مامۆستا ئاینییەکانی خانەقین سەریان سوڕمابوو لەوەی مامۆستا موحسین سوننەیە یان شیعە چونکە زۆر پڕوپاگەندەیان لەسەر مەڵبەند بیستبوو
هەرچەندە وێستگەکان بە رواڵەت لە کات و شوێن و شێوازدا جیاوازییەکیان پێوە دیارە، بەڵام لە ئەنجامدا لەنێو یەک بازنەدا و بەهەمان ئاراستە یەکدەگرنەوە و داکۆکی لە یەک بۆچوون و روانگە دەکەن و مەزهەب و تایفە جیاوازەکان پتر نزیک دەکەنەوە بەتایبەتی ئەگەر عەقڵ نەک سۆز بەکاربهێنن.
مامۆستا ئاینییەکان بە سەرسوڕمانەوە کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت
*لە رەمەزانی ساڵی 2004، رەوانشاد مامۆستای کەموێنە موحسین عەلی ئەکبەر لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی خانەقینی ئەوکاتە، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکەدا بەردەوام بوو، هەر وەکو نەریتیش ئامادەبووان دوای کۆبوونەوەکان کۆمێنت و بۆچوونی خۆیانیان دەخستەڕوو. لەوبارەیەوە پاش یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ مەلا و مامۆستا ئایینییەکانی مزگەوتەکانی شار، بە رێکەوت لەکاتی چوونە دەرەوەیان چاومان بەیەکتری کەوت، زۆربەشیان هاوڕێ و ناسراوبوون، دوای سڵاو وتیان ئەوەی راست بێت پرسیارێکمان هەیە، دەمانەوێت پشتڕاستی بکەینەوە، وتمان فەرموون، وتیان: ئایا مامۆستا موحسین وەکو سوننەیەک حەنەفییە یان شافیعی؟ لە وەڵامدا کە وتمان مامۆستا موحسین شیعەیە نەک سوننە، تووشی سەرسوڕمانێکی گەورە بوون، پاش چرکەیەک وەستان بە بێدەنگی و وتیان: سەیرە، قسە و زانیارییەکانی دەربارەی سوننە لەو ئاستەدا بوو کە وامان دەزانی ئێمە بەرامبەر مامۆستای ئایینی و مێژووناسێکی گەورەی سوننەکان دانیشتووین، جگە لەوەش مەلا و مامۆستاکان بە روخساریانەوە دیاربوو کە زۆر دڵخۆشن بەوەی بەرپرسێکی شیعە ئەوەندە بەجوانی زانیارییەکان دەربارەی سوننە بدرکێنێت.
دواتریش وەکو ئەوەی تاقیمان بکەنەوە وتیان بە رۆژوویت؟ وتم: باوەڕتان هەبێت جگە لە من و دوو سێ کەسی تر، هەموو مەڵبەندەکە بەڕۆژوو بوون، سەیری یەکترییان دەکرد وەکو ئەوەی کە کەسانێک بڵێن ئەوەی لە مەڵبەندەکە بینیمان و بیستمان ئەوە نییە لە دەرەوە هەندێک جار بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکان دەوترێن، تەنانەت وەکو لە قسەکانیاندا دەردەکەوت گەیشتمە ئەو قەناعەتەی سەردان و نزیکبوونەوە زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە راستییەکان.
پاش خواحافیزی، ئێمەش لای خۆمانەوە روومانکردە ئاسۆی بیرکردنەوە تا گەیشتینە ئەو قەناعەتە کە ئەم وێستگەیە بەهیچ شێوەیەک پێویستی بە کۆمێنت نییە، جگە لەوەی بڵێین رۆحتان شاد مامۆستا موحسین، ئێستاش چ مەلاکان چ ئەوانەی تەنها جارێکیش گوێیان لە وتە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانت بووە، دەڵێن: مامۆستا.. کۆچکردنت خەسارەتێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەکراوە.
وێستگەیەکی مێژوویی لە کتێبەکەی پشتیوان ئەحمەددا
*کاتێک کتێبەکانی پشتیوان ئەحمەد دەخوێنینەوە، بەتایبەتی کتێبی (ئیمامی عەلی لە چەند وێستگەیەکدا) کە لەم بابەتەدا مەبەستمانە، لە هەندێک بڕگەدا ئەوەندە قووڵ و بە واتایە، فەرزی دەکات کە پێویستمان بە سەرچاوەیەکی تەفسیر بێت.
کتێبەکە زیاتر باس لە هەڵوێستە مرۆڤانەکانی ئیمامی عەلی دەکات کە دەگاتە راددەیەکیش، هەندێک جار لەبەرامبەر دوژمن و نەیارەکانیدا بە هەمان شێوە و دڵنەرمییەوە رەفتار بکات، بەمەرجێک نەبنە هۆی زیان و زەرەری کەسانێکی بێ گوناهــ.
لە لاپەڕە (110)ی کتێبەکەدا (هەڵبەتە وەکو ئەوەی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە)، پشتیوان پەنا دەباتە بەر ئەو هەڵوێستە کە ئیمام لە شەڕی (صفین) بەرامبەر معاویە نواندی و دەربارەی ئەوە دەنووسێت: «لە ناوچەی (صفین) تەنها سەرچاوەیەکی ئاو هەیە، ئەوەی دەستی بەسەردا بگرێت، دەتوانێت نەیارەکەی بەرامبەری بە تینوێتی بکوژێت، لەو شەڕە معاویە فەرمان بە دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوی ئاوەکە دەدات بۆ بێبەشکردنی سوپاکەی عەلی، دەستی بەسەردا دەگرن. ئیمامی عەلی کەتیبەیەک بە سەرکردایەتیی محەمەدی کوڕی دەنێرێت بەمەبەستی شکاندنی ئابڵوقەکە، دوای شەڕێکی خوێناوی، محەمەدی حەنەفییە و هێزەکەی سوپای معاویە لە چواردەوری سەرچاوەکە دەردەپەڕێنن و کۆنترۆڵی دەکەن». لێرە پشتیوان دەربارەی ئەنجام و ئامانجی شەڕەکە دەنووسێت: «عەلی ئیدی دەیتوانی سوپاکەی معاویە لە بێئاویدا بخنکێنێت، بەڵام میری باوەڕداران کەی کارێکی ئەوها دەکات؟ بۆیە دەڵێت: لایەکی بۆ ئێمە و لاکەی تری بۆ ئەوان، ئاو کە نیعمەتی خودایە، بۆ هەموو مەخلوقاتە نابێت لە یەکدی قەدەغەی بکەین».
بە بۆچوونی خۆم کتێبێک باس دەربارەی بابەتێک بکات کە ئەمڕۆ هەستیار و کاریگەرە لەڕووی سیاسەت و مەزهەب و کەلتوری خۆشمانەوە، پێویستە چاپ بکرێت و بڵاوبکرێتەوە، چونکە زۆر هەن تا ئێستاش نازانن گرنگیی ئەم بابەتە چەندە کە تەمەنی لە 1500 ساڵ نزیکبووەتەوە، بەڵام تائێستاش کاریگەرە وەکو ئەوەی ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەیبینین بەتایبەتی ئەوانەی تەنها بە عاتیفە و بە تەسکی سەیری دەکەن و لێکی دەدەنەوە.
*جارانی خانەقین رێوڕەسمی 10 رۆژەکەی موحەڕڕەم لە جوانترین کەشوهەوادا بەڕێوەدەچوو بەشێوەیەک کەس نەیدەزانی کێ سوننەیە و کێ شیعە، هەموو بە لاواندنەوە و گریانەوە دژ بە رەفتارە نامرۆییەکەی یەزید بەرامبەر حسێن شیوەنیان دەکرد و هەر گروپێک و بە شێوەیەک، لە دەیەمین رۆژەکاندا کە دڵتەزێنترین رۆژەکانی موحەڕڕەمە، خێر و خواردن دابەش دەکرا بێ ئەوەی بزانی خێری شیعەیە یان سوننە، تەنانەت کەسانێکی غەیرە ئیسلامیش خێریان دەکرد، تەنها ئەمە نییە و ئیتر تەواو، بەڵکو لە هاوسەرگیریش نێوان شیعە و سوننە هەرگیز (مەزهەب) رێگر و جیاکەرەوە نەبووە. بۆیە دەوترێت لەلایەن مەزهەب و تایفەگەرییەوە خانەقینییەکان جیاوازن.
هەڤاڵی کۆچکردوو موحسین عەلی ئەکبەر