یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌میشه له روانگه‌ی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەوە، به‌رامبه‌ر به کۆمەڵگە و تێڕوانینی خۆی کە جەماوەری به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو سه‌رکه‌وتنه‌کانی زانیوه و خاوەندارێتیی کەسانی ماندوو و تێکۆشه‌ر و گیان له‌سه‌رده‌سته قوربانیده‌ره‌کان دەزانێت.
له‌م ماوەیەدا لەسەر راسپاردەی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ی.ن.ک، تێكۆشه‌رانی یەکێتی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و خه‌ڵکانی ماندوونه‌ناس، به‌سه‌رده‌کەنە‌وه و له نزیکه‌وه خه‌باتیان به‌رز دەنرخێنن.
رێزگرتن لە قارەمانە خۆڕاگرەکانی زیندان و خەباتگێرەکانی ئەو دەم، رێزگرتنە لە مێژووی خەبات و ماندووبوونی ئەوان کە زۆرترین تەمەنی خۆیان تەرخان کرد بۆ یەکێتی و خاک و گەلەکەیان. بێگومان ئەمە ئەرکی یەکێتییانە و نیشتمانپەروەرانەیە.
گه‌ڕانه‌وه و تێڕامان له‌و پاشخانه مرۆییه‌ی که سه‌ره‌تای رێکخستنه‌کان بوونه سامان و توانایه‌کی رۆڵگێڕ له چینی یه‌که‌می رێکخستنه‌کاندا و پاشانیش بوونه بنکه‌یه‌کی پۆڵایینی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان و بناغه‌ی پته‌وی رێكخستنەکانی ئه‌و یه‌کێتییه‌ی داهێنانی له خه‌باتی نوێ‌دا هێنایه ئاراوه و رابه‌رایه‌تیشی له تاکه حزبه‌وه گۆڕی بۆ سیستمی فره‌حزبی.
جێی خۆیه‌تی هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵ و دۆستانه‌ی له زنجیره و تێهه‌ڵکێشی یه‌که‌مجاردا له بازنه رووناکبیرییه‌کان و دواجاریش له دامه‌زرانی ئەم حزبەدا، بوونه سونبولی خۆرێکخستن، له سه‌ره‌تای دامه‌زراندن و هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌ره‌وه‌ی رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیدان رۆژگارێک لە رێكخستنه نهێنییە‌کاندا بوون، بوونه بنچینه‌ی رێکخستنێکی پته‌و و به‌هێز، یاد بکرێنه‌وه و به‌سه‌ر بکرێنه‌وه و قوربانیدانیان دژ به داگیرکه‌ران به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن.
ئه‌مانه کاروانی کەسانی به وه‌فا و بە ئەمەک و دڵسۆزی یه‌کێتین، کەسانی جوامێر و به هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆشن و هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندیی خاک و نه‌ته‌وه لایان له هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک له پێشتر بووه و هه‌ندێکیان تا ئێستاش له رێکخستنه‌کاندا ماون و رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه، یان چالاکوانه‌کان وه‌ک سه‌ربازانی ون بەپه‌رۆش و خەمخۆری پاراستنی ریزه‌کانی یه‌کێتی و گه‌شه‌کردن و سه‌رکه‌وتنین و له‌و پێناوه‌دا بێ گوێدانه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییەک دڵسۆزیی خۆیان ده‌نوێنن، له کوێدا بوار بووبێت ئه‌وان ئەسپی چالاکی خۆیان تاو داوه.
هه‌ندێکێش به‌هه‌ر هۆکارێک بێت له ده‌ره‌وه‌ی رێکخستنه‌کانن، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه‌ن که هه‌میشه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رچاوه‌ی هاندان بوون بۆ ده‌نگدان به حزبەکەیان و له زۆربه‌ی چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌رییه‌کاندا به‌شداری ده‌که‌ن.
پێویستە یه‌کێتی له‌نێو هه‌موو ئۆرگانه‌کان و رێکخستنه‌کانیدا، ئه‌و خه‌ڵکه ماندوونه‌ناس و سه‌ربازه ونانه‌ی که له بازنه رووناکبیرییه ســــه‌ره‌تاییه‌کــــانیشدا به‌شــــدارییان کــــــــردووه، بیاندۆزێته‌وه و بەسەریان بکاتەوە و رێزیان لێبنرێت، ته‌نانه‌ت ئەگه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی رێکخستنن و دۆستی یه‌کێتین، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ش به هه‌ر هۆیه‌ک بێت له خه‌باتی سیاسی دوور که‌وتبنه‌وه، بە‌مه یەکێتی زیاتر ده‌بێته ئه‌و رێکخراوه دایکه‌ی که هه‌میشه له هه‌مووان ده‌پرسێته‌وه و خۆی به خاوه‌نیان ده‌زانێت، ئەو کات ئەو پێگەیەی ئێستا هەیەتی تۆکمەتر و بەرزتر ده‌بێت.