دیاردە دزێوەکان

سەلەم

09:43 - 2025-07-29
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
34 خوێندراوەتەوە

64

جاران لە کوردەواریی سەردەمی ئاغا و دەرەبەگدا جووتیار ساڵ دوانزەی مانگ رەنجی دەدا و ئەنجام کە بەروبوومی پێدەگەیشت و بهاتایەتە سەر ئەوەی ساغی بکاتەوە ئەوەندەی لێ دەست نەدەکەوت کە خێزان و منداڵەکانی پێ بژیەنێت، ئاغا لایەکی لێ دەبرد و ئەوەشی کە دەمایەوە لە فرە حاڵەتدا کردبووی بە سەلەم و هەر بە سەوزی خواردبووی.
جاران سەلەم یان «سوود و سەلەم» بەو دیاردەیە دەگوترا کە جووتیار لە پێش پێگەیشتنی بەروبوومی کشتوکاڵییەکەیدا، وەک گەنم، جۆ، مەرەزە و سەرجەم بەرهەمە دانەوێڵەییەکانی دیکەی بە پارەیەکی کەم دەفرۆشتەوە بە دوکاندار یان بازرگانی ناوشار و پێشەکی پارەکەی بە قەرز لێ وەردەگرت و دواتر لە نرخ و بەهای بەروبوومەکەی دایدەشکاند کە هەر بە سەوزی و بە هەرزان پێی فرۆشتبوون، دواتر دەبوو بەربوومەکەی هەر بداتەوە بەو بازرگانە سەلەم چییە کە بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە وەرزی پێگەیشتندا رێککەوتبوون لەسەری و بە درێژایی ئەو وەرزەش هاتوچۆی کابرای بازرگانی دەکرد و پێداویستییەکانی ماڵ و خێزانی وەک کوتاڵ، شەکر، چا و کەلوپەلەکانی دیکەی لەلا بە قەرز دەبرد گەلێ جار بە زیاتر لە نرخی خۆی لەسەری دەنووسی، ئەنجامیش کە جووتیاری داماو ئەم قەرزانەی لە کۆتایی وەرزدا دەدایەوە پاش ئەوەی پشکی ئاغای بە خەمڵی زیادەوەوە لێ دەردەکرد و زەکاتی شەرعیی دەدا و دەستی نەدەنا بە رووی هەژار و سواڵکەری «پایزە براوە»، تەماشای دەکرد هیچێکی وای بۆ نەماوەتەوە و تۆپێ جاویشی لەسەر قەرزار بووە، بە ناچاریی سەرلەنوێ دەکەوتەوە قەرزکردن و سەلەمی تازەی لای ئەو بازرگانە یان بازرگانێکی دیکەی لەوی پێشوو خراپتر دەکرد و بەم شێوەیە هەرگیز سەری لە هەژاری دەرنەدەچوو، ئەم دیاردەیە لە بواری ئاژەڵ و ماڵاتیشدا هەر بە هەمانشێوە بوو.
دواتر و لەپاش 14ی تەمموزی 1958 و یاساکانی چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 30 ساڵی 1958 و ژمارە 117ی ساڵی 1970 و ژمارە 90ی ساڵی 1975 کە تایبەت بوو بە ناوچەی کوردستانی ئۆتۆنۆمیدار رۆڵی ئاغا هاتەکزی و جووتیار ئاهێکی حەسانەوەی پێداهات و کەمێک بووژایەوە، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند جارێکی دیکە چینی ئاغا و مڵکدار بووژایەوە و ئەو دیاردەی هەلپەرستی و فرسەت تەڵەبییە و سوود وەرگرتنە لە هەموو دەرفەتێکی سیاسی و حزبایەتی هەر لە سەرۆک جاش و میلیشیای جۆراوجۆرەوە بیگرە تا دەگاتە بەرپرس و ئاغا نوێیەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بەناو رزگاریخوازی کوردەوە تێکەڵ بوو لەگەڵ شۆڤێنیزم و ناسیۆنالیزمی پان عەرەبیزمی حوکمڕانی عیراقدا و خەڵکە کوردەکە نەک هەر سەری لە هێلکەی هەژاریی و بیدەرەتانی نەجووقا، بەڵکو ستەمکاریی گۆڕینی باری دیمۆگرافی و کوشتوبڕی بێئامانیشی هاتەسەر تا دەگاتە جینۆساید بە هەموو چەمک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانەوە.
ئێستا و پاش دەیان ساڵ لە خەباتی نەتەوەیی لەپێناو مافی خەڵکی ستەمدیدە و کوشتوبڕ و ماڵوێرانییەکی بێ ئاماندا کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستانی بندەستی عیراقدا هاتووەتە سەر حاڵ و بارێک کە نەفرەت لە رابردوو بکات و لەوانەش کە بوون بە مایەی ئەم نەهامەتییە بۆی و بوون بە کەڵەگا بە سەرییەوە، جیاوازیی گوزەرانیش لە ئاستێکدایە کە چین و توێژی دەسەڵات هێند دەوڵەمەند و گومڕا و بێباک بوون لە ئاست خەڵکە بێ دەرەتان و هەژارکەوتووەکەی «وڵاتی خۆیاندا» هەر ئەوە ماوە وەک ماری ئەتوانێتی شاژنی فەرەنسای سەدەی هەژدە کاتێ کە بە خۆپیشاندەرانی برسیی خەڵکی پاریس و فەرەنسای دەوت «جا نان نییە با کێک بخۆن». ئێستا لای خۆشمان سوود و سەلەمەکەی جاران گەڕاوەتەوە و ئەمجارە لە جیاتی گەنم و چەڵتووک، نەوتە و هەر بە سەوزی خوراوە و ئیتر گلەیی چی لە ناحەزانت دەکەیت؟!

وتارەکانی نوسەر