەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بۆ کارکردن و دهستهبهركردنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان رێگرییان لێ دەکرێت، هەرچەندە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، بەڵام بە لێهاتووییەوە، خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەگونجێنن، لەم دەڤەرە زۆر ژنی سەرکەوتوو هەن، ئێستا لە مەیدانی کارکردندان، بۆ نموونە لە کشتوکاڵدا لە ناوچە جیاوازهكانی سنووری پارێزگای دهۆك، شان بەشانی پیاوان كاری کشتوکاڵیی دەکەن.
زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاریی
وتیشی: لە رووی هونەر، فەرهەنگ، وەرزش، خواردنگە، کاری دەستیی و چنین و چەندانی دیکە ژنان لە مەیدانی کارکردندان، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی ژن ئابووریی سەربەخۆی خۆی هەبێت، ئەمەش زیاتر لە بەر زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاریی و رێگە پێنەدانی هەندێ لە خێزانەکان و فشاری کۆمەڵگەیە لەسەریان، بۆیە بە هیوای ئەوەین ژنانی بادینانیش کە هیچیان کەمتر نییە لە شارە پێشکەوتووەکان، ئازاد بکرێن بۆ کارکردن و خێزانەکانیان هاوکار و پیشتیوانیان بن و رێگە بدەن بە ئازادیی لەنێو کۆمەڵگەدا جێ دەستیان دیار بێت.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانی ساڵی 2024 بێت، رۆژانە پێنج بۆ حهوت حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، كه بهشێكی بههۆی كێشهی داراییهوه بووه، ههروهها پێویستە ئیدارەی پارێزگای دهۆک چارهسهری تایبەت بۆ کچان و ژنانی كارخواز بدۆزێتەوە و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.