دیاردە دزێوەکان

کاتێ ئالوودەی هەواڵەکانی سۆشیاڵ میدیا دەبین

09:48 - 2025-07-21
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
69 خوێندراوەتەوە

63

پێشتریش لەسەر ئەم دیاردەیە قسەم کردووە، کە چۆن سۆشیاڵ میدیا خەڵکی بەخۆیەوە سەقاڵ کردووە و کەس ئاگای لەخۆی نەماوە، سەری شۆڕکردووەتەوە بەسەر مۆبایلەکەیدا و یەک لە دوای یەک لەم بابەت بۆ ئەو بابەت دەچێت و دواجاریش بە درێژایی چەندین سەعات، یاخود بە درێژایی رۆژ و بەشێکی زۆری شەو و تا دەمەوبەیانیش هەر کۆڵی لێ نادات و وایلێهاتووە ناتوانێ لێی دابڕێت، ئەنجامیش شتێکی ئەوتۆ یان هەر هیچی لێ دەست ناکەوێ و بەردەوام لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە. ئەمە لایەنە ئاساییەکەی رۆژانەی مرۆڤەکانی ئێمەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا مەسەلەکەی تەواو لە گرێژەنە دەرکردووە بۆ خەڵکی گرفتاری هەزار دەردی هەرێمە خێر لەخۆ نەدیوەکەی ئێمە، ئەم بێ مووچەییەی ئێستایە کە بەجارێ ژیانی لە خەڵکە مامناوەند و هەژارەکە تاڵ کردووە، بێگومان هەر دەرد و مەینەتیی ژیانی ئەو ملیۆن و چارەکە مووچەخۆرە نییە، بەڵکو خێزان و منداڵیانیشی گرتووەتەوە و مەسەلەکە کشاوە بۆ راوەستانی چالاکیی بازاڕ و بێکاریی و بێ داهاتیی خەڵک و هەمووان سەریان شۆڕکردووەتەوە بەسەر هەواڵەکانی سۆشیاڵ میدیا و چاویان بڕیوەتە تیڤییە جۆراوجۆرەکانی کە لە هەموو ئاشێک تێدەکەن، سەرجەم چالاکیی ئەو میدیایانە لەبرەودان بۆ هەڵڕشتنی یەک لە دوای یەکی هەواڵ و شیکارییە پڕ لە درۆ و دەلەسە بێتامەکانیان، ئەمە بێجگە لە بازاڕی گەرمی لایڤی کەسانی زۆر و زەبەند و جۆراوجۆر کە هەریەک بە رەنگێ مێشکی ئەو خەڵکەیان بردووە و ئەو دەسەڵاتدارانەشی پێویستە بە جددی خەمی خەڵکە ماڵوێرانەکە بخۆن و هەنگاوی راستەقینە بنێن بە ئاڕاستەی تیماری دەردی خەڵک وەک ژنەی تەشی رێسیان لێهاتووە، ئەگەر راستت دەوێ لە گەوهەر و ناوەڕۆکدا بێباکن و مێشێک میوانیان نییە.
خەڵکی مووچەخۆری ئێمە 10 ساڵ زیاترە خۆشە بووە و کراوە بە گیسکەکەی هەیاس، سەرباری ئەو هەموو مووچە بڕین و پاشەکەوتەی کە لە دەستێکی ئەمینی حکومەتەکەی خۆیدایە و چاوەڕێی بەڵێنی بژاردنەوەی دەکات و هەرچۆنێک بووە بەو کەموکورتییەی جارجاری مووچەدانە رازی بووە، ئێستا هەر لە سەرچاوەوە وشکی کرد و کار وا کەوتووەتەوە تەنها خەباتی فەیسبووک و خۆ بەتاڵکردنەوەی شۆشیاڵ میدیای بۆ مابێتەوە و هیچیتر، چەشنی هەر بەدمەست و بەنگکێشێک بە دیار هەواڵە بێ بنەماکانی سۆشیاڵ میدیاوە دووژەنگەی دادابێت و تاکە کاردانەوەشی کۆمێنتی مزری پڕ لە جنێو بێت بۆ سەبەبکاری دۆخێکی وا کە خەریکە نەک مووچە بەڵکو تەواوی باخ و بێستانی رەنجی خەڵک و خوێنی شەهید و ئاهونزولەی دایکی جەرگ هەڵقرچاو و منداڵی هەتیوی تێدا دەسووتێ و باندی دز و تاڵانکەریش زمانحاڵیان ئەوەیە «کە خەڵک نانیان نییە با کێك بخۆن». 
بێگومان تاریکەشەو سەر لەئێوارە دیاربوو، لە وڵاتێکدا کە هیچ ژێرخانێکی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیت تێدا بنیات نەنابێت و ئەوەش هەبوو هەڵتتەکاندبێت، چواردەورت ناحەز بێت و کار لەسەر وێرانکرنی ژیان و داهاتووت بکەن و خۆیشت لە ناوەوە ئەمە حاڵت بێت، ئەی ئیتر لەمە زیاتر بەتەمای چیت؟ خۆ ناشێ ئەمجارەش کە بارودۆخ گونجا گەڕێکی تر تێهەڵچیتەوە و ئەو نیوەی تری خەڵکەکەی وا ماون بیاندەیتەوە بە دەم گورگی هارەوە؟! هەڵبەت ئەو دەمە خەڵکی ئالوودەبووی سۆشیاڵ میدیاشت بە دەستەوە نامێنێت کە کۆمێنتی ئاگرینت بۆ بنووسن، ئاشکرایە ئەوکاتە رەعییەت تەواو سەرکز دەبن و نووزەیان تێدا نامێنێت! 

وتارەکانی نوسەر