تا ئێستا هێندەی من ئاگادار بم، هونەرمەند حەسەن زیرەک زیاتر لە چل کتێب لە بارەی کەسایەتی و ژیان و هونەرەکەیەوە نووسراوە، وەک دەزانرێ ئەم کتێبە زۆرە بۆ هیچ هونەرمەندێکی کورد ئاوا نەنووسراون، ئەوە جگە لە وتار و بەرنامەی رادیۆیی و تەلەفزیۆن و کۆڕ و سمینار و ئاهەنگی جۆراوجۆری بێژمارە! هەموو ئەم کارانە کاری جوان و گرنگن و تا ئێستا لە دەوری ژیان و کەسایەتی و هونەری زیرەک سوڕاونەتەوە! بەڵام، کتێبەکەی مامۆستا (حسێن سۆران) کە کتێبێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی داهێنەرانەیە، چووەتە نێو رۆحی هونەر و ژیان و کەسایەتی هونەرمەند حەسەن زیرەک.
مامۆستا حسێن سۆران بە لێکۆڵینەوەیەکی پڕ لە زانستی و سەمفۆنیایی هونەری بەرزی هونەرمەند حەسەن زیرەکی خستووەتە ژێر تیشکی شیکارییەکی هەمەجۆر، بەم لێکۆڵێنەوە داهێنەرانەی بە بەڵگەوە حەسەن زیرەکی بردۆتە ریزی گەورەترین و داهێنەرترین داهێنەرانی دنیای هونەری مۆسیقا و لەپێشتریش!! لەم کارەشدا حەق بە مامۆستا حسێن سۆرانە، ئاخر لەکاتێکدا هەموو داهێنەرانی مۆسیقای ناسراوی جیهان، دەرچووی نێوەندی زانستی و ئەکادیمی و نێوەندە مۆسیقییەکان و خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتوون! ئەوا زیرەکی ئێمە بە برسێتی و هەژاری و بێکەسی و هەتیوی، دەرچووی ماڵە هەژار و کۆڵانە بێ یاساکان و شارە دواکەوتوو و وڵاتە داگیرکەرەکانە!؟ زیرەک هەڵاتووێکی بەردەوام و راونراوێکی هەمیشەیی دەست ساواکی بەدناوی ئێرانی و موخابەراتی بەدناوی عیراقیی بوو!؟ زیرەک ئەگەر دوو دەوڵەت لە بەندیخانەیەکەوە دەیاندایەوە بەندیخانەیەکی تر، ئەوا لە نێوخۆشمان گەورەترین هونەرمەند و نووسەر و دەستڕۆیشتووی کوردی نێوەندی دەزگای رادیۆ و تەلەفزیۆنیەکان دژایەتیان دەکرد، دژایەتیکردنێکی هونەرکوژ ؟!
لە نێو ئەم هەموو بێکەسی و بێجێی و بێ ماڵی و بێکاری و بێ پارەییەییدا، بە ئازاری رۆح و گیان و جەستەییەوە هونەری کوردی گەیاندە لووتکەی هونەری جیهان و سەرەوتریش!!
بەڵێ، مامۆستا حسێن سۆران زۆر داهێنەرانە و هونەرمەندانە کەسایەتی و هونەر و داهێنانی ئەو نەخوێندەوار و بێ سەواد و مەکتەب نەچووەی خوێندووتەوە، خوێندنەوەیەک هەموو کورد و هەموو نێوەندی هونەری شانازی پێوە بکات، ئاخر هەر بەڕاستی دەبوایە ئاوا مامۆستا حسێن سۆران بێت و حەسەن زیرەکمان پێبناسینێ.
بەڵێ، تا ئەم کتێبە لێکۆڵینەوە داهێنەرانە نەخوێنینەوە، ئێمە نازانین کە تا ئێستا حەسەن زیرەکمان وەک خۆی نەناسیووە!؟ هەتا ئەو کتێبەش نەخوێنیەوە نازانین، ئێمە حسێن سۆرانمانیشمان وەک لێکۆڵەر نەناسیووە. حسێن سۆرانێک لەگەڵمان دەژی و لە سەردەمی خۆمان دەژی و نووسەرێکی داهێنەرە و نێوەندی ئەدەبی کوردییە و بەتایبەت شاری سلێمانی، شاری ئەدەب و رۆشنبیریمان کەچی نەمانناسیووە!؟
پێویستە ئەوەش بڵێم، من بەم نووسینە هەرگیز ناتوانم مامۆستا حسێن سۆران و کتێبە لێکۆڵینەوەییە پڕ داهێنانەکانیتان پێ بناسێنم، هێندە هەیە ئەگەر بتوانم بەم نووسینە تکای ئەوەتان لێبکەم، تکایە کتێبی (حەسەن زیرەک، لە کۆچەرێکی نۆستالیژیەوە بۆ نەقاشێکی ئیرۆتیکی) بخوێننەوە، ئەوا ئەگەر تکاکەم قبووڵبکەن، من لای کەم ئەنجامەکەم بەدەستهێناوە، بۆخۆشم شاییم لەدڵدا دەگەڕێ.
ئێستاش بە دەسنوێژێکی ئەدەبی و هونەرییەوە، دەست بۆ کتێبی ناوبراو دەبەم و ناوە ناوە پەرەگرافێکی دەخەمە نێو کەوانە، ئەگەرچی باشتر بوو هەموو کتێبەکە لە بەرگەوە بۆ بەرگ بخەمە نێو کەوانەوە، بەڵام لە بێ توانایی خۆم هەر هێندەم لەدەست دێت.
سەرەتا واچاکە بزانین مامۆستا حسێن سۆران لە سەرەتای کتێبەکەی چی نووسیوە.
(سەدەی رابردوو، سەدەی کوشتارە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و ئەتککردنی شوناسی مرۆڤ و دەرکەوتەکانی حەقیقەتی ئەنتۆلۆژی گیانلەبەرێکی ساختەی سەرزەمین بوو، لەوسەردەمەدا موزیک و گۆرانی حەسەن زیرەک وەک سەدیم و سەداترین برین و هاواری ئینسانی کورد و غەیرە کورد، لە دەورانێکی ئاڵۆز و پڕ نائومێدی و جەنگی سارد و گەرم، لە جیهانێکی سیاسی ئاڵۆز و ناجێگیردا هاتە کایەوە. هەروەها گۆرانی و موزیکی کوردی لەوپەڕی بێ شوناسی و لاوازی و دەستکورتی و ئیستاتیکی موزیکیدا بێ سەروبەر و بێ ناسنامە بوو. جیهانی موزیکی ئێمە لە چۆڵەوانی و بێدەنگی و بێ شووناسی، دەچووە جیهانێک بە هەتیوی گوزەری خۆی دەکرد و بە دوای دۆزینەوەی خۆیدا دەگەڕا. گەڕانێک دواجار نەتەوەیەک شانسی ئەوەی هەبوو، جیهانێک دواجار بە هەموو گەوهەرەکانی نەمریەوە لەسەر جەستە و رۆحی ئەشکەنجەکانی حەسەن زیرەک نیشتەوە.)ل9
سەیرکە لێکۆڵەر چۆن بیردۆزی رێژەیی ئەنیشتاین بەکاردێنێ بۆئەوەی گەورەیی موزیک و گۆرانی لە نێو شوێن و کات و زەمەن و زەمان و لە نێوان زەمین و ئاسماندا دەربخات و دواجار بڵێ ئەوە حەسەن زیرەکە، خاوەنی ئەم موزیک و گۆرانیەیە. هەر لە بەردەوامی باسکردنی ئەنیشتاین لێکۆڵەر وەک زانایەکی جیهانی، باس لە گەورەیی هونەری زیرەکیش دەکات.
(لە جیهانی هونەری کوردیشدا زیرەک وەک ئەنیشتاین هەسارەیەکی پڕشنگداری دەنگ و موزیک و گۆرانی کوردیە، بۆ خۆی جیهانێکی ئەفسانەیی و جیاکار و تاکگەرایی بێ وێنەی هەمە چەشنی، بە جیهانی ئێمە بەخشی، کە کێشی دەنگ و ئاوازی ئەنتۆلۆجیای موزیکی گەیاندە ئاستێک لەسەر تراژیدیای دنیای خۆی، باڵای بە قەد شوێنەوارە گەورەکانی مێژووی دێرینی یەک نەتەوەی زیندووە.)ل23
دوای ئەم شیکارییە جەخت لەسەر قوتابخانەی رەسەنایەتی و جیهانی و ئیرۆتیکی زیرەک بکەینەوە، وەک داهێنەرترین و بلیمەت ترین هونەرمەندی کورد و جیهانی، وەک کوردێکیش شانازی بە توانا و داهێنانەکانی بکەینەوە
رۆشنبیریی و زانستی مەوسوعەیی و فەرهەنگی لێکۆڵەر هێندە فراوانە، بەرزی و داهێنانی هەموو زانست و هونەر و ئەدەب و زانستەکان بەراورد دەکات بە داهێنانی حەسەن زیرەک. سەیرکە چۆن بە هەموو بڕوا بە خۆبوونێکەوە، کە بڕوایەک ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و داهێنەرانەیە دەنووسێ. (بۆ من حەسەن زیرەک لە کانت و مارکس و هیجل و هایدگەر کەمتر نییە! زۆرن ئەوانەی لە ڕێگەی هونەر یان فەلسەفە و زانست، جیهانیان گۆڕی و تەنانەت فەلسەفە و لقەکانی دیکەش وەک زانست و سروشتناسی لەم خەیاڵەوە، لەم هاوار و دەنگەوە گەشەیان بە مرۆڤایەتی دا.)ل24
سەیرکە چەند بە سادەییەوە دەنووسێ، ئەگەر کانت و مارکس و هیگل و هایدگەر بە نۆرەی خۆیان جیهانیان گۆڕی، ئەوا حەسەن زیرەکی کورد، ئەویش جیهانی کوردەواری و جیهانی هونەری جیهانی گۆڕێ. بۆیە هونەری (حەسەن زیرەک سەر بە ماڵی موزیکێکی جیهانییە لە مانا و فۆڕمدا، دەکرێت دەیان لێکۆڵینەوەی لێبکرێت، حەسەن زیرەک سەر بە قوتابخانەی کلاسیک نییە، بەو مانایە نییە هەر کەس تیپێکی موزیکی مۆدێرن ئاوازیان بۆ ژەنی ئیدی ئەوە سەر بە قوتابخانەی مۆدێرنە! ئەم دید و بۆچوونە لە نەزانی و نەفامییەوە سەرچاوە دەگرێت و گەمژەییەکی تەواوە! چونکە ئەو دابەشبوونە موزیکییە، لەو ئاستە بەرزە بۆ زیرەک ژەنراوە لە ئێستای موزیکی پۆست مۆدێرنەکانی کوردی ئەمڕۆ، ئیستاتیکی و هونەری هارمۆنیەتی ترە، گۆرانیبێژ بە دەنگ و زمان و لێکتێگەیشتنی فەلسەفەی موزیکی دەناسرێتەوە نەک شتێکی تر.)ل27
مامۆستا حسێن سۆران هونەرمەند حەسەن زیرەک بۆ کورد، وەک سەرکردە و پێشڕەو و سەردەست دەبینێ، نەک هەر وەک گۆرانیبێژ و بەس. ئەو لە باسی زیرەکدا تەنیا لە روویەکەوە سەیری ناکات، چۆن زیرەک حەوت رەنگ و هەمەڕەنگ و پڕ رەنگە، ئاواش دەبێت لە زۆر گۆشەوە لە ژیان و هونەر و کەسایەتی زیرەک وردبینەوە، ئەوسا دەتوانین وێنەی راستەقینەی زیرەک ببینین!
ئەو لێکۆڵەرە داهێنەرە، لە خوێندنەوە و باسکردنی زیرەک ماندوو نابێت، ئەمجارە دەنووسێ:
(بە کورتی شێوازی گۆرانی زیرەک و توانای حەسەن زیرەک زیاتر لە دیالێکتیکەوە نزیکە، لۆجیکی جەدەلیە لە گەشەکردندا! باڵا دەستە لە دروستکردنی دژەکاندا، لە هەمان سەرچاوەی نۆستالیژیای کوردیدا، هەمووان پەیوەست دەکات بە تازەگەریەوە، دژەکان تیادا دەردەکەون و گەشە دەکەن لە دژێکی دیکەی موزیکی، بەڵام گۆرانیبێژەکانی سەردەمی زیرەک بە کلاسیکی و نۆستالیژی هەژمار دەکرێن، جەوهەری زیرەک گواستنەوەی خۆی بوو لە خۆیدا ! هیچ شێوازێکی کۆتایی نییە لە هەموو ناکۆکی و ململانێیەک لە هەمووان گواستراوەیەک وەک بەشێک لە سروشت و گەشەکردن و گۆرانی لە خۆیدا دەکات، بەڵام لە هونەری کوردییدا، بەگشتی ململانێکان بە هۆکاری ناکۆکی و جەوهەری جێگیر و ناکۆکی نەریتدا دەست پێدەکات، بەم شێوەیە شێوازی جووڵەی زیرەک جەدەلییەکی هیگڵیە.)ل29/30 مامۆستای لێکۆڵەر بەوەندە ناوەستێ کە زیرەک بخاتە تەک بیرمەند و فەیلەسوفەکان، ئەو دێت و بە خەتێکی درشت، لەگەڵ داهێنەرانی جیهانی مۆسیقا و سەمفۆنیا بەرز و پڕ داهێنانەکان هاوجووتی دەکات.
ئەگەر مامۆستا حسێن سۆران ماندوو نابێت لە باسی زیرەکدا، منیش تێرنابم لە گواستنەوەی پەرەگرافەکانی ئەو لێکۆڵێنەوە داهێنەرانەیە بۆ تۆی خوێندەواری بەڕێز، بەڵام بە چاکی دەزانم کۆتایی ئەم نووسینە بە پەرەگرافێکی پێش کۆتایی کتێبەکە، کۆتایی بهێنم، کە لێکۆڵەر دەنووسێ :
(لێرە دەکرێت جارێکی دیکە دوای ئەم شیکارییە، جەخت لەسەر قوتابخانەی رەسەنایەتی و جیهانی و ئیرۆتیکی زیرەک بکەینەوە، وەک داهێنەرترین و بلیمەتترین هونەرمەندی کورد و جیهانی، وەک کوردێکیش شانازی بە توانا و داهێنانەکانی بکەینەوە، کە زیرەک لە خاک و زمان و خۆڵ و ئەنتۆلۆژیای کوردیەوە هاتە دەرێ، تا بە جیهان بڵێت، ئێمەش هەین و دەتوانین لە ئێوەش باشتر و داناتر و داهێنەرتر بین.)ل224.225
لێرەوە خوێندەواری خۆشەویست واز لە گواستنەوەی پەرگرافە کورتەکانی ئەم لێکۆڵێنەوە ( 230لاپەڕە)ییە دێنم و ئەمجارە دیسان ناونیشانی کتێبەکە دەخەمە نێو کەوانە و بەو هیوایەی، پەیدای بکەیت و بیخوێنیتەوەو لێی حاڵی بیت و پەسندی بکەیت و رەخنەی لێبگریت.
دواجار بە چاکی دەزانم هیوای ئەوە بخوازم و پێشنیاز بکەم کە هەموو نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەند و لێکۆڵەر و موزیکژەن و گۆرانیبێژ و کوردێک ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، کتێبی (حەسەن زیرەک.. لە کۆچەرێکی نۆستالیژیەوە بۆ نەقاشێکی ئیرۆتیکی– چاپی دووەم 2024 چاپخانەی تاران) دیسان بە پێویستی دەزانم کە کۆلیژی هونەرەجوانەکان و بەشە هونەرییەکان، ئەم کتێبە بخەنە نێو بەرنامەی خوێندنیان و رەخنەگران شیبکەنەوەو گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و هەڵیبسەنگێنن، هەروەها ئەم کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان، تا جیهان تێبگات کە ئێمەی کوردیش هونەرمەندی وەک (حەسەن زیرەک)مان هەیە و لێکۆڵەری وەک (حسێن سۆران)مان هەیە.
وەک هەواڵێکی خۆشیش لە بەڕێز (دکتۆر سەرکەوت ئەمین)م بیست کە مامۆستای نووسەر (محەمەد محەمەد پوور) خەریکە ئەم کتێبە دەکات بە فارسی.
سەرنجێک:
لێرە خوێندەواری بەڕێز هەندێک رای لێکۆڵەری دەکەوێتە بەرچاو، دوورنییە بە ئاسانی ئەم رایانەی بۆی قوت نەدرێ! بەڵام دڵنیام بە خوێندنەوەی تەواوی کتێبەکە، خوێندەوار رایەکی تری بۆ دروست دەبێت. لێکۆڵەر مامۆستا حسێن سۆران هێندەی من ئاگادار، بم زیاتر لە 16 کتێبی هەیە، لە نێوان داهێنان و لێکۆڵێنەوەی زانستی و ئەدەبی.