پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەموومانە

10:33 - 2025-07-21
هیوا سەرهەنگ
107 خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان هی هەموو کوردە، نەک هی لایەنێک، ئەگەر لایەنێک یان سیاسەتمەدارێک هەڵەی کرد، با سندوقی دەنگدان داوەر بێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، نەک ماڵەکە بەسەر خۆماندا بڕوخێنین

ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زیاتر دەبێت پێکەوە ئەم هەرێمی کوردستانەمان بپارێزین، ئەم هەرێمە بەرهەمی خەباتێکی سەخت و دژوار و درێژخایەن و تاڵە، بەرهەمی قوربانیدانی بێ ئەندازەی هەزاران رۆڵەی ئەم میللەتە ستەمدیدە و قارەمانەیە و بە ئاسانیش نەهاتۆتەدی و ئازاد نەبووە، کەس نکۆڵی لە بوونی کێشە و گەندەڵی ناکات، ناکۆکی سیاسی، خراپی و کەمی خزمەتگوزاری، بێکاری، گەندەڵی، کۆچ و دابەزینی متمانە لەنێوان هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومەت، بەڵام ئایا دەبێت واز لە چارەنووسی خۆمان و هەرێم بێنین و بهێڵین دوژمنان کە لە هەموو لایەک چاویان تێبڕیوە ئەم خەون و بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان بشێوێنن و هەڵیبوەشێننەوە؟ ئایا دەکرێت ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و حکومەت بکەینە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی قەوارەکە؟ نابێ لەبیرمان بچێت ئەشکەوت و شاخ و پەنای بەردێک نییە لەم کوردستانە خوێنی شەهیدێکی تێدا نەڕژابێت، رێگا و کوچە و ماڵ و گوند و شارێک نییە بۆمباران نەکرا بێت  و  چیرۆکی شەهیدێکی نەبێت! هەرێمی کوردستان هی هەموو کوردە نەک هی لایەنێک، ئەگەر لایەنێک یا سیاسەتمەدارێک هەڵەی کرد با سندوقی دەنگدان داوەر بێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات، نەک ماڵەکە بەسەر خۆماندا بڕوخێنین. ئەو ماڵەی پەنای بۆ دەبەین و هەموومان لەژێر چەتریدا کۆدەبینەوە ناوی هەرێمی کوردستانە. ئەو ناسنامەیەی کە یەکمان دەخات کورد و کوردایەتییە. هەموو شەهیدەکانمان بە خوێن و ژیانی خۆیان بۆ دووپاتکردنەوەی بوونی ئێمە نەک گۆڕینی بۆ ئاژاوە و ململانێی ناوخۆیی و ناتەبایی بوونە قوربانی. پاراستنی هەرێم بە مانای بێدەنگ بوون نییە لە بەرامبەر گەندەڵی و هەڵەکان. دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان ئەوانەی حوکمڕانی دەکەن و ئەوەی هەموومان خاوەندارێتی دەکەین. با کێشەکانمان بخەینە لایەک، لەبیریان نەکەین، بەڵکو شەڕە بچووکەکانمان دوا بخەین بۆ ئەوەی شەڕی گەورەتر نەدۆڕێنین. 

لە بیری بنیاتنانی ئایندەدا بین
ئەگەر ئەم هەرێمە نەپارێزین، ئایندەی منداڵەکانمان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر یەک نەگرین و رێز لە یەکتری نەگرین و پەرشوبڵاوبین، دوژمنانمان لاوازیی ئێمە دەقۆزنەوە و زیاتر دابەشمان دەکەن، دەبێت هەر خۆمان بەرگری لە خاکەکەمان بکەین و چاوەڕێی کەس نەکەین. دەبا بەڵێنەکەمان بۆ گەل و شەهیدە سەربەرز و نەمرەکانمان، بۆ ئەو خاکەی کە لە باوەشی گرتین و ئەو ئاڵایەی کە سەرەڕای باهۆز و رەشەباکان هێشتا هەر بڵندە و لەسەر دوندی چیا سەرکەشەکان دەشەکێتەوە، نوێ بکەینەوە. 
با دروشمی ئێمە ئەوە بێت، کێشە و ناکۆکی و ململانێ هەیە، بەڵام دەستبەرداری خاک و گەلەکەمان نابین. ئێمە رەخنە دەگرین، دژی گەندەڵی دەوەستینەوە و داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و چەسپاندنی مافی مرۆڤ و ئازادی دەکەین، بەڵام بەبێ ئەوەی ماڵەکەمان کاول و وێران بکەین. بەڵام لە هەمان کاتدا پڕۆژە نیشتمانییەکەمان دەپارێزین. با هەموومان پێکەوە بە نیازی هەڵتەکاندنی دووبەرەکی و ناتەبایی و یەکترنەخوێندنەوە، دەستکەوتەکان و هەرێمی کوردستان وەک چاومان بیپارێزن، چونکە کەرامەت و سەرفرازی و چارەنووس و ئایندە و بوون و گەشەکردنمان دەپارێزێت. بارودۆخی ئەمڕۆی گەلەکەمان، لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشداریی مەترسیی ئەم قۆناغەمان دەداتێ و دەسەڵاتدارانی لەبەردەم دیرۆکی نەتەوایەتی کورددا بەرپرس دەکات. دەکرێت بپرسین: بۆ ناحەزان و دوژمنانمان ئەوەندە وریا و ژیر بن لەپێناوی بەرژەوەندیی گەل و وڵاتی خۆیاندا، کێشە و ململانێ و ناتەباییەکانی خۆیان وەلاوە بنێن و دژی میللەتی ئێمە یەکبگرن؟، بەڵام کورد خۆی لەپێناوی ئازادی و دژ بە چەوسانەوە و وێرانکردنی نیشتمانیدا بیر لە یەکگرتنی ریزەکانی و رێکخستن و تەبایی ناو ماڵی خۆی نەکاتەوە؟ دەبا لەپێناوی خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان و چارەنووسی خاک و نیشتمان و پاراستنی ئەم هەرێمەی خۆمان، رێگەی ئاشتی و تەبایی و دیالۆگ بگرینەبەر و بەرژەوەندیی و چارەنووس و دۆزی نەتەوە و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت.

وتارەکانی نوسەر