راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
كاركردن به منداڵان یان سواڵكردن له‌سه‌ر شه‌قام و ترافیكی هاتوچۆ و شوێنه گشتییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك دیاردەیەکە رۆژانه دەبینرێت
دیارده‌ی سواڵ بە منداڵان یان كار پێکردنیان له ترافیكی هاتوچۆ و شوێنه گشتییه‌كانی وه‌ك شه‌قام، به‌رده‌رگەی مزگه‌وت و بازاڕه گشتییه‌كاندا لە پارێزگای دهۆک زیادیكردووه، بە وتەی پسپۆڕانی بوارەکە گرنگترین هۆكاره‌كانیش زیادبوونی رێژەی هه‌ژاریی و نه‌بوونی داهاتێکی جێگیره، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەو خێزانانەی کار یاخود سواڵ بە منداڵەکانیان دەکەن بیانووەکەیان خراپی دۆخی داراییانە، بەڵام هه‌ندێكیان له بنه‌ڕه‌تدا فێری پیشەکە بوون و ناتوانن ده‌ستبه‌رداری بن.
زۆرجار خێزانه‌كان داهاتێكی جێگیریان نییه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی قه‌یرانی دارایی و بۆ پاڵپشتی بنه‌ڕه‌تی ناچارن منداڵه‌كانیان بنێرن بۆ كاركردن، لەبەرئەوە خێزانە هەژارەکان پێویستیان بە پاڵپشتی دارایی حكومه‌تە بۆئەوەی رێگری بکرێت لە کارکردن و سواڵکردن بە منداڵان.
پەیداکردنی پارە بە ناڕەوا
بێری غه‌ریب توێژەری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەداخەوە لە عیراق و هەرێمی کوردستان دیاردەی سواڵکردن بە منداڵان زۆر بووە و تەنانەت بووەتە جۆرێک لە بازرگانی و رۆژ لە دوای رۆژ لەناو منداڵاندا زیاتر دەبێت، کۆمەڵە کەسانێک دەیانەوێت بەبێ هیچ ماندوبوونێک بڕێک پارە بە دەست بهێنن بە قۆستنەوەی هەست و سۆزی خەڵکانی دیکە، کە بەپێی یاسا تاوانە و سزای هەیە.
وتیشی: بەپێی یاسا هەموو کەسێک رێگە پێدراوە کار بكات و بەهۆیەوە پارە په‌یدا بكات، هەروەها یاسا رێگە نادات بە هیچ کەسێک بە بێ ماندوبوون و بە شێوازێکی ناڕەوا پارەی دەست بکەوێت و لەبەر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە سواڵکردنی بە تاوان هەژمار کردووە، کەسەکە گەورەبێت یاخود منداڵ.
سزای سواڵکردن
بەپێی مادەی (390) لە یاسای سزادانی عیراقی سواڵکردن تاوانە، لە حاڵەتی یەکەمدا، کەسێک تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت لە رێگه‌یه‌کی گشتی بێت یاخود بچێته ناو ماڵێکەوە یان بچێته ناو دوکانێکەوە بۆ ئەوەی کە داوای پارەیان لێ بکات، هەست و سۆزی بجوڵێنێت ئەو کەسە سزا دەدرێت بە زیندانیکردن، کە ماوەکەی لە مانگێک کەمتر نەبێت و لە سێ مانگ زیاتر نەبێت.
لە حاڵەتی دووەمدا، ئەگەر هاتوو ئەو کەسە بەهۆی سواڵکردنەوە ئەندامێک لە ئەندامەکانی جەستەی خۆی لەکار خست یاخود برینداری کرد، یاخود بە هەر شێوازێکی دیکە هەوڵیدا سەرنجی خەڵک رابکێشێت ئەوا لەو حاڵه‌تەدا سزاکەی قورس‌تر دەبێت و زیندانی دەکرێت کە ماوەکەی لە مانگێک کەمتر نەبێت و لە یەک ساڵیش زیاتر نەبێت.
ئاماری بێكاریی و هەژاریی لە دهۆک
بێری غه‌ریب دەڵێت: پێویسته حکومەت زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵه لەگەڵ دیاردەی سواڵکردن بە گشتیی و سواڵکردن بە منداڵان بە تایبەتی بکات، لەبەرئەوەی لەو رێگەیەوە زۆر کاری نەشیاو دەکرێت و منداڵان دەبنە قوربانی، ئەمەش دوورە لە هەموو بەها ئایینی و مرۆڤایه‌تییەکانەوە، خۆ ئەگەر لە حاڵەتێکدا خێزانێک کەم دەرامەتیش بێت ئەوکات دەبێت چاودێریی کۆمەڵایەتی بەرپرسیاریەتی ئەو خێزانە بگرێتە ئەستۆ و حکومەت هاوکاری بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: منداڵان سەرمایە و داهاتووی وڵاتن، ناکرێت حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بێت لەئاست ئەم دیاردە ناشیرینەدا، کە بەجۆرێک بووەتە بازرگانیکردن لە رێگەی باندەوە، منداڵەکان ده‌نێرنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و سواڵیان پێ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه كاری نه‌شیاو یاخود دزیشیان پێ بكه‌ن، به‌مه‌ش مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر ژیانیان و گرفت بۆ کۆمەڵگەش دروست دەبێت.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق، پارێزگای دهۆک زۆرترین رێژەی هەژاریی و بێکاریی تێدایە، رێژەی بێ‌کاری %17 و رێژەی هەژاریش %14یە.
دیاردەکە لەناو منداڵانی ئاوارەدا
محه‌مه‌د ساڵح توێژه‌ری ده‌روونی و به‌رپرسی سه‌نته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پاراستنی منداڵان له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بۆ كوردستانی نوێ وتی: كاركردن به منداڵان یان سواڵكردن له‌سه‌ر شه‌قام و ترافیكی هاتوچۆ و شوێنه گشتییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك به‌گشتی رۆژانه دەبینرێت و بەشێک لە منداڵەکان کاتێک لێیان دەپرسیت دەڵێن: باوكم یان دایكم نه‌خۆشه و هه‌ژارین، بەوە هەست و سۆزی بەرامبەر رادەکێشێت بۆئەوەی بڕێک پارەی پێ بدات، یاخود شتێکی لێ بکڕێت.
وتیشی: زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە سنووری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ کار یاخود سواڵ دەکەن، خەڵکی شارەکە نین، بەڵکو منداڵی ئەو ئاوارانەن کە لە کەمپەکاندا دەژین و ئەوە دیاردەکەی زیاتر زەق کردووەتەوە لە سنوورەکەدا.
به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان هیچ منداڵێكی خوار ته‌مه‌ن 15 ساڵ نابێت کاری پێ بکرێت.
محه‌مه‌د ساڵح ده‌ڵێت: پێش ساڵی 2014، ژمارەی ئەو منداڵانە لەسەر شەقام زۆر کەم بوون، بەڵام دوای هاتنی ئاوارەکان ژمارەکە زیادی کردووە، ئەم دیاردەیە له‌ناو بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەش زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی دایک و باوکان بیر لەوە بکەنەوە کاریگەریی خراپی ده‌بێت لەسەر منداڵه‌كانیان له رووی دەروونی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەندروستییه‌وه.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە حکومەتی هەرێم بە تایبەت دەزگاکانی پاراستنی منداڵان، رێنمایی دایكان و باوكان بکەن كه منداڵه‌كانیان بۆ به ده‌ستهێنانی پاره به‌كارنه‌هێنن، هەروەها نابێت منداڵه‌كانیان له قوتابخانه دوور بخەنەوە لەپێناو بە دەستهێنانی بڕێک پارەدا.
لەبارەی ئاماری ئەو منداڵانەی رۆژانە لە شوێنە گشتییەکاندا کار یاخود سواڵ دەکەن وتی: هیچ ئامارێکی لەو شێوەیەمان نییە.