بەبڕی نزیكەی 300 ملیۆن دینار، پرۆژەی كۆنكرێتكردنی شەقامەكانی گەڕەكی ئاغا و خەلیفە لە خانەقین چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. سوزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای داواكاریی دانیشتووانی گەڕەكی ئاغا و خەلیفەی خانەقین، بەهۆی خراپیی شەقامەكانی گەڕەكەكەیانەوە، داواكارییەكەیانمان بەرزكردەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و لەسەر بڕیاری پارێزگاری دیالە، شەقامەكانی گەڕەكەكە كۆنكرێت دەكرێت، راشیگەیاند: هەوڵەكانمان بۆ كۆنكرێتكردنی سەرجەم گەڕەكەكانی خانەقین بەردەوامە.
گەڕەكی ئاشتی لە جەلەولا قیرتاودەكرێت
لەلایەكی دیكەوە، پرۆژەی قیرتاوكردنی گەڕەكی ئاشتی لە ناحیەی جەلەولا لە بواری جێبەجێكردندایە. لەوبارەیەوە ئەندازیار محەمەد كەریم سەرۆكی شارەوانیی جەلەولا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پرۆژەی قیرتاوكردنی گەڕەكی ئاشتی لە جەلەولا دەستیپێكردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا قیرتاوكردنی شەقامە سەرەكییەكانی ئەو گەڕەكە كۆتایی دێت.
خانەقین، ئارۆ سامان